هونەرمەندێکی دێرسیمی، تابلۆکانی لەسەر بەرد و دار دەنەخشێنێت

شادی

 

کوردشۆپ- دیزاینەر و شیوەکار، موراد ئۆزان کە لە شاری دێرسیم لە باکوری کوردستان نیشتەجێیە، بە شێوەیەکی هونەری بەو پارچە بەرد و دارانەی کە لە دۆڵی مونزور و پولومور کۆیان دەکاتەوە، وێنە دەکێشێتەوە و بەرهەمی هونەری دەخوڵقێنێت.

دیزاینەری تەمەن ٤٠ ساڵ، موردا ئۆزان کە هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە لەلایەن مامۆستاکەیەوە بۆ کاری هونەری هان دراوە، ئێستا لە چەند بواری هونەریی جیاوازدا چالاکە.

موراد ئۆزان کە هەموو کاتەکانی لە کارگەی خۆی لە ناو ماڵەکەیدا بەسەر دەبات، دواجار بڕیار دەدات وێنە لەسەر پارچە دار و بەردان بکێشێتەوە.

ئۆزان لە ڕۆژدا لە کاتی دیاریکراودا دەچێتە دۆڵی مونزور و پولومور و بەدوای کەرەستەی پێویست بۆ کاری هونەریدا دەگەڕێت. ئەو پاش ئەوەی چەندین کیلۆمەتر ئۆتۆمبێلەکەی لێدەخوڕێت، لە کەناری ڕووبارەکەدا لەو دۆڵانەدا پارچە بەرد و دارەکان کۆدەکاتەوە.

موراد ئۆزان کە بەم شێوەیە دەرفەتی بینینی جوانییەکانی جیهانیشی بۆ دەڕەخسێت، وێنەی بزنە کێوی و ژیانی گوند و دیمەنی سروشت دەکێشێتەوە.

موراد ئۆزان دەڵێ بە خۆشەویستییەوە درێژە بە هونەرەکەی دەدات کە لە منداڵیدا دەستی پێکردووە. باس لەوەش دەکات کە لە شوێنی ژیانی، بەشداریی لە چالاکییە هونەرییەکاندا کردووە و ساڵانێکە وێنە لەسەر دارەکان دەکێشێتەوە.

ئۆزان ڕوونیشی کردەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا پارچە گەڵا و درەختەکان وەک تابلۆ بەکاردەهێنێت و دەڵێت: "کاتێک دەچمە ناو سروشت و دەست لە کەرەستەی ئەو ناوچەیە دەدەم، هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم. من لەسەر ئەم کارە بەردەوام دەبم بۆ ئەوەی خەڵکیش بتوانن سوودی لێ ببینن و بتوانم بەرهەمی جیاواز بخوڵقێنم. چونکە نامەوێت هەندێک لەو شتانەی کە لە سروشتدا هەن لەلایەن گەشتیارانەوە بسوتێن ولەناو بچن."

ئۆزان هەروەها دەڵێ ساڵی ڕابردوو لە ماڵەکەی خۆی دەرنەچووە و بە بەرد و لقی دار کاری جیاوازی کردووە و بەرهەمەکانی کۆ کردووەتەوە.

ئۆزان ڕایگەیاند کە بەرهەمەکانی لەو پێشانگایەدا کە لە هاویندا دەیکاتەوە دەفرۆشێت و وتی: بەشێک لە قازانجەکەم بۆ ئاژەڵە بێ ماڵ و حاڵەکان بەکاردەهێنم. ئامانجم بۆ ساڵی داهاتووش ئەوەیە هەموو ئەو شتانەی لەبارەی وێنەکێشانەوە فێریان بووم، فێری خەڵکیان بکەم. بێگومان دەمهەوێ هێندێک فێرخوازیش لە پاش من بەردەوام بن.

KURDŞOP
628 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!