دەرهێنەرێکی کورد، خەڵاتی لالەی زێڕینی فێستیڤالی فیلمی ئەستەنبوڵی بردەوە

کوردشۆپ- چل و دووهەمین فێستیڤاڵی فیلمی ئەستەنبوڵ ئەمساڵ لە لایەن دەزگای ڕۆشنبیری و هونەری ئەستەنبوڵ (İKSV) ڕێکخرا و خەڵاتی لالەی زێڕین بۆ باشترین فیلم لە ئاستی نیشتمانیدا درایە "ئایشێ پۆلات"، کە چیرۆکی فیلمەکەی تایبەتە بە "دایکانی شەممە".

لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەستەنبوڵدا، فیلمی "ئایشێ پۆلات" بە ناوی "کۆر نۆکتادا" یان "لە خاڵی کوێردا" خەڵاتی لالەی زێڕینی پێ بەخشرا.

فیلمی "لە خاڵی کوێردا" هەروەها خەڵاتەکانی باشترین فیلم و باشترین سیناریۆ و باشترین چیرۆک و ئەنیمەیشنی بەدەست هێنا. دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، دەرهێنەر "ئایشێ پۆلات" وتی: "بۆ ئەم فیلمە ئیلهامم لە دایکانی شەممە وەرگرتووە. هەروەها بە ناوی دایکانی شەممەوە خەڵاتەکە وەردەگرم. هیوادارم بەم زووانە ڕۆژی خۆش ببینین''.

لە چوارچێوەی ٤٢هەمین فێستیڤاڵی ئیستەنبوڵ، لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا ١٣٤ فیلمی درێژ و ٢٩ کورتە فیلم بۆ سینەمادۆستان نمایش کران. ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە لە ١٤ بەشدا بە بەشداریی فیلمی ١٦٠ دەرهێنەر لە ٨٤ وڵاتەوە بەڕێوەچوو.

ئایشێ پۆلات، دەرهێنەر و سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری کورد لە ساڵی 1970 لە پارێزگای مەلاتیەی باکووری کوردستان لەدایک بووە. لە ساڵی 1978 لەگەڵ خێزانەکەی بۆ کارکردن ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە و سێیەم منداڵی خێزانەکەیەتی. خوێندنی لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا تەواو کردووە و پاشان لە زانکۆی برێمن لە ئەڵمانیا زمان و ئەدەبی ئەڵمانیی خوێندووە و لە هەمان کاتدا لە زانکۆی بەرلین فەلسەفە و ڕۆشنبیریی خوێندووە. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەستی بە کاری سینەما کردووە و تا ئێستا دەیان فیلمی درێژ و کورتە فیلمی دروست کردووە و لە چەندین فێستیڤاڵی گرنگدا بەشداریی کردووە. فیلمەکەی بەناوی En Garde خەڵاتی پڵنگی زێوینی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "لۆکارنۆ" بەدەست هێنا؛ هەمان فیلم لەلایەن ڕەخنەگرانی سینەمای ئەڵمانییەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ وەک باشترین فیلمی ساڵ هەڵبژێردرا.

KURDŞOP
788 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!