کورتەفیلمێکی کوردی، خەڵاتی باشترین کورتەفیلمی فێستیڤالی فیلمی ئەستەنبوڵی بەدەست هێنا

لەم فێستیڤاڵەدا فیلمێکی درێژ، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری و ٢ کورتەفیلمی دەرهێنەرانی کورد، نمایش کران.

کوردشۆپ-  لە چل و دووهەمین فێستیڤالی فیلمی ئەستەنبوڵدا، کورتە فیلمێکی کوردی بە ناوی "ناونیشان"، لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد "ئارام دڵدار" خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی بەدەست هێنا.

فێستیڤالی فیلمی ئەمساڵی ئەستەنبوڵ بۆ جاری چل و دووهەمین، لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری و هونەریی ئەستەنبوڵەوە بەڕێوەچوو. ئێوارەی سێشەممەی ئەم حەفتەیەش بە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە ئەستەنبوڵ کۆتایی هات.

فیلمێکی کوردی بە ناوی "ناونیشان"، بەشداریی بەشی کورتە فیلمی فێستیڤالەکە کرد و وەک یەکەم فیلمی فێستیڤال دەستنیشان کرا.

باس لەوەش دەکرێ، فیلمی کوردی بە ناوی ناونیشان لە دەرهێنانی ئارام دڵدار، سەرنجێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و لایکێکی زۆری بۆ کراوە.

دەرهێنەر ئارام دڵدار سەبارەت بەم بابەتە وتی: "کورتە فیلمی "ناونیشان"م لە چەند فێستیڤالی نێودەوڵەتیدا بەشدار بوو و سەرنجێکی باشی وەرگرت و خەڵاتیشی بەدەستهێنا. فیلمەکە باس لە گۆڕینی ناوی گوندەکانی کوردستان و وەرگێڕانی ئەو ناوە کوردییانە دەکات بۆ زمانی تورکی. چیرۆکەکە بە شێوەیەکی تراژیدی کۆمیدی دەگێڕینەوە".

لە چوارچێوەی فێستیڤالەکەی ئەستەنبوڵدا لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا ١٣٤ فیلمی درێژ و ٢٩ کورتەفیلم بۆ هەوادارانی سینەما نمایش کران. فێستیڤالەکە ئەمساڵ بە بەشداریی فیلمی ١٦٠ دەرهێنەر لە ٨٤ وڵاتەوە لە ١٤ بەشدا بەڕێوەچوو.

لەم فێستیڤالەدا فیلمێکی درێژ، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری و ٢ کورتەفیلمی دەرهێنەرانی کورد، نمایش کران.

KURDŞOP
857 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!