کۆنتڕۆڵی قەڵسی و تووڕەیی





مێهری ئەدیم

تووڕەیی یەکێک لە هەستەکانی مرۆڤە. هەموومان لە ماوەی ژیانمان لە کاتگەلێکی جۆراوجۆر قەڵس بووینە. بەڵام چۆن دەتوانین بەسەر ئەم تووڕەییەدا زاڵ بین؟ دەروونناسان ڕێکارگەلێکی زۆریان بۆ کۆنتڕۆڵی تووڕەیی داناوە کە مرۆڤ دەتوانێت بە بەکاربردنی ئەم ڕێکارانە بە ئاسانی قەڵسی و تووڕەییی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات. هۆکارەکانی تووڕەبوون، ڕێکارەکانی زاڵبوون بەسەریدا و ئەو هەڵسوکەوتانە کە پێویستە لە کاتی تووڕەبووندا لەبەرچاویان بگرین لەم بابەتەدا دەخرێنە بەر باس.


هۆکارەکانی تووڕەبوون
١ـ کێشەگەلێک کە دەگەڕێنەوە بۆ خودی تاک وکوو هۆکاری دەروونی و دەرەکی، پەیوەندی، پیشە و ...
٢ـ ئەو کیشانەی ژینگە و کەسانی دیکە دروستی دەکەن.

٣ـ برسێتی و بێتاقەتی
٤ـ هەستیاربوونی لەڕادەبەدەر
٤ـ چاولێکەری و ئەنجامی ڕەفتاری هاوشێوەی دایک و باوک، کەسانی هاوتەمەن و ...
٥ـ کەمبوونی هێزی جەستە، ماندووبوونی پەیتاپەیتای جەستە و ناڕازیبوون لە دۆخی کار و ژیان بەهۆی ئەنجامی کاری دژوار بۆ ماوەیەکی دوور و دڕێژ.
٦ـ سەرنەکەوتن و نەبوونی بەرنامەڕێژی بۆ ئەنجامی کاری ڕۆژانە.
٧ـ لاوازی لە بیرکردنەوە.
 ٨ـ متمانەبەخۆ نەبوون.
 ٩ـ چاوەڕوانیی لەڕادەبەدەر لە دەورووبەرییەکان.
 ١٠ـ خۆ بە کەم زانین، سەرگەردانی و نەبوونی لێهاتوویی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان.
١١ـ کەمیی ڤیتامین.
١٢ـ قەبووڵنەکردنی ڕەخنە و ...   

ڕاهێنانی کۆنتڕۆڵی تووڕەیی وا دەکات مرۆڤ بە ئاسانی بەسەر قەڵسبوونی خۆیدا زاڵ بێت. باشترین ڕێکار بەکاربردنی تەکنیکە، بەڵام لە هەندێک کاتدا پزیشکی دەروونناس خواردنی حەب و دەرمان پێشنیار دەکات. بابەتێکی گرینگ ئەوەیە کە دەبێ لە منداڵییەوە فێر بکرێین کە چۆن دەتوانین بەسەر تووڕەبوونی خۆماندا زاڵ بین هەتا لە داهاتوودا تەندروستیی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان نەخەینە ژێر مەترسییەوە.


ڕێکارەکانی کۆنتڕۆڵی قەڵسی و تووڕەیی
دەروونناسان ڕێکارگەلێکی جۆراوجۆریان پێشنیار کردووە. کەسانێک کە ناتوانن بەسەر تووڕەبوونی خۆیاندا زاڵ بن دەتوانن بە بەکاربردنی ئەم ڕێکارانە بە ئاسانی خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن.
 

١ـ کاتێک کە تووشی تووڕەیی بوونە لە شوێنێک ئارام دانیشن و چەند هەناسەیەکی قووڵ هەڵکێشن.

۲ ـ بۆ کۆنتڕۆڵی تووڕەیی بۆ نموونە لە ۱ تا ۱۰ بەپێچەوانەوە بژمێرن. ئەم ڕێکارە لێدانی دڵ کەم و دەروون ئارام دەکاتەوە.

۳ ـ وشە و ڕستەگەلێکی ئەرێنی لەگەڵ خۆتان دووپات بکەنەوە. لە مێشکتانا ڕستەگەلێک وەکوو: من زۆر ئارامم، من دەتوانم بەسەر تووڕەبوونمدا زاڵ بم، من پڕم لە وزەی ئەرێنی، من هێمن و هێدیم و ... بڵێنەوە.

٤ ـ چالاکیگەلێک ئەنجام بدەن  کە دەروونتان ئارام دەکاتەوە، بەڕێگادا بڕۆن، پیاسە بکەن، پایسکل لێبخوڕن، یووگا و وەرزش بکەن و ...

٥ ـ گوێ لە مۆسیقایەکی دڵخوازی خۆتان بگرن و وشەکانی لەگەڵ خۆتان دووپات بکەنەوە.

٦ ـ لە شوێنێکی گونجاو و بێدەنگ دانیشن. بێدەنگیی خۆتان ڕابگرن و هەوڵ بدەن گوێ لە موسیقایەکی بێ بێژە و گۆرانی بگرن وەکوو دەنگی ئاو، باڵندە و ...

۷ ـ لە کاتی تووڕەبووندا، هەناسەیەکی قووڵ هەڵکێشن، لە قسە و دەمەقاڵە بەدوور بن و لە کاتی تووڕەبووندا بڕیار مەدەن و بە هێمنی گوێ لە قسەکانی بەرانبەر ڕابگرن.

٨ ـ کاتی خۆتان بۆ ئەنجامی کارگەلێکی ئەرێنی تەرخان بکەن کە دوور بێت لە بیرکردنەوەی نەرێنی و ناخۆش و هەروەها پڕ بێت لە وزەی ئەرێنی.
٩ـ هەندێ کات بۆ پشوودانی خۆتان تەرخان بکەن لە شوێنێک کە دوور بێت لە سترێس و کەسانی دیکە، هەتا بتوانن بەخێرایی ئارامیی مێشک و دەروونتان بەدەست بێننەوە.

۱۰ـ کاتێک کە لە کەسێک تووڕە دەبن ئەو شوێنە بەجێ بهێڵن.

۱١ـ لە کاتی تووڕەبوون پێش ئەوەی قسە بکەن، قسەکانتان هەڵسەنگێنن و بەهێوری و لە ڕووی عەقڵەوە قسە بکەن.

١٢ـ خووی خۆتان بگۆڕن و پێبکەنن.

۱٣ـ بارودۆخی بەرانبەرەکەتان لەبەرچاو بگرن و خۆتان لە جێگەی ئەو دابنێن و هاودڵیی لەگەڵدا بکەن.

١٤ـ هەوڵ بدەن لەو کەسە کە لێی تووڕە بوونە بوغزایی نەبن و لەبیری خۆتانی ببەنەوە، چون ئەگەر ئەو ناڕاحەتییە بەردەوام لە مێشکی خۆتاندا ڕابگرن و دووپاتە بیری لێ‌بکەنەوە، ناڕاحەتی و سترێس و قەڵسبوونی خۆتان زیاتر دەکات.


بەکاربردنی دەرمان بۆ کۆنتڕۆڵی تووڕەیی

بۆ کۆنتڕۆڵی تووڕەیی، پزیشکی بواری ڕۆح و دەروون بە دوو شێواز دەرمانی گیایی و کیمیایی پێشنیار دەکات کە زۆربەیان لەسەر ئەو باوەڕەن زیاتر دەرمانی گیایی پێشنیار بکەن و هەروەها ئەو دەرمانانە کە کاریگەرترن.

دەرمانی کیمیایی
بەپێی زانستی پزیشکیی بواری دەروونی، تووڕەییی هەندێک کەس دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونی ئاستی ڤیتامینی B، ڤیتامینی D، کەمخوێنی، کەمیی ئۆمێگا 3، ئاسن، زینک، سێلێنیۆم، مەنیەزیۆم و ئامینۆئەسید کە بۆ ئەم بابەتە پزیشک بەپێی تەمەنی ئەو کەسە هەندێک دەرمانی کیمیاییی پێویست پێشنیار دەکات.

دەرمانی گیایی

هەروەها دەرمانی گیایی کە بۆ چارەسەرکردنی تووڕەیی پێشنیاری دەکەن بریتین لە: دەمکردنی چای بەی و لیمۆ، گوڵە بەیبوونە، گوڵ غونچە، هێل، زەعفەران و ... ئەوڕۆکە دەروونناسان زیاتر لە ڕێگەی ناسینی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مرۆڤەوە هەوڵ دەدەن تووڕەییەکەی دەرمان بکەن و کەمتر لە دەرمان کەڵک وەرگرن.


جیاوازیی نێوان تووڕەیی و پەلاماردەری (دەساوێژی)
توڕەیی لە ڕاستیدا جۆرە هەستێکی سروشتییە، بەڵام پەلاماردەری یان دڕی، شێوازێک لە ڕفتار و هەڵسوکەوتە. هەستی تووڕەبوون لە مرۆڤدا ڕەنگە بە چاو نەبینرێت بەڵام ڕفتارێکی دەساوێژییانەی مرۆڤ بۆ کەسی بەرانبەر دەبینرێت. ئەگەر تووڕەیی لە رەفتاری مرۆڤدا نیشان بدرێت، پێی دەڵێن پەلاماردەری و کاتێک کۆنتڕۆڵ نەکرێت کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کوالیتیی ژیان، پەیوەندی و تەندروستیی تاک هەیە.
 

کۆبەند
تووڕەیی هەستێکە کە لە هەموو مرۆڤەکاندا هەیە و هەندێ جار خراپ نییە بەڵام دەبێ ئاگادار بین کە ئەو جۆرە تووڕەبوونانە کە ناگونجێن و تووشی کێشەمان دەکەن، لە خۆمان دوور بخەینەوە و ڕێکارگەلی پێویست بۆ کۆنتڕۆڵی تووڕەیی بگرینە بەر. ئەگەر نەمانتوانی بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵ بین لە ڕاوێژکار و دەروونناسانی پسپۆڕ یارمەتی وەربگرین.

KURDŞOP
464 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!