زیانەکانی بەکارهێنانی مۆبایل لەنێو منداڵان

 

مێهری ئەدیم

 

هاوکات لەگەڵ گەشەکردنی تەکنۆلۆژیا، کەڵکوەرگرتن لە مۆبایل و دنیای خوازەکی، لەنێوان مرۆڤەکاندا زۆر پەرەی سەندووە. ئەم گەشەکردنە تا ڕادەیەک باشە بەڵام هەندێ کەس بەتایبەت منداڵان لە ڕادە بەدەر لە دنیای خوازەکی کەڵک وەردەگرن و بە جۆرێکی سەرسوڕهێنەر گیرۆدەی دەبن.

باشترە بەجێگای ئەوەی منداڵەکانمان بە تەکنۆلۆجیاوە سەرقاڵ بکەین، هەوڵ بدەین پەیوەندییەکی سالم و گونجاوی لەگەڵ کەسانی دیکە بۆ دروست بکەین.

هاوپەیوەندیی تاکی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکان لە دەورانی منداڵییەوە دەست پێ دەکات وا باشترە بە شێوازێکی ڕێکوپێک ئەم پەیوەندییە دروست بکرێت.

دونیای منداڵان دنیایەکی سەیروسەمەرە و پڕە لە عەجایب. ئەم عەجایب و خولقێنەرییە کاتێک دەگاتە لووتکە کە منداڵەکان بەپێی ئەو بیر و هزرە کە هەیانە دەست دەکەن بە دۆزینەوەیان. دزەکردنی تەکنۆلۆجیا بۆ نێو دنیای منداڵانی ساوا دەبێتە هۆی ئەوەی دروستکردنی حەز و خۆلیا و خەیاڵی بەدوا بخات. هەر بۆیە پیویستە بنەماڵەکان بە لەبەرچاوگرتنی زەرەر و زیانەکانی بەکارهێنانی مۆبایل و تەبلێت، ئاگادار بکرێنەوە هەتا مندالەکانیان زووتر لە کاتی خۆی هۆگری تەکنۆلۆجیا نەبن.

هەرچەندە کاریگەریی ئەم فاکتەرانە پەیوەندیی بە چندین بژاردەی جۆراوجۆر هەیە وەکوو: تەمەنی منداڵ، ڕێژەی بەکارهێنان، ناوەڕۆک و شێوازی کەڵکوەرگرتن. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر جەستە و دەروونی منداڵەکان دابنێت کە بریتین لە:

١ــ کێشە و گرفت لە فێربوون

بەپێی لیکۆڵینەوەی دەروونناسان، منداڵانی ژێر ٢ ساڵ، دەبێ مۆبایل بەدەستەوە نەگرن. کەڵکوەرگرتنی پێشوەختە لە مۆبایل، توانستی فێربوونیان تا ئاستێک دێنێتە خوارەوە کە تەنانەت لە هەندێ کاتتدا ڕێگریی تەواو لە فێربوونیان دەکات. ئەو کێشەیە لە داهاتوودا و لە قوتابخانە زیاتر خۆی دەردەخات، بۆ نموونە منداڵ بە تایبەت لە فێربوونی وانەکانی بیرکاری و زانست زۆر لاواز دەکات.

٢ــ  گیرۆدەبوون و بەستراوەیی

وشەی گیرۆدەبوون تەنیا تایبەت بە مادە هۆشبەرەکان نییە. هەر شتێک کە بەستراوەییی دەروونی دروست بکات، جۆرێک گیرۆدەبوون بەهەژمار دێت. کەڵکوەرگرتن لە مۆبایل و تەبلێت بەهۆی لێهاتوویی زۆرەوە و سەرنجراکێشبوونی لە بواری دیتن بۆ کەسی بەکارهێنەر، بەستراوەیی یەکجار زۆر دروست دەکات و دەبێتە هۆی گیرۆدەبوونی منداڵان بە دنیای خوازەکی. ئەمەش وا دەکات منداڵ ڕۆژ بە ڕۆژ پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی خۆی بەتایبەت لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی زۆر لاواز بکات و لە بواری تەندروستیی ڕۆحی و دەروونییەوە تووشی کێشە ببن.

٣. دروستبوونی کێشە لە خەوتنی منداڵ

بەپێی لێکۆڵینەوەی توێژەران، ئەو تیشکە کە لە شاشەی مۆبایل لە چاوی منداڵان دەدات، هورمۆنی خەو سەرکوت دەکات. ئەمەش بنەڕەتیترین کێشەی کەڵکوەرگرتنی منداڵان لە مۆبایلە کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی بیر و هزر، ناهومێدی، ماندووبوونی زۆر و بێتاقەتی.

٤. زیادبوونی کێش و قەڵەوی

کاتێک منداڵ زۆربەی کاتەکانی بە جێگای ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانی کایە بکات پەنا بۆ مۆبایل دەبات، چالاکیی جەستەیی کەم دەبێت و تووشی قەڵەوی دەبێت کە لە داهاتوودا ئەگەری زۆرە نەخۆشیی شەکرە و پەستانی خوێن داوێنی بگرێت.

٥. زیان گەیاندن بە چاو

کاتێک منداڵان لە مەودایەکی زۆر کەمەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر چاو لە شاشەی مۆبایل دەکەن بەرە بەرە چاویان تووشی  کێشە دەبێت، بیناییان کەم دەبێت و ناچار دەبن چاویلکە بەکار ببەن.

٦.  دابەزینی داهێنەری یان هەمان خولقێنەری

نوقمبوون لە دونیای خوازەکی، بیر و هزری منداڵ لاواز دەکات و ئاستی خولقێنەرییان تا ڕادایەکی زۆر دادەبەزێنێت. منداڵ کاتێک هەست بەوە بکات کە هەر شتێک بیهەوێت یان هەر پرسیارێکی لەلاوە بۆ دروست ببێت بێ ئەوەی کەمێک بیری لێ بکاتەوە و مێشکی خۆی پێوە ماندوو بکات خێرا لە ئینتەرنێت بەدەستی دێنێت، بەرەبەرە ئاستی بیرکردنەوەی چالاک و خولقێنەریی دادەبەزێت و لەنێو دەچێت.

۷. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناوەڕۆکی نەگونجاو

ئەگەری زۆرە منداڵان لەگەڵ تۆڕێکی کۆمەڵایەتی، ماڵپەڕ و یان نامەیەکی نەشیاو و نەگونجاو ڕووبەڕوو ببنەوە. ئەمە وا دەکات کە سەرنجی منداڵ ڕابکێشرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لە تەمەنی زۆر کەمدا وەشوێن ئەو ناوەڕۆکانە بکەوێت کە لەگەڵ تەمەنی ئەو گونجاو نین.

٨. دابەزینی متمانەبەخۆبوون

منداڵێک کە لە لەڕادەبەدەر مۆبایل بەکار دێنیت گەشەی کۆمەڵایەتیی بەدوا دەکەوێت کە لە داهاتووی خویندنی، کاری و تاکیی، تووشی گۆڕانگاریی نەرێنی دەبێت.

۹. گەشەنەکردنی تواناییی قسەکردن

منداڵ هیچ تامەزرۆی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی نابێت و ئەمەش زیانی کۆمەڵایەتی و سۆزداریی قەرەبوونەکراوی لێ‌دەکەوێتەوە.

ئەرکی بنەماڵەکان بۆ دوورخستنەوەی منداڵەکانیان لە مۆبایل و تەبلێت چییە؟

١ــ هاندانی منداڵان بۆ هەر چەشنە چالاکییەک لە دەروەی ماڵەوە وەکوو: بردنیان بۆ پارک و کایەکردن لەگەڵ منداڵانی هاوتەمەنی خۆی، پیاسەکردن لەگەڵ بنەماڵە، ئاودانی گوڵ و گیا و ... .

٢ـ بەشداریکردنی منداڵان لە کارگەلێکی خولقێنەر وەکوو: نیگارکێشی، باخەوانی، مەلەکردن، خویندنەوەی چیرۆک.

٣ـ ئاشناکردنی منداڵ بە دنیای خوازەکی لە کاتی گونجاو، تا ئەو کاتەی منداڵ تەمەنی ژێر٢ ساڵانە نابێت لەگەڵ دنیای خوازەکی ئاشنا ببێت. بۆ سەرەوی ٢ ساڵانیش بنەماڵە دەتوانێت لە مۆبایل بۆ فێربوون و بارهێنانی منداڵەکەی لە هەندێک فیلمی تایبەت کەڵک وەربگرێت.

٤ـ لەو کاتانەی کە ئەندامانی بنەماڵە پێکەوەن، بەکارهێنانی مۆبایل قەدەغە بکرێت ئەمەش دەبێت سەرەتا لە گەورەکانەوە دەست پێ بکات تا منداڵیش فێر ببێت.

٥ـ سنووردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. لەو روانگەیەوە کە ئەگەر مندال هەر چەشنە تۆڕە کۆمەڵایەتییەک بەکار ببات، گیرۆدەی دەبێت، بنەماڵە دەبێت سنوورێک بۆ ڕێژەی ئەم بەکارهێنانە دابنێن. هەتاکوو بە تەمەنی ١٦ ساڵی و بەو ئاستە نەگەیشتوونە کە خۆیان بتوانن بەکارهێنانی مۆبایل بەڕێوە ببەن، هیچ پلەتفۆرمێک بەکار نەبەن و لە هیچ تۆڕە کۆمەڵایەتییەک بۆیان نییە لە ناردنی وێنە، فیلم، چەتکردن لەگەڵ بیانی و ... چالاک بن.

KURDŞOP
833 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!