دۆخی قەیراناویی تەندروستیی دەروونیی لاوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

- ڕۆژ قادری

 

تەندروستیی دەروونی

چەمکی تەندروستیی دەروونی لەبەرگرەوەی ڕەهەندی جۆراوجۆرە، لەوانە ڕەهەندی "سۆزیاری، دەروونی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی"، بە جۆرێک کە دەتوانین بڵێین کاریگەریی لەسەر شێوەی بیرکردنەوە، هەستەکان، شێوەی هەڵسوکەوتی ئێمە لە کاتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووداوەکانی ژیان، چۆنیەتیی بەڕێوەبەریی سترێس، شێوازی پەیوەندیگرتن لەگەڵ خەڵک و بڕیارەکانی ئێمە لە ژیاندا دادەنێت. بۆیە تەندروستیی دەروونی لە هەر قۆناغێک لە ژیاندا، لە منداڵی و مێرمنداڵییەوە بگرە هەتا گەورەساڵی و پیری، زۆر گرینگە. لەم بابەتەدا دەپەرژێینە سەر تەندروستیی دەروونیی لاوانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لێکەوتە گرینگەکانی.

پێشتر سەرۆکی ئەنجومەنی دەروونپزیشکانی ئێران گوتبووی: "نزیکەی ٣٠ لەسەدی لاوان لە ئێران کێشەی دەروونییان هەیە و ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەو ٧٠ لەسەدەکەی تر تەندروستیی دەروونیی باشیان هەیە." هەرچەند لە هیچ بوارێکدا ناتوانرێت پشت بەو ئامارانەی ببەسترێت کە ئێران و ڕێکخراوەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام بە هەمان حاڵیش، ئەو ئامارەی کە باسی لێوە کرا، بە واتای قەیرانە.

ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک لە ئێران پیشانی داوە کە باوترین نەخۆشیی دەروونی لەنێو بەرەی لاودا، خەمۆکییە. بابەتی خەمۆکی لەنێو لاواندا گرینگییەکی زۆری هەیە، چونکە خەمۆکی ژێرخانی زۆرێک لە کێشەکانی ترە لە بوارەکانی دەروونی، ڕەفتاری و کۆمەڵایەتییەوە.

بەپێی هەمان لێکۆڵینەوە، پشکی لاوان لە خەمۆکیدا دەگاتە ٣.١ لەسەد. دوای ئەوە نەخۆشییە دەروونییەکانی تری لاوان لە ئێران بە ڕیز بریتین لە: "شەڕاشۆیی ٢.٩ لەسەد، پارانوئید یان بەدگومانی ٢.٧ لەسەد، ڕاڕا یان وەسواس ٢.٤ لەسەد، هەستیاری لە پەیوەندیی دوولایەنەدا ١.٩ لەسەد، پەرێشانی ٢.١ لەسەد و ترس ١ لەسەد." لەم لێکۆڵینەوەیەدا جیاوازییەکی واتادار لەنێوان کچان و کوڕاندا نییە، بەڵام کچان زۆرتر لە کوڕان تووشی خەمۆکی دەبن و کوڕان زۆرتر لە کچان تووشی پارانوئید دەبن.

بەپێی ئامارەکان، دووەمین نەخۆشیی باو لە ئێران لە دوای نەخۆشییەکانی دڵ و دەمارەکان، نەخۆشییە دەروونییەکانە و دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، لەسەر پەرەسەندنی نەخۆشییە دەروونییەکان کاریگەرییەکی زۆری هەیە.

کۆمەڵناسانیش لەسەر ئەو باوەڕەدان کە پەرەسەندی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، گۆشەگیری، شەڕاشۆیی و هەڵسوکەوتی دژە کۆمەڵایەتی، لە زۆرینەی نموونەکاندا لە کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرن.

سەپاندن و زۆرەملێیە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بۆ دانانی تاکەکان لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژییەکی دیاریکراو، لە گرینگترین هۆکارەکانی تێکچوونی باڵانسی دەروونیی تاکەکانە. بۆ نموونە، زۆرێک لە کچان و ژنان لە ئێران ناچارن لە دەرەوەی ماڵەوە حیجابیان هەبێت و لە یاساکانی پەیوەندیدار کە بە زۆرەملێ سەپێندراوە، پێڕەوی بکەن، لە حاڵێکدا ئەم پێڕەویکردنە بە واتای قەبووڵکردنی ئەو دۆخە نییە و لە ناچارییە.

خۆکوژیی لاوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا

نەخۆشییە دەروونییەکان کە زۆر توند ببنەوە، لێکەوتەگەلێکی وەک "خۆکوژی"یان لێ دەکەوێتەوە. ئامارە فەرمییەکان لە ئێران باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی خۆکوشتن لەنێو لاوان لە ئێراندا بەرزتر بووەتەوە. بەپێی ئەم ئامارە، کەسانێک کە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن، تەمەنیان کەمتر بووەتەوە و لە شێوازگەلێکی سەیر بۆ خۆکوشتن کەڵک وەردەگرن! شێوازگەلێک کە لاوان بۆ خۆکوشتن کەڵکی لێ  وەردەگرن  بۆ خۆیان بوونەتە کەڵکەڵەیەکی نوێی کۆمەڵایەتی!

بەڵام بۆچی لاوان کە تازە بەهاری ژیانیان دەستی پێ کردووە، بە دەستی خۆیان کۆتاییی بە ژیانی خۆیان دەهێنن؟

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئامارێکدا دەڵێت: "خۆکوشتن سێزدەهەمین هۆکاری مردنە لە گرووپی تەمەنیی ١٥ هەتا ٣٤ ساڵە لە جیهاندا. لە هەر ٤٠ چرکەدا کەسێک لە جیهاندا خۆی دەکوژێت. بەڵام تەمەنی خۆکوشتن لە ئێران هەتا ئاستی قوتابییانی سەرەتایی و ناوەندیش دابەزیوە."

لەبارەی هۆکارەکانی خۆکوشتن لەنێوان لاوانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بکەین: "نەخۆشییەکان و ئاڵۆزییەکانی پەیوەندیدار بە تەندروستیی دەروونی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، بگۆڕە ژێنێتیکییەکان، قەیرانی باڵغی، گۆڕانە هۆرمۆنییەکان، نەخۆشییە جەستەییەکان و ئازارە لەڕادەبەدەرەکان، لاوازیی متمانە بەخۆبوون، هەستی بێ هیوایی، قەیرانی شوناس و ناسینی خود و...".

یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی خۆکوشتن لەنێوان لاوان و مێرمنداڵاندا، کێشە بنەڕەتییە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی دوورەدیمەنە بۆ داهاتوو. لە ئێران و کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بە ملیۆنان لاو هیچ هیوایەکیان بە داهاتوو نییە و داهاتووی کارییان ڕوون نییە. لەلایەکی ترەوە هەموو ئازادییەکیان لێ زەوت کراوە و ئایدیۆلۆژییەکی چەقبەستوویان بەسەردا سەپێندراوە، بۆیە بەرزبوونەوەی ئاستی خۆکوشتن لە وەها وڵاتێکدا دوور لە چاوەڕوانی نییە.

ڕۆژانە ٣٠٠ لاو و مێرمنداڵ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی مادەی سڕکەر دەبن

ئۆرگانی ڕێکخراوی لاوانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ئامارێکی هەژێنەر لە دۆخی خوگری بە مادەی سڕکەر ڕایگەیاند کە یەک ملیۆن کەس لە خوگران بە مادەی سڕکەر لە ئێراندا تەمەنیان لەژێر ١٩ ساڵە و تەمەنی خوگری بە مادە هۆشبەرەکان گەیشتووەتە ١٣ ساڵ.

بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەکان، ڕێژەی خوگریی لاوان بە دوو مادەی سڕکەری نوێ و زۆر مەترسیداری "کراک و شیشە" بە شێوەیەکی زۆر تۆقێنەر لە بەرزبوونەوەدایە. کێشە کۆمەڵایەتییەکان، نەخۆشییە دەروونییەکانی لێ دەکەوێتەوە، نەخۆشییە دەروونییەکانیش دەبنە هۆی خۆکوشتن و تووشبوون بە مادەی سڕکەر، بەڵام بە کورتی و بە پوختی، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی هەموو ئەمانە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە ٤٠ ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامییە کە هەموو جومگەکانی ژیانی خەڵکی خستووەتە ژێر کاریگەریی نەرێنیی خۆیەوە. هەروەها دەتوانین بڵێن کە هەم لە بوارەوە و هەم لە هەموو بوارێکی ترەوە، دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران، زۆر خراپتر و قەیراناویترە.

 

KURDŞOP
567 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!