شێوازی گفتوگۆکردن - بەشی دووەم

ڤیان خیشکار

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 

ئامانجە سەرەکییەکانی گفتوگۆکردن

ڕەنگە هەموومان بیرمان لە هەندێک ئامانجی سەرەکیی گفتوگۆکردن کردبێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو ئامانجەشمان هەرگیز بەجێ نەهێنابێت.

کاتێک لەگەڵ کەسێکدا گفتوگۆ دەکەین، ئامانجی ئەو گفتوگۆکردنە ئەم سێ خاڵەیە. یەکەم: زانینی چەند زانیارییەکی کەم سەبارەت بە کەسی بەرامبەر. دووەم: گوتنی چەند شتێکی کەم سەبارەت بە خۆمان. سێهەم: دۆزینەوەی هەندێک خاڵی هاوبەش لە نێوانماندا. تەنانەت ئەگەر لە شارێکی گەورەدا بۆ ماوەی چەند خولەک لەگەڵ کەسێکدا قسە بکەین، چەند خاڵێکی هاوبەش دەدۆزینەوە. هەر وەک چۆن جوندیس مارتن (خاتوونی ڕەوشتەکان) دەڵێت: "کاتێک گفتوگۆ دەکەن، دەبێ قسە لەسەر ئەو شتانە بکەن کە جێگای بایەخی هەردوولایە. بۆ ئەمەش دەبێ سەرنج بدەنە هەموو بیر و بۆچوونەکان تاکوو خاڵێکی هاوبەش لەنێوانتاندا دەدۆزنەوە."

با لە کاتی گفتوگۆکردندا، قسە و لێدوانەکانت جۆراوجۆر بن و پێک بێن لە: "١- دروستکردنی بیر و ڕا ٢- پرسیار کردن٣- پێشکەشکردنی زانیارییەک سەبارەت بە خۆت ٤- پرسیارکردن لەسەر شتێک لە بەرامبەرەکەت، بەڵام زۆر تایبەتی نەبێت." بە بوونی هاوسەنگییەکی باش لەنێوان ئەو چوار خاڵە گرینگەدا، باشترین گفتوگۆ بەرهەم دێت.

ئەگەر لەنێو خەڵکدا بوویت، هەوڵ بدە دەرفەتی گفتوگۆکردن بڕەخسێنیت. هەوڵ بدە کەسە بێدەنگەکان بدوێنی و نەهێڵیت بێدەنگ لە سووچێکدا بن و قسەیەکیان لەگەڵ بکە کە جێی بایەخ بێت. لەنێو خەڵکدا خۆشەویست و ڕووخۆش بە، ئاسوودە و قسەخۆش و نەرم‌ونیان بە، بەڕێز و بیرفراوان بە، ئەگەر ڕووت خۆش نەبێت و نائاسوودە بیت ئەوە خەڵک لێت دوور دەکەونەوە.

پەیوەندیی چاوەکان

ئەگەر لە کاتی قسەکردندا نەتتوانیوە سەیری چاوی بەرامبەرەکەت بکەیت، بێگومان هەست بەوە دەکەیت ئەم کارە چەندە دەبێتە هۆی شڵەژاوی. لەو کاتانەدا هەوڵ دەدەیت خۆت لە چاوی کەسانی تر بە دوور بگریت و بکشێیەوە. ئەگەر هەست بە نائاسوودەیی دەکەیت لەوەی کە لە کاتی قسەکردندا ناتوانیت سەیری چاوی بەرامبەرەکەت بکەیت، هەوڵ بدە لەگەڵ خێزان و هاوڕێ نزیکەکانت ڕاهێنانی لەسەر بکەیت تاکوو بتوانی لە ڕێگای چاوەکانتەوە لەگەڵ خەڵکدا پەیوەندی پێک بهێنیت.

تێکەڵی و لەباوەشگرتن

هەندێک خەڵک لایان ئاساییە کە لەگەڵ ئەو کەسەیدا کە گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەن، تێکەڵ ببن. یەکێک لەو کەسانەی کە شارەزاییی لەم بوارەدا هەیە بەم شێوەیە ڕێنوێنیمان دەکات: "گەر ناتوانیت کەسانی دیکە لە باوەش بگریت، لانیکەم هەوڵ بدە ئەو پەیامەی کە ناتوانی لە ڕێگەی لەباوەشگرتنەوە بیگەیەنیت، لە ڕێگەی ڕووخسارتەوە یان تۆنی دەنگتەوە یان قسەکانتەوە بیگەیەنیت." بێگومان ئەمە بیروڕای یەک کەسە. هەرچەندە ئێمە جگە لە تەوقەکردن، خۆمان لە ئامێزگرتنی ئەو کەسانەی کە لێمان نزیک نین بەدوور دەگرین.

تێکەڵاوبوون لەگەڵ خەڵکدا

یەکێک لە یاسا گرینگەکانی گفتوگۆکردن لە شوێنی کار یان کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەیە لەلای کەسێکەوە بچیت بۆ لای کەسێکی تر یان لە کۆمەڵێکی بچووکەوە بچیت بۆ لای کۆمەڵێکی تر، واتە ئامانجەکە ئەوەیە بە لانیکەمەوە کەمێک کات لەگەڵ هەموو ئامادەبوواندا بەسەر ببەیت. ئەگەر هەستت بەوە کرد کەسێک دەیەوێی خۆی لە تۆ بەدوور بگرێت یان گوێ بۆ قسەکانت نەگرێت، ئەوا تۆ دەتوانیت لێی دوور بکەویتەوە و بە جێی بهێڵیت.

کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکردن

زۆربەی گفتوگۆکان بە شێوەیەکی خۆش و ئاسان و ئاسایی کۆتایییان پێ دێت، بە تایبەت کاتێک گفتوگۆکەرەکان هەست بەوە دەکەن کە کاتی ئەوە هاتووە ئەو کەسانە بگۆڕن کە قسەیان لەگەڵدا دەکەن و بچنە لای کەسانی دیکەوە. لەنێو کۆمەڵێکی بچووک و نزیکدا، ماڵاوایی لە یەک بە یەکی ئامادەبووان دەکەیت. ئەگەر لە کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا بانگهێشت کرایت، هەر ئەوندە بەسە سپاسی ڕێکخەری کۆڕ یان کۆبوونەوەکە بکەیت و ماڵاوایی لەو کەسە بکەیت.

ئەم گوتارە درێژەی هەیە...

سەرچاوە:

کتێبی The Art Of Taling To Anyone لە نووسینی Rosalie Maggio

 

KURDŞOP
492 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!