شێوازی گفتوگۆکردن – بەشی یەکەم

ڤیان خیشکار

هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی هەر یەکە لە ئێمە نەتوانێت ببێتە گفتوگۆکەرێکی باش. زۆربەی خەڵک لەو باوەڕەدان کە قسەکردن بە شێوازێکی ڕەوان و گونجاو کلیلی سەرکەوتنی تاکە، بێگومان لەنێو کۆمەڵگەدا، جا لە هەر کوێ بێت، ئەگەر گفتوگۆکەرێکی باش بیت، ئەوا دەبێتە هۆی نەتەنیا سەرکەوتن، بەڵکوو دەبێتە هۆی دڵخۆشیشت.

هەموو تاکەکان بە درێژایی تەمەنیان توانای گفتوگۆکردنیان هەبووە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە چۆن بتوانین لەمەودا گفتوگۆکەرێکی باش و کامڵ بین.

لێرەدا باس لە خاڵە لاوازەکانی گفتوگۆکردن و چۆنیەتیی گفتوگۆیەکی دروست دەکەین. هونەری گفتوگۆکردن لەگەڵ خەڵکدا پێش ئەوەی بڕۆیتە ئەو شوێنەی کە ئاواتەخوازی تێیدا بە باشی و زیرەکی قسە بکەیت، دەست پێ دەکات.

پێویستە هەمووکات قەناعەت بە خۆمان بکەین کە هەڵوێست و ڕوانگەیەکی ئەرێنیمان هەبێت و بۆ ئەمەش دەبێ لە پێشدا بڕیار بدەین کە خاوەنی هەڵوێستێکی ئەرێنی بین. هەموو تاکێک سەبارەت بە هەندێک لە بڕیارەکانی تووشی دوودڵی دەبێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە کۆبوونەوە، ئاهەنگێک یان لە چاوپێکەوتنێکدا هەست بە باشی و ئاسوودەیی بکەین، ئەوا دەبێ بە هەڵوێستێکی ئەرێنییەوە ئامادە ببین.

"ڕیک پیتینۆ"، ڕاهێنەرێکی بەسکتباڵی خەڵکی ئەمریکا، لەبارەی هەڵوێستی ئەرێنی، دەڵێت: "کەسە ئەرێنییەکان لە جیهاندا کەسانێکی سەرکەوتوون."

هەموومان گوێمان لەو قسەیە بووە کە دەڵێن، ئەگەر قسەیەکت بۆ گوتن نییە لەو کۆبوونەوەدا بەشدار مەبە، ئەگەریش بەشداریت کرد، بێدەنگی هەڵبژێرە. بۆ ئەوەی لە قسەکردندا پەکمان نەکەوێت و قسەیەکمان بۆ گوتن هەبێت، دەبێ ئاگاداری ڕووداوەکانی دەوروبەرمان بین، دەبێ گوێ لە ڕادیۆ و هاوڕێ و گوتارەکان بگرین و ڕۆژنامەکان بخوێنینەوە یان بەردەوام بەدواداچوون بۆ هەواڵە کەلتووری و ڕۆشنبیرییەکان بکەین. ئەگەر زانیاریمان لەسەر ڕووداوەکان و پێشهاتەکانی دەوروبەرمان هەبێت، ئەوە دەتوانین قسە بکەین و ڕای خۆمان دەرببڕین.

بەدڵنیایەوە نابێ کاتێک دەست بە قسەکردن دەکەین هەرچی دەزانین بیڵێین، ئەگەر ویستمان بێدەنگی بشکێنین و قسە بکەین، ئەوا باشترە گفتوگۆکردنەکەمان بە پرسیارەوە دەست پێ بکەین. بۆ نموونە دەتوانین بپرسین هەواڵە گرینگەکەی ئەم بەیانییەت لە ڕۆژنامە خوێندەوە یان ڕای تۆ سەبارەت بە لێدوانی فڵانە کەس چییە؟

ئەگەر زانیمان کەس وڵام ناداتەوە یان حەزیان لە باسەکە نییە، ئەوا ئێمە دەتوانین قسەکەمان بگۆڕین یاخود بەپێی وڵامی بەرامبەرەکەمان درێژە بە گفتوگۆکردن بدەین.

باوەڕبەخۆبوون لە ئاخاوتندا زۆر گرینگە، باوەربەخۆبوون تاکە بنەمای گرینگی بوون بەو کەسەیە کە خەڵک دەیەوێت گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن. کاتێک بۆ کۆڕ و کۆبوونەوەیەک بانگهێشت دەکرێیت، هەوڵ بدە بە متمانەبەخۆبوون و دڵێکی خۆشەوە جیتەب ئەو کۆڕەوە، بیر لەوە مەکەوە کە ئەندامانی کۆڕەکە خۆشیان لە تۆ دێت یاخود لەگەڵت ئاسوودەن.

مرۆڤ خاوەن هەر هەڵوێستێک بێت دەوروبەرەکەی بەپێی ئەو هەڵوێستە هەڵیدەسەنگێنن، ئەگەر ئەو تاکە پێی وابێت هیچ شارەزاییەکی کۆمەڵایەتیی نییە، ئەوا خەڵکیش هەمان بڕوایان لەلا دروست دەبێت. خەڵک دەبێتە ئاوێنەی هەستەکانی تاک، ئەگەر کەسێکی بێزارکەر و پەرێشان بیت، ئەوە خەڵکیش هەمان هەستی بەرامبەرت هەیە. بیر کردنەوە و ڕوانگەمان هەر جۆرێک بێت، ئەوا خەڵکیش هەمان بیرکردنەوەی سەبارەت بە ئێمە هەیە.

هەموو هات دەلێن کەم قسەکردن باشترە، ئەو کەم قسەکردنە بۆ ئەوە باشە کە ئەوانەی لەگەڵمانن هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی بکەن. ئەگەر گفتوگۆکەرێکی نیگەران بین، ئەوا خەڵک وا بیر دەکەنەوە کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە شارەزاییەکی کەممان هەیە. هەموومان دڵنیاین کەسێک شارەزاییەکی کۆمەڵایەتیی کەمی هەبێت، هیچکات نابێتە ئەستێرەی کۆڕ و کۆبوونەوەیەک.

دەبێ لە هەر جێگایەک هەین بە جۆرێک هەڵسوکەوت بکەین و قسە بکەین کە متمانەیەکی زۆرمان بە خۆمان هەیە و وا قسە بکەین خەڵکەکە چێژ لە ئاخاوتنی ئێمە ببینن. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە ئێمە لای هەمووان خۆشەویست نین.

لە کاتی گفتوگۆکردندا دەبێ ئاگاداری زمانی جەستەمان بین، جووڵەکانی جەستە هەرگیز درۆ ناکەن. کاتێک دەچینە نێو کۆبوونەوە و دانیشتنێکەوە، جەستەی ئێمە خەریکە هەموو زانیارییەک لەسەر ئێمە بە ئەوانی تر دەڵێت. کاتێک کەسێک زۆر بەپەلە دێتە نێو کۆبوونەوە و تووشی شڵەژان بووە یان ئەو کەسەی کە لە سووچێکدا بە تەنیا دانیشتووە و خۆی مات کردووە و پێی خۆشە کەسی تر سەرنجی نەدات، ئەم جۆرە هەڵسەوکەوتە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەو کەسە خاوەن هەڵوێستی ئەرێنی نییە و ناتوانێت گفتوگۆکەرێکی باش بێت.

کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک لە جووڵەکانی جەستە کارێکی سەختە، بۆ نموونە:

سووربوونەوەی ڕووخسار

چاوتروکاندن بە شێوەیەکی خێرا

جووڵە نەخوازراوەکانی ڕووخسار

تێکچوونی ماسولکەکانی ڕووخسار

تاکە چارەسەری ئەم بابەتە ئەوەیە کە لەسەر متمانە بەخۆبوونمان و بردنە سەرەوە ئاستی ئاسوودەییمان کار بکەین.

خاڵێکی دیکە کە گرینگە ئەوەیە ئاگاداری ئەوە بین کە چی دەکەین و هەوڵ بدەین لەو کەسانە نەبین کە دوودڵن و هیچ بیرۆکەیەکیان نییە، جووڵەی زۆر و بەردەوام لە نائارامی و نیگەرانییەوە سەرچاوە دەگرێت.

لە کاتی گفتوگۆکردندا نابێ خۆمان وا نیشان بدەین کەوا بەپەلەین یان سەرقاڵین، ئەگەر گرینگی بە گوتەی بەرامبەرەکەمان نەدەین و خۆمان سەرقاڵ بکەین، ئەوا جۆرێکە لە بێڕێزیکردن.

ئەم گوتارە بەردەوام دەبێت...

سەرچاوە:

کتێبی The Art Of Taling To Anyone لە نووسینی Rosalie Maggio

KURDŞOP
763 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!