گەشەی منداڵ و قۆناغەکانی

 

-کازیوە ڕەشی

 

گەشەی منداڵ لە یەکەم ڕۆژی تەمەنییەوە دەست پێ‌ دەکات و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەستی پێ‌ دەکرێت. گەشەکردن لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازە، ئەمەش بەپێی خودی منداڵەکە ‌و چۆنیەتیی گرنگی پێدان ‌و مامەڵەکردن لەگەڵیدا دەگۆڕێت. هەروەها گەشەی هەر منداڵێک پێکهاتووە لەگەشەی "لەش و مێشک". ئەگەر هات و هەر یەکە لەوانە بە باشی گەشەی نەکرد، ئەوا ئەو منداڵە گەشەی نائاسایییە. کەمبوونی ڤیتامینەکان و نەخۆشییە درێژخایەنەکان و  بەدخۆراکی و ئێسکەنەرمە، کاریگەرییان لەسەر گەشەی منداڵەکە دەبێت.

گەشەی منداڵ دەکرێت بە “دوو” بەش:

یەکەم: گەشەی "لەش" کە پێکهاتووە لە باڵا و کێشی منداڵ.

دووەم: گەشەی "مێشک" کە پێکهاتووە لەو کردەوانەی لەکاتێکی دیاریکراوی تەمەنیدا منداڵ دەبێت بیانکات. گەشەی منداڵ لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازیی هەیە تەنانەت لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تریش جیاوازە؛ چونکە تایبەتمەندییەکانی هەر کەسێک، پەیوەندیی بە بۆماوەییەوە هەیە کە لە دایک و باوکەوە بۆ منداڵەکە دەمنێتەوە.

پێویستە دایک و باوک لایەنی کەم سێ مانگ جارێک لە ساڵی یەکەمدا واتا سێ بۆ چوار جار منداڵەکە ببەن بۆ لای پزیشکی پسپۆڕ بۆ ئەوەی منداڵەکە ببینێت و لەسەر چارتەکەی دابنێت و کێش و باڵای بپێورێت. ئەمانە وا دەکەن بزانین گەشەی منداڵەکە ئاساییە، هەروەها وادەکەن پێشگیری لە دواکەوتنی گەشەی منداڵ بکرێت.

قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ چیین؟

یەکەم ساڵی گەشەکردنی منداڵ به چەند قۆناغدا تێدەپەڕێ و گەشەکردنیشی لە هەردوو لایەنی "جەستەیی و دەروونییەوە" دەست پێ دەکات. دەتوانین یەکەم ساڵی گەشەکردنی منداڵ بە کاتی گەشەکردنی سەرەکی ناو ببەین. قۆناغەکانی گەشەی منداڵ ئەوانەن:

١ - بزە: تەمەنی "دوو" مانگی

ئەویش بزەی ئامانجدارە بە بینینی ڕووخسار و بیستنی دەنگی تۆ منداڵەکە هەست دەکات و بزەی دێتێ.

٢- پێکەنین: تەمەنی "چوار"مانگی

لەو تەمەنەدا لەوانەیە خۆشترین و سەرنجڕاکێشترین دەنگ لە ژیانتدا ببیستی، ئەویش دەنگی پێکەنینی منداڵەکەتە. ئیدی منداڵەکەت زۆرتر پێدەکەنێت و کەمتر دەگری.

٣- نووستنێکی ئارامتر: تەمەنی "شەش"مانگی

لەو تەمەنەدا منداڵەکەت خەوێکی ئارام و رێکوپێکی شەوان فێردەبێت و ڕێگە دەدات دایکی شەوێکی ئارامتر بەڕێ بکات.

٤- دانیشتن: تەمەنی "هەشت" مانگی

لەو تەمەنەوە منداڵەکەت هەمیشە بە پاڵکەوتوویی نابینی، دەتوانێت دابنیشێت و بە دانیشتنەوە خۆی ڕاگرێت.

٥ -  گاگۆڵکێ: تەمەنی "نۆ" مانگی

زۆربەی منداڵەکان لە تەمەنی نۆ مانگیدا بە بەکارهێنانی جووڵەی دەست و پێیان دەست بە گاگۆڵکێ دەکەن، بەڵام ژمارەیەکی کەمی منداڵ هەرگیز گاگۆڵکێ ناکەن و چاوەڕێی پێگرتن دەکەن.

٦- بای بای: تەمەنی "نۆ بۆ دە" مانگی

بای بای کردن بە دەستە بچووکەکانی، کردەوەیەکی هەروا ئاسان نییە. بەڵکوو ئەوە دەگەیەنێت کە منداڵەکە فێر بووە پەیوەندییەک دروست بکات لەنێوان هەر سێ ڕەگەزی دەنگ و ئاماژە و مانادا.

٧-  خواردن: تەمەنی "نۆ بۆ دوازە" مانگی

منداڵ لەو تەمەنەدا ئاسانتر کۆنتڕۆڵی جووڵەی دەست و پەنجەکانی دەکات. دەتوانێ پارچەی بچووک بە پەنجەکانی بگرێت و دەستی بۆ دەمی درێژ بکات. بەهۆی ئەم فێربوونە نوێیەوە دەست بۆ هەر شتێک دەبات بێتە بەر دەستی، بۆیە گرنگە لەم تەمەنەدا دەوروبەری منداڵەکە لە هەر شتێکی مەترسیدار بپارێزرێت.

٨- پێگرتن: تەمەنی "دوازدە" مانگی

لە دوازدەهەمین مانگی تەمەنیدا هەڵدەستێتە سەر پێ و کەمێکیش ڕادەوەستێت. ئەگەر دەستی بە دیوار یان شتێکی هاوشێوەوە بێت، ئەوا چەند هەنگاوێکیش دەنێت.

٩- هەنگاونان: تەمەنی "سێزدە" مانگی 

هیچ شتێک هێندەی بینینی یەکەمین هەنگاونانەکانی منداڵی خۆت جوان نییە. تێکڕای تەمەنی هەنگاونانی منداڵ، تەمەنی سێزدە مانگییە، بەڵام ئاساییە لە هەر شوێنێکی نێوان تەمەنی "٩ تا ١٧" مانگیدا ڕووبدات.

١٠- وشە فێربوون

هەر لە سەرەتاکانی تەمەنی یەک ساڵیدا دەتوانێ وشەیەک یان زیاتر بە دروستی بڵێ وەک “بابە، دادە، نەنە” و هەوڵ دەدات لاسایی وشەی کەسانی گەورەش بکاتەوە.

ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر گەشەی منداڵ هەیە

یەکەم: "لەکاتی دوو گیان بوون"دا سەردانی کردنی دایک بۆ لای پزیشک و جۆری خواردنەکانی و خۆپاراستنەکانی هەموو ئەمانە لەکاتی خۆیدا بێت و بەشێوەیەکی تەندروست  بێت. لەدوای لەدایک بوون پێدانی شیری سروشتی واتە شیری دایک باشترین جۆری خواردن و خواردنەوەیە. پێویستیی گەشەی منداڵت دەداتی تا شەش مانگی یەکەم، دایک و باوکان دەبێت بزانن دوای شەش مانگی یەکەم شیرەکە چەندە باش بێت و زۆر بێت ناتوانێت پێداویستییەکانی منداڵەکە زیاد بکات، بۆیە دەبێت لەگەڵ ئەوەدا خواردنی پێ بدرێت. هەندێ جاریش کەمیی ڤیتامین و ئەو بەدخۆراکییانەی تووشی منداڵ دەبێت و نەخۆشییە درێژخانەکانی گورچیلە و ریخۆڵە و نەخۆشیی شەکرە و ئێسکە نەرمە و کەمیی مادەی ئاسن، کاریگەریی لەسەر گەشەی منداڵەکە هەیە.

دووەم: دوای شەش مانگی باشترین کاتە بۆ ئەوەی لەگەڵ شیر خواردن بدرێت بە منداڵەکە، پێویستە خواردنەکان تەندروست و ڤیتامیندار بن. خۆراکی منداڵ دەبێ سەرەتا بەڕێژەیەکی کەم بێت و ماوەی سێ ڕۆژێک لەسەر ئەو خۆراکە بەردەوام بێت تا بزانرێت منداڵەکە بەچ خواردنێک هەستیارە و پێی ناکەوێت  تا لە پێدانی بە منداڵ دووربکەونەوە. ئەم خواردنانە کاریگەرییان لەسەر گەشەی منداڵ دەبێت، چونکە خواردنە بەسوودەکان ڤیتامینات و ماددەی ئاسن و هەندێ سەرچاوەی پڕۆتینات پێویستن بۆ گەشەی منداڵەکە. لەگەڵ هەندێ خوێی تایبەت کە بۆ زیندەچالاکیەکانی لەش پێویستە، هەموو ئەم خواردنانە بە رێژەیەکی دیاریکراو کاریگەرییان لەسەر گەشەی جەستە و مێشکی منداڵەکە هەیە.

سێیەم: "خەو" یەکێکە لە بنچینە سەرەکییەکانی گەشە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەی منداڵ هەیە، هۆڕمۆنی گەشە لە کاتی خەودا زیاتر چالاک دەبێت. باشترین کاتی خەوتن بۆ منداڵ لە نێوان ٨ی ئێوارە بۆ ٦ی بەیانییە، ئەو ماوەی خەوە زۆر بەسوودە بۆ گەشەی منداڵ، بۆیە باشتر وایە دایک و باوکان منداڵەکانییان زوو بخەوێنن.هەروەها باشتر وایە دایک و باوکان خۆیان بە دوور بگرن لە بەکارهێنانی شڕوب یان قەترەی خەو بۆ خەوتنی منداڵ چونکە باش نیە و کاریگەریی لەسەر گەشەی مێشکی منداڵ هەیە.

ئەو خۆراکانە چیین کە بەسوودن بۆ گەشەکردنی منداڵ؟

وەک چۆن خواردن گرنگە بۆ گەشەی منداڵ بەهەمان شێوە پێویستە لەسەر دایک بۆماوەی شەش مانگی تەواو یاخود دوو ساڵ شیر بدات بە کۆرپەکەی، هەروەها دوای تەمەنی شەش مانگی دایکان دەبێت لیستێکی خۆراکی دیاری بکەن بۆ پێدانی خواردن بە کۆرپەکەیان، ئەوخواردنانەی کە زۆر گرنگە بدرێن بەمنداڵ ئەمانەن

ـ مۆز: بەپێی ئەوەی وزەیەکی زۆری تێدایە، یارمەتیی زیادکردنی کێشی منداڵ دەدات، هەروەها دەوڵەمەندە بە “فایبەر، پۆتاسیۆم، ڤیتامین و کانزاکان”.

ـ ئەڤەکادۆ: یەکێکە لەو میوانەی ژمارەیەکی زۆر سوودی هەیە بۆیە یارمەتیی زیادبوونی گەشەی منداڵ و زیادبوونی کێشی دەدات.

ـ پەتاتەی شیرین: ڕێژەیەکی زۆر کەم چەوریی تێدایە، دەوڵەمەندە بە “فایبەر، مەگنسیۆم، پۆتاسیۆم، ڤیتامین،B6  هەروەها ڕێژەیەکی زۆریش ڤیتامین A و C”تێدایە کە زۆر گرنگن لەزیادبوونی گەشەی مناڵ و زیاد بوونی کێشی منداڵ.

ـ  پەنیر: بە چەورییەکی سوود بەخش دادەنرێت. یارمەتیی گەشەی مێشکی منداڵ دەدات، هەروەها دژە هەوکردنە و زۆر بەسوودە بۆ بەهێز بوونی بەرگریی لەش.

KURDŞOP
4000 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!