بابەتە بێنرخەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بینەرانی لە کوردستان

ئاسۆ ئەسعەدی

لە دونیای ئەمڕۆدا زۆربەی کات سنووری نێوان بێنرخی و بایەخ بەقەد تاڵێک قژ باریک دەبێتەوە، هەر بۆیە لێک جیاکردنەوەی بۆ هەمووکەس ئاسان نییە. لە هەر وڵات و کۆمەڵگەیەکدا نموونەکانی بێنرخی بەپێی کولتوور و باوەڕ و داب و نەریتەکانی ئەو کۆمەڵگەیە پێناسە دەکرێت، هەر بۆیە زۆرجار دەبینین ئەو شتەی کە لای ئێمە بە بێنرخ ناسراوە لە شوێنێکی تر لە جیهاندا بێنرخ و قەدەغە نییە و بەپێچەوانە.

"میلان کوندێرا" نووسەر و فەیلەسووفی چێکۆسلۆڤاکیایی بەم شێوە باس لە بێنرخی دەکات: "بێنرخی دیاردەیەکە لە کۆمەڵگە کە دڵڕاکێشیی لەڕادەبەدەری بۆ هەمووان هەیە". کوندێرا ئەم دیاردەیە بە دڵڕاکێشیی حاشاهەڵنەگری بێنرخی ناو دەبات.
بە گوێرەی ئەم بۆچوونەی کوندێرا، خەڵک حەز و ئارەزوویەکی تایبەتیان هەیە بۆ هەر شتێکی ئاستنزم، کۆنەپەرستانە و ناتەواو. وەک نموونە، فیلمگەلێکی گریانهێنەر و خەمبار و بێمانا و بێناوەڕۆک وەکوو زۆربەی بەرهەمە تورکییەکان، پەراوێزە ئاساییەکانی ژیانی سێلێبریتییەکان و وەرزشوانەکان، دەبێتە حەز و بابەتێکی دڵڕاکێش بۆ تاک و بنەماڵەکان.

دۆخەکە لێرەدا قەیراناویتر دەبێت کە جیهان لە هەنووکەدا و بە تایبەت لە دەیەی ڕابردوودا بەهۆی گەشەی دونیای خوازەکی و هاتنە ئارای لایک و فاڵۆوێرەکان، لەم بابەتەدا زۆر ئاڵۆزتر بووە. دڵڕاکێشیی بێنرخی تەنیا لە یەک شتدایە، ئەویش خۆشیی کاتییە. بەداخەوە کۆمەڵێکی زۆر بەتایبەت لە گەنجانی کورد بۆ ساتێک خۆشی هیچ شتێک ڕەچاو ناکەن و  کەسانێکی گاڵتەچی و قەشمەڕ و سووک و بێنرخ، بایەخدار دەکەن. دواجار کێبڕکێی بێنرخی دەسپێدەکات و هەرچەند بێنرختر، خۆشەویستتر و لایەنگری زۆرتر. هەر بۆیە ئەو شتانەی کە لە ئەمڕۆدا دەیبینین تەنیا بێنرخی نییە بەڵکوو ماڕاتۆنی بێنرخییە، ئەمەش بەهۆی ڕەوشی ژیانی مرۆڤەکانە کە دەیانەوێت لە هەنووکەدا ژیان بەسەربەرن، هەڵبەت لێرەدا ژیانکردن لە هەنووکە مەبەست لە واتا ئەرێنییەکەی نییە، بەڵکوو ژیانێکە بۆ هەڵاتن و بیرنەکردنەوە لە داهاتوو و خۆشاردنەوە لە ڕابردوویان.



لە بەرهەمهێنانەوە بۆ بەکارهێنان؛

بێنرخی دوو سەری هەیە، یەکیان بەرهەم دێنێت و یەکیان بەکاری دەبات. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام، ئەوانەی کە خەریکی قەشمەڕی و گاڵتەجاڕی و جنێوفرۆشتنن دەیان هەزار فاڵۆوێریان هەیە لە حاڵێکدا کە ناوداران و زانایانی کورد و هونەرمەندە ڕاستەقینەکانی کوردەواری تەنیا ڕێژەیەکی کەم دەیانناسن و لایەنگرێکی کەمیان هەیە. بەردەوام دەبینین کە بینەری فیلم و دراما بێنرخە تورکییەکان و ئەو هەمووە مۆسیقا و گۆرانییە هەڵیتوپەڵیتانەی کە ڕۆژانە بڵاو دەبنەوه چەندە زۆرن.

ئەم بابەتە بووە بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردەواری، بە تایبەت کاتێک دەبینین کە دەوڵەتە دیکتاتۆر و داگیرکەرەکانی وەکوو ئێران و تورکیە  ئەمەیان بە هەل زانیوە و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و بەلاڕێدابردنی بنەماڵەکانی کورد کە پیکهێنەری کوردستانن، کەڵکیان لێ وەرگرتووە. ئەوان باشترین مەجال و دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ ئەم کەسانە کە بتوانن لە هەموو بوارێکدا زۆرترین بەرهەمی بێنرخیان هەبێت تاکوو بایەخەکان بە تەواوی لەبەر چاو ون بکەن و بەتایبەت لاوانی کۆمەڵگەی کوردستان لەنێو ئەم بێنرخییەدا نوقم بکەن.
لەلایەکی دیکەوە هەندێک جار هونەرمەندە کوردەکانیش دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم بابەتەوە و بۆ قازانجی زۆرتر ڕوو لە بەرهەمهێنانی بێنرخییەکان دەکەن.

ئایا دەتوانین پێش بە ئەم کارەساتە بگرین؟

بێگومان ئەخلاق و کردەوە و بەشێکی زۆر لە کەسایەتی هەر تاکێک لە منداڵی و لەلایەن باوک و دایک لە بنەماڵەدا شێوە دەگرێت، بۆیە پەروەردەی چاک و پێناسەی دروستی بەها و بایەخەکان و لەلایەکی دیکەوە  لێکجیاکردنەوەی بێنرخی و بایەخەکان تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانێت لە مێشکیاندا سەقامگیر بکرێت.

بەڵام ئێمەش لە بەرامبەر خۆمان و کۆمەڵگە دەبێت کە خۆ بە بەرپرسیار بزانین و فێر بین کە بۆ کات و ژیانی خۆمان بایەخ دابنەین و ڕێگە نەدەین کە ئەو کاتە بەنرخەی وا هەمانە، بە خوێندنەوە و بینین و بیستنی شتە بێنرخەکان بە فیڕۆ بڕوات.

هەروەها دەبێ هەوڵ بدەین بابەتی بەنرخ کە پڕن لە فێرکاریی دروست و بەسوود بڵاو بکەینەوە و بەپێچەوانەش  لە بڵاوکردنەوەی شتە بێنرخەکان بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوورەپەرێزی بکەین، تا زنجیرەی دوور و درێژی بێنرخییەکان لە کاتێکدا کە دەگەنە لای ئێمە بپچڕێنین.


کۆتایی؛
ڕەنگە بتوانین کە بێنرخییەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە بەشێک لە شەڕی نەرمی وڵاتانی داگیرکەری جوگرافیای کوردستان بزانین، بۆیە پێویستە لە بەرامبەریشدا دژکردەوەیەکی گونجاو بەم بابەتەمان هەبێت کە لە درێژخایەندا و بە هەبوونی بەرنامەی گونجاو بۆ بنەماڵەکان بەشێوازێکی بنەڕەتیی بەرەوڕووی ئەم شەڕە بینەوە،
شەڕێک نە بۆ داگیرکردنی خاک و جوگرافیا، بەڵکوو بۆ داگیرکردنی دڵ و مێشکی تاکی کورد.

 

KURDŞOP
584 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!