جۆرەکانی "مرەبا" لەلای کوردان

ئاراس حسۆ

ساڵانە لە وەرزی هاویندا خەڵک دەیان خواردنی جیاواز بۆ وەرزی زستان ئامادە دەکەن؛ وشکراوەکانی وەک تەماتە، کولەکە، تفت، بیبەر، ترێ و هەنجیر و هتد. هەروەها خواردنەکانی وەک پەنیر، ترشیات، دمس، مرەبا و برخور و هتد بە شێوازی جیاواز. لە هەر ناوچە و هەرێمێکی کوردستان، بۆ تام و چێژیان، شتێکیان پێ زیاد یان کەم دەکەن. بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم خواردنانە تەنیا لەنێو کورداندا نین، بەڵکوو لەنێو گەلانی وەک عەرەب، تورک و فارسیشدا دەبینرێت. بەڵام بەهۆی پەیوەندیی کورد بە سروشتەوە، ئەم خواردنانە زۆر لە کوردەوە نزیکن و ساڵانە دروست دەکرێن.

لەنێو ئەو خواردنانەدا باس لە دروستکردنی جۆرەکانی مرەبا دەکەین. ئەم جۆرە شیرانییانە لە خواردنی جیاوازی وەک هەنجیر، ترێ، مێوژ، بایجان، گوڵ، گێڵاس، قەیسی و پرتەقاڵ و... دروست دەکرێن. خواردنیان وەک یەکە، بەڵام هەریەکەیان شێواز و تامێکی جیاوازیان هەیە.

چۆنیەتیی دروستکردنی مرەبا

هەموو ئەو جۆرانەی باسمان کرد، نزیک بە یەک شێواز دروست دەکرێن، بەڵام هەریەکەیان بە شێوەیەکی جیاواز دروست دەکرێن. لە هەموو ئەم خواردنانەدا پێکهاتەی سەرەکی بریتین لە شەکر، ئاو و خەشوول.

مرەبای هەنجیر: بۆ نموونە مرەبای هەنجیر، بۆ یەکەمجار لە دارەکە دەڕندرێت و دەشۆردرێن، ئەو هەنجیرانە بە چەقۆ برینێکی چکۆلەیان لێ دەدرێت. دواتر مەنجەڵێک ئاو لەسەر ئاگر دادەنێن و بەپێی ڕێژەی هەنجیرەکان شەکری تێدەکەن و دەیکوڵێنن. گیایەک هەیە پێی دەگوترێت "خەشوول" کە لە بیاوان و زەوییەکاندا دەڕوێت، ئەو گیایە دەهێنن و دەیخەنە ناو ئاوی شەکرەوە و تێکی دەدەن. سوودی خەشوول لەوەدایە کە تامێکی خۆش و هەنگوینی بەو هەنجیرانە دەبەخشێت. پاشان هەنجیرەکە دەخەنە ناویەوە و دەیکوڵێنن، کاتێک کە کوڵاندنەکە تەواو دەبێت، خەشوولەکە دەردەهێنن و مرەباکە دەخەنە نێو مەنجەڵی گڵێنیی گەورەوە و نزیکەی هەفتەیەک لەسەربانی ماڵەکان، لەبەر خۆردا دەیهێڵنەوە. دواتر هەڵیدەگرن بۆ زستان.

مرەبای ترێ: مرەبای ترێ بە هەمان شێوەی لە سەرەوە گوتمان دروست دەکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی تۆو لە ترێدا هەیە، هەندێک خێزان تۆوەکە لە ترێیەکە دەردەهێنن و دواتر دروستی دەکەن. مرەبای ترێ بە تایبەتی لە ترێی زەردی باخان دروست دەکرێت.

مرەبای قەیسی: مرەبای قەیسیش هەمان جۆرە، سەرەتا ناوکەکەی لا دەردێنن، بەڵام سەرەتا چەند مشتێک شەکری تێ دەکەن بۆ ئەوەی قەیسییەکان نەرم بن و بۆ کوڵاندن گونجاو بن.

مرەبای کولەکە: ئەم جۆرە بە تایبەتی لە جۆری کولەکەی قش (کولەکەی گەورە و ئاڵتونی) دروست دەکرێت و بە دوو شێوە دروست دەکرێت. هەندێکیان کولەکە دەهێنن و بە شێوەیەکی کاپکی دەیبڕن، هەندێکیش کولەکە قاش دەکەن.

مرەبای گوڵ: ئەم جۆرە گوڵە ڕەنگاوڕەنگانەی ئێمە پێی دەڵێین "گوڵی حەمەدی"، پێشتری گوڵەکان لە شەتڵەکانی دەکنرێنەوە و هەڵدەبژێردرێن و پاک دەکرێنەوە و دەشۆردرێن. پاشان شەکر بە ئاوی لیمۆ لەسەری دەپرژێنن و بە دەست دەکوترێن. پاشان دەپاڵێورێن و ئاوەکەی دەگرن. لەنێو مەنجەڵێکی گەورەدا نزیکەی دوو لیتر ئاو دەڕژێننە نێو هەر کیلۆیەک گوڵ و لەگەڵ شەکر دەکوڵێنرێت. هەر پێنج خولەک جارێک بە کەوچکێکی گەورە تێکەڵ دەکرێن و نزیکەی کاتژمێرێک دەخایەنێت تا دەکوڵێت. دوای ساردبوونەوەی بۆ خواردن ئامادە دەبێت.

جگە لەم جۆرە مرەباگەلە، گوتمان دەیان جۆری تریش هەیە، هەروەها چەندین جۆری مرەبا لە میوەکان دروست دەکرێن. لەنێویاندا ترێ، گێڵاس، توو، قۆخ، گێزەر، پرتەقاڵ و سێو و هتد. هەروەها شێوازی دروستکردنیان زۆر لە یەکترەوە نزیکە و دەتوانێت لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی تریش جیاواز بێت.

KURDŞOP
630 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!