خەباتی خوێندکاری لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

- ڕۆژ قادری

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی تری ئێران، بە هاتنی مانگی ڕەزبەر و کرانەوەی قوتابخانەکان، زانکۆکانیش دەکرێنەوە و ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات. لە زانکۆکاندا بەپێچەوانەی قوتابخانە، دەرفەت بۆ چالاکیی خوێندکاران زۆرترە و دەتوانین بڵێین زانکۆ تەنیا شوێنێک بۆ خوێندنی بواری ئاکادیمی نییە، بەڵکوو خوێندکار دەتوانێت کۆمەڵێک چالاکیی جیاوازتر لە بواری خوێندنی خۆی هەبێت.

 

چالاکیی خوێندکاری چییە؟

چالاکیی خوێندکاری بە هەموو ئەو چالاکییە زانستی، فەرهەنگی، مەدەنی و سیاسییانە دەگوترێت کە خوێندکاران لە زانکۆکاندا ئەنجامی دەدەن و ئەم چالاکییانە بەگشتی (جگە لە چالاکیی زانستی) پەیوەندییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ بواری خوێندنی خوێندکارانەوە نییە. مەبەستی سەرەکییش لەم چالاکییانە، بردنەسەرەوەی ئاستی هۆشیاری و زانیاریی خوێندکارانە و بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خوێندکاران، زانکۆکان و کۆمەڵگە، بەڕێوە دەچن.

بەگشتی لەم چالاکییانەدا، زانکۆکان (وەک بەشی ئیداری) کەمترین دەستێوەردانیان هەیە و خوێندکاران بەڕێوەبەران و خاوەن فیکری ئەو چالاکییانەن. هەڵبەت چالاکیی خوێندکاری لە زانکۆکانی جیهان پێکەوە جیاوازن و بەپێی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ڕەهەندی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرن. کە لەم بابەتەدا تایبەتی دەپەرژێینە سەر چالاکیی خوێندکاری لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

چالاکیی خوێندکاری لە زانکۆکانی ئێران

بەپێی ئەوەی ئێران وڵاتێکی ئازاد و دێموکراتیک نییە و سیستەمی سیاسیی ئەم وڵاتە سیستەمێکی ئیدئۆلۆژیکی مەزهەبییە، ئەم بابەتە کاریگەریی نەرێنیشی لەسەر سیستەمی پەروەردەی ئەم وڵاتە داناوە، بەتایبەتی لە زانکۆکاندا هەمیشە کەشێکی ئەمنییەتی زاڵە. لە زانکۆکانی ئێراندا کۆمەڵێک یاسای توندوتۆڵ دانراون کە لە زۆر بواردا خوێندکارانی سنووردار کردووەتەوە و نەتەنیا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر چالاکیی خوێندکاری داناوە، بەڵکوو بواری خوێندنەکەشی تووشی دەیان کۆسپ و بەربەست کردووە.

لە ئێراندا هەر چالاکییەک کە لە دەرەوەی چوارچێوەی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی بێت، نایاساییە و لە ماوەی تەمەنی ئەم سیستەمەدا، هەزاران خوێندکار هەر بەم هۆکارانەوە دەسبەسەر کراون، کوژراون، بەند کراون و لە خوێندن بێبەری کراون. بۆیە کە باسی چالاکیی خوێندکاری لە ئێران دەکەین، بەتایبەتی چالاکیی سیاسیی خوێندکاری، لە ڕاستیدا باسی خەباتی خوێندکاری دەکەین کە خوێندکارانی ئێرانی نرخی زۆریان بۆ داوە.

چالاکیی خوێندکاری لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەوەی بۆ ڕۆژێکیش زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دیبێت و هەستی بە کەشی زاڵ بەسەر ئەو زانکۆگەلەدا کردبێت، دەزانێت کە ئەو چالاکییە خوێندکارییانەی لەو زانکۆگەلەدا بەڕێوە دەچن، لە ڕاستیدا خەباتی خوێندکارین و چالاکانی خوێندکاریش کە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی نیشتمانیی کورد و کوردستان چالاکی دەکەن، خەباتکارانی خوێندکارین.

هەروەک بوارەکانی تر، زانکۆکانی کوردستانیش لەگەڵ زانکۆکانی تری ئێران جیاوازییان هەیە، ئێمە باس لە زانکۆگەلێک دەکەین کە لە خاکێکی داگیرکراودان، بۆیە دەسەڵات بەرانبەریان زۆر هەستیارترە و هەمیشە توندتر هەڵوێست دەنەوێنێت. کەشی زاڵ بەسەر زانکۆکانی کوردستان، زۆر ئەمنییەتییانەترە و سزای سەپێندراو بەسەر خوێندکاری کورد زۆر نامرۆڤانەتر لە بەشەکانی تری ئێرانە. بۆیە تاکوو ئێستا خوێندکاری کورد بە بەراورد لەگەڵ خوێندکارانی تری ئێران، هەمیشە زۆرترین نرخ و قوربانیی داوە.

هەر لەو ڕوانگەی داگیرکارییەوە، هەمیشە دەسەڵات بەرانبەر بە چالاکییە خوێندکارییەکانی خوێندکارانی کورد زۆر هەستیار بووە و هەمیشە ویستوویەتی ئەم چالاکییانە کۆنترۆڵ بکات یان بیانخاتە ژێر چاوەدێریی چڕوپڕی خۆیەوە و نەهێڵێت خوێندکارانی کورد هیچ سنوورێکی ئەوان ببەزێنێت. هەڵبەت هەموو ئەم چاوەدێری و هەوڵانە، نەیانتوانیوە خەباتکارانی خوێندکاریی کورد لە چالاکییەکانیان ڕابگرێت و خوێندکاری کورد هەمیشە لە مەیداندا بووە.

خەباتکارانی خوێندکاریی کورد، وێڕای زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران، هەمیشە بە خەباتی فەرهەنگی، سیاسی و مەدەنی لە مەیداندا بوون و بە ئاراستەی بەرژەوەندیی نیشتمانیی کورد و کوردستان خەباتیان کردووە و ئامانجیان خزمەت بە نەتەوە و خاکەکەیان بووە. لەمبارەشەوە جێپەنجەیان دیارە و نرخی زۆریشیان داوە کە لەم وتارەدا مەجالی باسکردنیان نییە. بۆ نموونە هەر لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خوێندکارانی کورد زانکۆکانیان کرد بە سەنگەرێکی پتەو بۆ هاواری شوناسخوازی و بەگژداچوونی ستەم و داگیرکاری.

هەندێک لە چاوەدێرانی سیاسی و چالاکانی خوێندکاریی پێشوو، ڕایان لەسەر ئەوەیە کە چالاکیی خوێندکاری لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو لاوازی چووە و پێویستە خوێندکارانی کورد کە تازە دەچنە زانکۆکانەوە، لەمبارەیەوە هۆشیار بکرێنەوە و ڕێنوێنیی پێویست بکرێن. هەرچەند من وەک خۆم پێم وایە کە بەپێی کات و دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی، چالاکانی خوێندکاری باش کاریان کردووە و خۆیان بەباشی دەزانن چ چالاکییەک بکەن، بەڵام بەپێی ئەرک و ئەو ئەزموونانەی لەمبارەوە هەمبووە، دەمەوێت چەند خاڵێک باس بکەم تاکوو بەرچاوڕوونییەک بێت بۆ ئەو خوێندکارانەی تازە دەچنە زانکۆوە.

خەباتکاری خوێندکاریی کورد لە زانکۆکاندا دەتوانن چ چالاکیگەلێکیان هەبێت؟

بمانەوێت و نەمانەوێت، هەر چالاکییەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیاسییە. بەگشتی بەهۆی هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانی دەسەڵاتەوە، وەها بابەتێک هاتووەتە ئاراوە. هەروەها بەپێی ئەوەی پرسی سەرەکی لای ئێمەی کورد، پرسی نەتەوەیییە و دەبێ چڕبوونەوەمان لەسەر ئەم بابەتە بێت و چالاکی و خەباتمان لەم چوارچێوەیەدا بێت، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە چەند خاڵێکتان سەبارەت بە چالاکی و خەباتی خوێندکاری پێشکەش دەکەم و خوێندکاران دەتوانن لەم خاڵانە کەڵک وەربگرن یان هیوادارم ئەم خاڵانە بیرۆکەی نوێتان لەلا دروست بکات.

- خەباتکاری خوێندکاریی کورد دەبێ سەبارەت بە هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە پرسی نیشتمانی و نەتەوەییی کورد و کوردستانەوە هەبێت، هەڵوێستی سیاسی بنوێنێت. ئەم هەڵوێستە دەتوانێت لە چوارچێوەی دەرکردنی بەیاننامە بێت یان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بێت لە زانکۆدا. بۆ نموونە کاتی خۆی ئێمە لە زانکۆدا بۆ ڕۆژە دیاریکراوەکانی وەک بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پارلمان و سەرۆککۆماریی ئێران، بەیاننامەمان دەردەکرد و داوامان لە خوێندکاران دەکرد کە لە وەها پرۆسەگەلێکی نادێموکراتیک و نمایشیدا بەشداری نەکەن، یان دوای دەسبەسەرکردنی چالاکانی خوێندکاری، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیمان بەڕێوە دەبرد.

- خەباتکاری خوێندکاریی کورد نابێ قەت زمانی خۆی لەبیر بکات و دەبێ بەرپەرچی پرۆژەی ئاسمیلاسیۆنی حکوومەت بداتەوە. بۆ نموونە کاتی خۆی ئێمە لە زانکۆدا پۆلی فێرکاریی زمانی کوردیمان بە شێوەی خۆبەخشانە بەڕێوە دەبرد و خوێندکارانمان فێری ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی دەکرد. هەروەها بەردەوام لە بۆنە نەتەوەییەکاندا برووشوورمان لەنێو خوێندکاراندا بڵاو دەکردەوە.

- بەڕێوەبردنی کۆڕی ئەدەبی و سیمیناری سیاسی، فەرهەنگی، زانستی و مەدەنی دەبێ هەمیشە لەبیری خوێندکاری کورددا بێت. بۆ نموونە ئێمە هەمیشە بەبۆنەی ٢١ی فێڤرییە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، کۆڕ یان سیمینارمان بەڕێوە دەبرد و سەرنجی خوێندکارانمان بۆ لای ئەم بابەتە گرینگە ڕادەکێشا. یان لەسەر بابەتگەلی وەک ژینگە، فۆلکلۆر، ئەدەبیات و فەرهەنگ و زمان و... سیمینار و کۆڕمان بەڕێوە دەبرد و لە کەسانی شارەزا کەڵکمان وەردەگرت.

- بڵاوکردنەوە گۆڤاری خوێندکاری یەکێکی تر لەو چالاکییە گرینگانەیە کە دەبێ بەباشی کاری لەسەر بکرێت. خوێندکاران دەتوانن مۆڵەتی دەرکردنی گۆڤار لە زانکۆ وەربگرن و لەم ڕێگایەوە کار بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی خوێندکاران بکەن.

- دامەزراندنی ئەنجومەن و بنکەش لە زانکۆدا، یەکێکی تر لەو کارانەیە کە خوێندکارانی کورد دەتوانن ئەنجامی بدەن. بۆ نموونە ئەو کاتەی کە ئێمە خوێندکار بووین، لە زانکۆکەماندا دوو بنکەمان دامەزراند کە یەکێکیان بنکەی ژینگە بوو و یەکێکی تریان بنکەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بوو کە لەو بوارانەدا چالاکیمان دەکرد و بەحەق توانیمان کاری باشیش بکەین.

ئاکام:

لەم بارەیەوە خوێندکاری کورد دەتوانێت کار و چالاکیی زۆر بکات و نابێ لەبیری بکات کە زانکۆ تەنیا شوێنی خوێندنی ئاکادیمی نییە. لەم ڕێگەیەشدا پێویستە خاوەن ئیرادە و هەستی متمانەبەخۆبوونی بەهێز بێت، تاکوو گوشارەکانی دەسەڵات، چۆکی پێ دانەدات و خزمەتی خۆی بکات. هەروەها دەبێ لە هەموو ئەو کارانەدا ژیرانە بجووڵێنەوە و نەهێڵن ئێحساسات بەسەریاندا زاڵ بێت، تاکوو داگیرکەر زەفەریان پێ نەبات.

 

KURDŞOP
632 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!