پانۆرامای سەردەمی خالیدییەت

شێرکۆ ژانزێم

پێش ئەوەی باس لە سەردەمی خالیدییەت بکەین، بەکورتی باس لە قۆناغی پێش خۆی و ئەو کەشەی دەکەین کە بزووتنەوەی خالیدییەت تێیدا بڵاو بووەوە.

دوای هێرشەکانی مەغۆلەکان بۆ سەر جوغرافیای ئیسلام و دەوڵەتی عوسمانی، میرە کوردەکان سوودیان لەو لاوازییە سیاسییە وەرگرت و لە زۆر شوێنی کوردستان، میری کورد بەهێزتر بوون و حکوومەتی خۆجێییان لە ناوچەکانی خۆیان دامەزراند. سوڵتان سەلیم لە ڕێگەی "ئیدریس بەدلیسی"یەوە لە ئاماسیا، لەگەڵ میرە کوردەکان ڕێککەوتنی کرد و بەم ڕێککەوتنە میرە کوردەکان بە فەرمی پێگەیەکی سیاسییان دەست کەوت. لەو ماوەیەدا تەکیە و مەدرەسە لە زۆر شوێنی کوردستان کرانەوە و چەندین چالاکیی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لەو مەدرەسانەدا ئەنجام درا. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، میرە کوردەکان بانگەشەی سەربەخۆییان کرد. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەوڵەتی ناوەندیی عوسمانی هێرش بکاتە سەر میرنشینە کوردییەکان. دوای ماوەیەکی کەم لە ناوەڕاستی سەدەی ١٨دا، کۆتایی بە پێگەی هەموو میرنشینە کوردییەکان هێنرا. دوای ئەمە دەوڵەتی عوسمانی پیاوەکانی لە ئەستەنبوڵەوە بۆ لای کوردەکان نارد.

ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی لە سێ قۆناغ پێک دێت: سەردەمی میرایەتی، سەردەمی خالیدییەت (دوای میرەکان) و سەدەی بیستەم. لە سەردەمی میرەکاندا، مەیدانی ئەدەبی کلاسیکی کوردی لەگەڵ دامەزراندن و بڵاوبوونەوەی مەدرەسە، کەمێک گەشەی کرد. ئەمەش وای کرد دوای شکستی میرنشینەکان، مەدرەسە لە ماوەیەکی کورتدا ئەو بۆشاییە سیاسییە لە ڕێگەی شێخ و زانایانی ئایینییەوە پڕ بکاتەوە. پێش ئەوەی باسی گەشەسەندنی خالیدییەت بکەین، با بچینە سلێمانی بۆ ناسینی مەولانا خالید.

مەولانا خالید کوردێکی گۆرانە و لەدایکبووی شاری سلێمانییە. یەکەم خوێندنی لە مەدرەسە لەسەر دەستی شێخەکانی بەرزنجی، کە تەرخان کرابوون بۆ تەریقەتی قادری، وەرگرتووە. دوای مردنی باوکی جێگەی گرتەوە و بوو بە مودەڕیس.

پاشان چووە حەج  و گەڕایەوە بۆ سلێمانی و دواتر بە تەواوی خۆی بۆ عیلم و تەسەووف تەرخان کرد. لە سلێمانی لەگەڵ سۆفییەک ئاشنا بوو و بە ڕاسپاردەی ئەو سۆفییە چووە دەلهی. لەوێ لە سەردەمی شێخ عەبدوڵڵا دەهلەوی دەستی بە خوێندن کرد؛ دوای ماوەیەک شێخ عەبدوڵڵا دەهلەوی کردی بە خەلیفەی نەقشبەندی و گەڕایەوە بۆ سلێمانی و دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی تەریقەتی نەقشبەندی. کاتێک مەولانا خالید گەڕایەوە و دەستی کرد بە تەبلیغی نەقشبەندی، بووە هۆی ناڕەحەتیی قادرییەکانی دەڤەری سلێمانی. بەهۆی ئەوەوە پەیوەندی نێوان مەولانا خالید و شێخ مەعرووف نۆدی تێک چوو. مەولانا خالید بۆ ئەوەی تووشی کێشەی سەخت نەبێت، چوو بۆ بەغدا. دوای دوو ساڵ گەڕایەوە سلێمانی، بەڵام نەیانهێشت جارێکی تر لەوێ بمێنێتەوە و دیسانەوە گەڕایەوە بەغدا. بەڵام تەنانەت ئەوجار نەیانهێشت لە بەغداش بمێنێتەوە. مەولانا خالید ئەوجار چووە دیمەشق. ماوەیەک لە دیمەشق مایەوە و لەوێ کۆچی دوایی کرد. مەولانا خالید بە کوردیی سۆرانی "عەقایدنامە"ی نووسیوە، ئەم بەرهەمە یەکەم پەخشانی کوردیی سۆرانییە.

دوای کۆچی دوایی مەولانا خالید، خالیدییەت لە کوردستاندا لە ڕێگەی خەلیفەکانییەوە زیاتر بڵاو بووەوە. ئێستا چاوێک دەخەینە سەر هەندێک لە تەکیە گرینگەکانی خالیدییەت لە کوردستاندا.

لەم بەرهەمەدا تیشک دەخەمە سەر ئەو تەکیەگەلەی کە لە کوردستان کرانەوە و بوونە مەیدانی گەشەپێدان و خوڵقاندنی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی. ناتوانم بە وردی لەسەر هەموو تەکیەکان و نوێنەر و بڵاوکەری ئەم بزاڤە بدوێم، چونکە بەرفراوانە. لە ڕووباری جۆلەمێرگەوە بگرە هەتا ناوچەی پاڵووی ئەلەزیز، لە بەدلیس و وانەوە هەتا لج، لە مێردینەوە تا سێرت و ناوچەی بۆتان بڵاو بووەتەوە. تەکیە و مەدرەسە لە زۆر ناوچەی بچووک و گەورەدا کراونەتەوە و لە ڕێگەی ئەو مەدرەسانەوە، نوێنەر، شێخ و سەیدی خالیدییەت لە کوردستان بڵاو کراونەتەوە.

من لەم بابەتەدا باسم لە تەکیە گرینگەکان و نوێنەری ئەو تەکیەگەلە کردووە؛ ویستم بەوردی بپەرژێمە سەریان بەڵام بەو پێیەی ناوچەیەکی بەرفراوان دەگرێتەوە، سەرنج دەخەمە سەر ئەو شوێنە گرینگانە یان ئەوانەی سەرنجی منیان بەرەو لای خۆیان ڕاکێشا.

تەکیەی نەهری

ئەم تەکیەیە لەلایەن سەید عەبدوڵڵا نەهری لە شەمزینان سەر بە ناوچەی جۆلەمێرگ دروست کراوە. سەید عەبدوڵڵا نەهری کەسایەتییەکی گرینگە لە ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردیدا، چونکە یەکەمین بەرهەمی پەخشانی کورمانجیی (عەقائیدی کوردی) نووسیوە. ئەم بەرهەمە لە بواری زانستی ئایینیدا بەرهەمێکی زۆر گرینگە. لە دوای سەید عەبدوڵڵا نەهری، کوڕەزاکەی بە ناوی سەید تەهای نەهری جێگای گرتەوە و لە مامی زیاتر ناسرا و کاریگەریی زیاتری هەبوو. سەید تەها دوای خۆی چوار خەلیفەی ئامادە کرد. هەریەک لەو خەلیفانە (شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ محەممەد کوفرەوی، شێخ فەهیم ئارواسی و سەید سبخەتوڵڵا ئارواسی) لە شوێنێک تەکیەیەکیان دروست کرد و خالیدییەتیان لە کوردستاندا بڵاو کردەوە.

تەکیەی ئارواس

ئەم تەکیەیە لەلایەن شێخ فەهیمە ئارواسی، خەلیفەی سەید تەهای نەهری، لە گوندی ئارواس کە سەر بە "مکس"ە، دروست کراوە. ئەم تەکیەیە، تەکیەیەکی بەناوبانگە لە ئەدەبیاتی کوردیدا. شاعیری کورد مەلا عومەر تینسی کە بە مەخلەسا لاخەر ناسراوە، سەرەتا لەم تەکیەیەدا خوێندنی وەرگرتووە و دواتر چووەتە جزیری بۆتان، لەوێ مەلا جزیری ناسیوە و کەوتووەتە ژێر ڕێنمایی ئەوەوە. لاخەر دیوانێکی هەیە.

تەکیەی خەیدا

ئەم مەدرەسەیە لەلایەن سەید سبهەتوڵڵا ئارواسی، خەلیفەی سەید تەهای نەهری، دروست کراوە. خەلیفەی ئەم مەدەرەسەیە کەسێکی بەناوبانگە، واتە خەلیفە سەلیم (مەلا سەلیم). مەلا سەلیم لەگەڵ لایەنە ئایینییەکەیدا، لایەنێکی ئەدەبی، سیاسی و کۆمەڵایەتیشی هەیە. مەلا سەلیم یەکێکە لە دامەزرێنەرانی "Kürt Teavün ve Terakki" و ڕێکخستنی "ئیرشاد". هەروه‌ها شیعری زۆری هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه کۆ نه‌کراونه‌ته‌وه. لە شیعرەکانیدا پەرژاوەتە سەر تەوەری ئایینی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی.

تەکیەی ئۆخین

تەکیەی ئۆخین لە شاری نۆرشین لەلایەن شێخ فەتحوڵڵا وەرقانسییەوە دروست کراوە. یەکێک لە ئەندامە گرینگەکانی ئەو تەکیەیە، شێخ عەبدولعەزیز بەدلیسییە. شێخ عەبدولعەزیز دیوانی زۆری هەیە. ئەندامێکی تری ئەم تەکیەیە، مەلا عەبدوڵڵا سەمەرشەیخییە. مەلا عەبدوڵڵا خەلافەتی لە مەولانا خالید وەرگرتووە و بووەتە یەکێک لە بانگەشەکارانی خالیدییەت. خۆی هیچ بەرهەمێکی ئەدەبیی بڵاو نەکردووەتەوە. ئەو خاوەنی سێ کوڕە و دوو کوڕی بەرهەمی ئەدەبییان هەیە. ئەم دوو برایە بریتین لە مەلا عەبدوڵڵا مەلەکەندی و شێخ عەبدوڵڵا تاخی. مەلا عەبدوڵڵا مەلەکەندی چووەتە مەلەکەندی و تەکیەکەی دروست کردووە. هەروەها شێخ عەبدوڵڵا تەخی چووەتە لای هەزانی لجێ و لەوێ تەکیەی دروست کردووە. نووسەری بەناوبانگ هادی (سەیدای لجی) خوێندکاری شێخ عەبدوڵڵا هەزانییە.

تەکیەی زۆقەید

ئەم تەکیەیە دەکەوێتە گوندی زۆقەید لە خەرزانی سێرت. مەلا نەسرەدین زۆقی یەکێکە لە ئەندامە گرینگەکانی ئەو تەکیەیە. مەلا نەسرەدین لە مەدرەسە لە سەردەمی شێخ مەحموود زۆوقەیدی خوێندوویەتی و خاوەنی "عەقیدەنامە"یەکە.

ئەم تەکییە گرینگ و سەرەکییانە ڕۆڵی گەورەیان لە بڵاوبوونەوەی خالیدییەتدا هەیە. ئێستا ڕوو لە لقێکی خالیدییەت دەکەین کە لە زۆر شوێن تەکیەی گەورە و بچووکی دروست کردووە و دەیان کەسایەتیی گرینگ و سەدان موریدی بۆ بزاڤی خالیدییەت زیاد کردووە.

لقی باسرەت لەلایەن شێخ خالید جزیرییەوە دامەزراوە. شێخ خالید تەکیەکەی لە گوندی باسرەت لە دەڤەری بۆتان دروست کردووە. ئەم تەکیەیە کاریگەریی لەسەر شارەکانی دەوروبەری وەک "شرنەخ، سێرت، باتمان، مێردین و دیاربەکر" داناوە. شێخ خالید جزیری خەلافەتی بە خەڵکێکی زۆر داوە و لە هەرێمەکە دابەشیانی کردووە. ئێستا باسی چەند ناوێکی گرینگی ئەو لقە دەکەین.

دوای ئەوەی شێخ حەمید مێردینی خەلافەتی لە دەستی شێخ خالید جزیری وەرگرت، چووە مێردین و تەکیەی ئەحمەدیی لە گوندی ئەحمەدییە کە سەر بە "ستەور"ە، دروست کرد. پۆستنشینی ئەم تەکیەیە شێخ کامیل ئەحمەدییە. شێخ کامیل ئەحمەدی خاوەنی دیوانێکە. شێخ عارف تناتی خەڵکی ناوچەی ئۆمەریانی مێردین و خاوەن دیوانێکە.

شێخ ئەحمەد کارازی لە کارازی ئامەد تەکیەیەکی دروست کرد. شێخ ئەحمەد زۆر شیعری نووسیوە و لە شیعرەکانیدا پەرژاوەتە سەر زۆر بابەتی جیاجیا؛ وەکوو چێشتلێنان و تامی خواردن و شێوازی چێشتلێنان.

دوای شێخ خالید جزیری، شێخ خالید سوپهی بوو بە پۆستنشینی تەکیەی باسرەت. لە سەردەمی شێخ خالید سوپهیدا ئەدەبیات زیاتر دەرکەوت، هەروەها دوو خەلیفەی لە شوێنی خۆی داناوە؛ شێخ خالید فرقانسی و شێخ حەسەن نوورانی. شێخ خالید سوپهی دوو پۆستنشینی لە دوای خۆی بەجێ هێشت. شێخ ئەشەد خوروکی و شێخ محەممەد عەینی. شێخ محەممەد عەینی زاوای خۆی، شێخ خالید زەباری، وەک پۆستنشینی خۆی دیاری کرد. هەروەها شێخ محەممەد دوو خەلیفەی لە شوێنی خۆی داناوە؛ شێخ ڕەشید دەرشاوی و شێخ عومرە زانیانی. شێخ خالید زەبانی، لە دوای خۆی پۆستنشینی بە شێخ عومەر زانیانی دا. ئەویش پۆستنشینەکەی بە کوڕی شێخی خۆی شێخ محەممەد نوورووڵڵا جزیری دا. شێخ موهەنەد نوورووڵڵا جزیریش شاعیرە و تا ئێستاش لە ژیاندایە.

بەپێی دەرفەت باسم لە بزاڤی خالیدییەت و پەرەسەندنی لە کوردستان کرد. بەو پێیەی هەم نوێنەر و هەم تەکیەکان زۆر بوون، تەنیا باسم لە هەندێک لە تەکیە سەرەکییەکان و نوێنەرە گرینگەکان کرد.

 

سەرچاوەکان:

ئاداک، ئا. سەردەمی خالیدییەت لە مێژووی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردیدا، Kürt Tarihi، ساڵ. ٢٠١٧، ژ. ٣٠، ر. ٥٩-٦٤.

ئاداک، ئا.(٢٠١٣)، پێشەکییەک بۆ ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی. چاپی بەهاری نوێ. ئەستەنبوڵ.

 

KURDŞOP
756 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!