زمان و کارکردەکانی زمان و گرینگیی زمانی دایکی

زمان لە سەرەکیترین فاکتەرەکانی بوون و نەبوونی نەتەوەکانە. زمان هەڵگری بیر و فەرهەنگی هەر نەتەوەیەکە. دروستکردنی کۆسپ و بەربەست لەهەمبەر پێشکەوتنی هەر زمانێک، بە مانای بایکۆتکردنی بیر و هزرە.


 

زمان و کارکردەکانی زمان

مرۆڤ بوونەوەرێکە کە بە کەڵکوەرگرتن لە سیستەمێکی زۆر پێشکەوتووی پەیوەندیگرتن، لە بوونەوەرەکانی تر جیا دەکرێتەوە. ئەم سیستەمە ئەو توانایە بە مرۆڤ دەدات کە بتوانێت زانیارییەکانی دەوروبەر وەربگرێت و بە مەبەستێکی بگەیەنێت.

زمان خاوەنی دوو کارکردی بنەڕەتییە بۆ مرۆڤ: یەکەم ئەوەیە کە توانای پێ داوین لەگەڵ کەسانی تر پەیوەندی پێک بهێنین و بەم شێوەیە زانیاری و ڕوانگە و فیکری خۆمان بە مەبەستێک بگەیەنین یان هەمان شت لە کەسی دووەم وەربگرین و دووەم کارکرد ئەوەیە کە بیرکردنەوەی بۆمان ڕەخساندووە.

زمان ئەو تایبەتمەندییەشی بە مرۆڤەکان داوە کە لە سنوورەکانی کامڵبوونی ژینگەیی و جەستەییش تێپەڕێت. کامڵبوونی بیۆلۆژیکی لە ڕێگای "جێن"ەکانەوە مسۆگەر دەبێت، بەڵام کامڵبوونی فەرهەنگی لە ڕێگای گەیاندنی زانیاری لەلایەن زمانەوە مسۆگەر دەبێت. واتە هەر بەرە لە مرۆڤەکان پێویست نییە کە دووبارە تەواوی بوارەکانی بەرەکانی پێش خۆی لە داهێنان و دۆزینەوە، هونەر و ماف، تەکنۆلۆژی و جووتیاری و... دووپات بکاتەوە، بەڵکوو دەتوانێت ئەزموونیان بکات و گەشەیان پێ بدات. فەرهەنگ و زمان ئەو توانایە بە بەرەی نوێ دەدات کە لەسەر شانی بەرەکانی پێشووتر بۆ پێشەوە باز ببات.

دووەمین کارکردی زمان ئەوەیە کە یارمەتیی بیر و پرۆسەکانی تری ناسین دەدات. زمان ئەو توانایە بە ئێمە دەدات کە ناوێک لەسەر ئەزموونەکانمان دابنێین. زمان ئێمە بە چەمکگەلێک تەیار دەکات کە دەتوانین بە یارمەتیی ئەوان دونیای دەوروبەرمان ڕێک بخەین و زانیارییە پەیوەندیدارەکان بە دونیا بە شێوەیەکی سیستەماتیک وەربگرین. هەروەها زمان یارمەتیمان دەدات کە سەرنج بە ئەزموونەکانی ڕابردوو بدەین و ڕووداوەکانی داهاتوو پێشبینی بکەین.

گرینگیی زمانی دایکی

زمانی دایکی و فێربوونی زمانی دایکی، کاریگەرییەکی پڕبەرهەم لەسەر کەسێتیی هەر کەس دادەنێت. زمانناسان، ژینگەناسان و دەروونناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئاهەنگ، ڕەنگ و جوانیی دەنگی دایک، تەنانەت کاتێکیش کە منداڵ لە سکی دایکیدایە، بۆ ئەو ڕادەگوێزرێتەوە. واتە بەشێک لە میراتێک کە منداڵێک لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێتە دونیاوە، خەزێنەگەلێک لە زمانی دایکیشی لەگەڵە. بەم پێیە کۆرپەکان، بەنیسبەت دەنگی دایکیانەوە زۆرتر لە هەر کەسێکی تر، لە خۆیانەوە هەڵوێست پیشان دەدەن.

کاتێک باسی پاراستن، گەشە و بەهێزیی فەرهەنگی کۆمەڵگەیەک دێتە گۆڕێ، ئەوە زمانە کە ڕابردوو و هەنووکەی ئەو کۆمەڵگەیە پێکەوە گرێ دەدات. وەرگرتنی مافی قسەکردن بە زمانی دایکیی هەر قەوم و نەتەوەیەک، مەترسییەکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لەیەکدابڕانێکی مەترسیدار دروست دەکات و لەنێو تاکە جیاوازەکانی نەتەوەکان کەلێن دروست دەکات.

زمان لە سەرەکیترین فاکتەرەکانی بوون و نەبوونی نەتەوەکانە. زمان هەڵگری بیر و فەرهەنگی هەر نەتەوەیەکە. دروستکردنی کۆسپ و بەربەست لەهەمبەر پێشکەوتنی هەر زمانێک، بە مانای بایکۆتکردنی بیر و هزرە. ئەگەرچی فێربوونی زمانێکی تر وەکوو پەنجەرەیەکی نوێیە بۆ سەیرکردن و وتادان بە ژیان، بەڵام زمانی دایکی بۆ خۆی پەنجەرەیەکی جیاوازترەوە و کلیلی کردنەوەی پەنجەرەکانی دیکەیە.

ڕوانگەی جیهانییان بەرامبەر بە زمانی دایکی

ڕێکخراوەی جیهانیی یوونسکۆ: "هەر تاکێکی کۆمەڵگە کە نەتوانێت بە زمانی دایکیی خۆی بخوێنێت و بنووسێت، نەخوێندەوار دێتە ئەژمار".

کۆمەڵناسان: "زمانی دایکی لەگەڵ شیری دایک دەڕژێتە نێو گیانەوە و بە مردن لە لەش دەڕواتە دەرەوە و سەپاندنی زمانێکی تر بەسەر منداڵێک کە تازە فێری قسەکردن بووە، وەک تاوان دێتە ئەژمار".

دەروونناسان: "یەکەمین چەمکسازییەکانی منداڵان لە خۆیان و جیهانی دەوروبەریان، لەسەر ئەساسی زمانی دایکییان شێوە دەگرێت. بەم هۆیەوە، منداڵان یەکەم ئەزموونی دەروونی و ناسینیی خۆیان لە جیهان، بە زمانی دایکیی خۆیان دەردەبڕن".

هایدیگێر: "ئەگەر زمانی نەتەوەیەک لەنێو بچێت، ئەو نەتەوەیە بەگشتی لەنێو دەچێت".

میلان کۆندێرا: "یەکەمین هەنگاو بۆ لەنێوبردنی نەتەوەیەک، سڕینەوەی یادەکەیەتی. دەبێ کتێبەکانی، فەرهەنگەکەی و زمانی لەنێو ببەیت. دەبێ کەسانێک دابنێیت کە کتێبی نوێی بۆ بنووسێت، فەرهەنگێکی دەستکردی بۆ دابنێت، مێژوو و زمانێکی نوێی بۆ دابهێنێت، پاش ماوەیەکی کورت، ئەو نەتەوەیە، چییە و چی بووە، لەبیری دەکات. هەروەها دونیای دەوروبەر، هەموو شتێک بە خێراییەکی زیاترەوە لەبیر دەکات".

ماهاتما گاندی: "کەسێک کە زمان و ئەدەبیاتی خۆی نەخوێندبێت، مێژووی خۆی نازانێت و ئەوەی کە مێژووی خۆی نەزانێت، داهاتوویەکی نابێت".

ویتگنشتاین: "زمانی من جیهانی منە و جیهانی من زمانی منە".

جان ئێستوارات: "ئەگەر کۆلۆنیاڵیست بییەوێت نەتەوەیەک بکات بە پاشکۆی خۆی، سەرەتا هێرش دەکاتە سەر شوناس و زمانی و هەوڵی ئاسمیلەکردنی دەدات. نەتەوەیەک کە فەرهەنگ و زمانی خۆی لەدەست بدات، لە نەتەوەیەکی دیکەدا دەتوێتەوە".

دەیوید کریستاڵ: "جۆراوجۆریی زمانی بە واتای جۆراوجۆریی مرۆڤەکانە. هێزی ئاوەزی زمانی بەرابەری توانای بیۆلۆژیکیی مرۆڤە و لەنێوچوونی هەر زمانێک بە واتای لەنێوچوونی جیهانبینییەکە".

KURDŞOP
846 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!