پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان، بە واتای زەبردان لە خۆمان و ژینگەکەمانە

- ڕۆژ قادری

 

لە هەندێک ناوچەی کوردستان، ژینگەپارێزی تا ڕادەیەک بووە بە کەلتوور، بەڵام بەداخەوە لە هەندێک ناوچە بەو شێوەیە نییە! ژینگەپارێزی ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە، هەروەها زەبردان لە ژینگەش بە هەمان شێوەیە. لەم بابەتەدا دەمەوێت بپەرژێمە سەر پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و باس لە کاریگەرییەکانی پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان لەسەر ژینگە و مرۆڤ بکەم. هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بابەتەش ئەوەیە کە بەداخەوە لە زۆرینەی ناوچەکانی کوردستان، گرینگییەکی کەمتر بە سەرچاوە ئاوییەکان دەدرێت و سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان هەڕەشەیان لەسەرە. دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە کوردستان لە بواری سەرچاوە ئاوییەکانەوە لە ناوچەکەدا زۆر دەوڵەمەندە و چاوی تەماحی زۆریشی لەسەرە.

پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان، چییە؟

پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان، یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی هەڕەشەکردنە لە ئێکۆسیستمە ئاوییەکان. ئەم پیسکردنانە، کاریگەریگەلێکی خراپ، وەک وێرانکردنی ژینگە و خەساری ئابوورییشی لێ دەکەوێتەوە.

سەرچاوە ئاوییەکان لە دابەشکردنێکی گشتیدا دەبنە ٣ دەستە: ئاوەکانی سەر زەوی وەکوو ڕووبار و دەریاچەکان، ئاوە ژێرزەوینییەکان و ئاوی دەریا و زەریاکان.

لە پێناسەکردنێکی گشتیدا، پیسکردنی ئاویش بریتییە لە: خەسارە ژینگەییەکان کە بەهۆی ڕژانی ماددەی پیسەوە دێنە ئاراوە. ماددە و ئەو شتە پیسانەی کە دەڕژێتە نێو ئاو، گۆڕانگەلێک لە ئاودا دروست دەکەن کە پێیان دەڵێن پیسیی فیزیکی، کیمیایی، ژینگەیی و فیزیۆلۆژیکی.

پیسکردنی ئاوەکان بەگشتی ڕووداوێکی لەناکاو نییە، بەڵکوو خەسارگەلێکی هەمیشەیین. بۆ نموونە، ڕژانی ئاوەڕۆکان بۆ نێو ئاوە سروشتییەکان و هەروەها کاریگەریی بارانە ئەسیدییەکان. هەروەها لە ئاوی پیسکراودا، بەگشتی جۆراوجۆریی گیانلەبەریی ئێکۆسیستم، کەم دەبێتەوە.

هەر پیسییەکیش سەرچاوەی تایبەتی خۆی هەیە کە دەتوانێت ئەم شتانە لەخۆ بگرێت: "ئاوەڕۆکان، ئاسنەکان، هیدرۆکەربۆنە هالوژندارەکان، ماددەی بەرهەمی لایڕووبی، قاییشەکان، گەرما و نەوت و...".

ئاوی پیس چ کاریگەرییەک لەسەر ژینگە و گیانداران دادەنێت؟

کاتێک کە ماددەی کیمیایی دەڕژێتە نێو ئاو بۆ نموونە ئاوی دەریاچەیەک، بە ئاسانی دەتوانێت ژیانی نێو ئەو ئاوە کە بە ئاوی تازەوە بەنە، بکوژێت. ڕووبارگەلێک کە ئاوەڕۆ و ماددەی کیمیایی کارخانەکانی تێ دەڕژێت، گیاندارەکانی لەدەست دەدات، ماسییەکانی دەمرێت و ژینگەکەی وێران دەکات. هەڵبەت کاتێک کە گیاندارانێکیش ئەو ماسییانە دەخۆن کە مردوون یان لە سەردەری مردندان، ئەوانیش دەمرن. هەموو ئەمانە پێکەوە لە پەیوەندیدان و کاتێک کە ئاو پیسە، گیاندارانی نێو ئاو و دەرەوەی ئاویش ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دادەنرێت. ئەو ئاوە پیسانە بەخێرایی ڕووەکەکان لەنێو دەبات و زەوییەکی ڕووت و دارگەلێکی مردوو و وشک، بەجێ دەهێڵێت.

هەندێک جاریش بەهۆی ئاوی پیسەوە، ماسیگەلێک نەخۆش دەکەون، بەڵام ڕەنگە نەمرن، بەڵام ئەو گیاندارانەی کە ئەو ماسییانە دەخۆن و تەنانەت مرۆڤەکانیش، تووشی نەخۆشی دەبەن. بۆیە چلۆن ئاوی خاوێن و پاک مایەی ژیانە، ئاوی پیسیش بەپێچەوانەوە، مەرگ و نەخۆشیی لێ دەکەوێتەوە. وەک چۆن ئاوی پاک سەوزایی جوان و گوڵی خۆش بۆن لە دوای خۆیدا دێنێت، ئاوی پیس و تێکەڵ بە ماددەی کیمیاییش، وێرانی و وشکبوون بە دوای خۆیدا دێنێت.

ئاوی پیس چ کاریگەرییەک لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دادەنێت؟

هەروەها کە دەزانن، ئاو یەکێک لە توخم و هۆکارە سەرەکییەکانی ژیان و ژینگەیە. بێ بوونی ئاو، هیچ جۆرە ژیانێک بوونی نابێت. هەڵبەت مەبەستمان لە ئاو، ئاوی پاک و خاوێنە، چونکە ئاوی پیس یەکێک لە هۆکارەکانی لەنێوبردنی گەشە و پێگەیشتنە. ئێمە مرۆڤەکان بۆ زیندوومانەوەمان، پێویستمان بە ئاوی تەندروست و خاوێنە.

"نیترات" یەکێک لەو ماددە ژەهراوییانەیە کە لە ئاوی پیسدا بوونی هەیە و دەبێتە هۆی ڕێگەگرتن لە گەیشتنی ئۆکسیژێن بە ئەندامەکانی لەش، کە ئەم دۆخە بۆ منداڵان و نەخۆشان زۆر مەترسیدارترە.

"سۆرب" دووەمین ماددەی مەترسیداری نێو ئاوی ناتەندروستە کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تەمەنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و کێشە بۆ گورچیلەکان و دڵ دروست دەکات. "سۆرب" لە منداڵاندا، دەبێتە هۆی دواکەوتنی پێگەیشتنیان.

هەروەها لە ئاوی پیسدا، ئەگەری بوونی باکتریا بوونی هەیە کە دەبێتە هۆی نەخۆشیگەلی گەدە و ڕیخۆڵەوە.

لەلایەکی ترەوە "کەربۆن" لە سروشتدا بەزۆری دەست دەکەوێت و بە تێکەڵبوونی لەگەڵ ماددەکانی نێو ئاو، کەربۆناتی کەلیسیۆم و کەربۆناتی مەنیزیۆم دروست دەکات کە بۆ گورچیلەکان زیانی هەیە.

پیسیی ئاو لە جیهان لە چ دۆخێکدایە؟

ئامارەکان دەریدەخەن کە نزیکەی یەک و نیو میلیارد کەس لە دونیادا، ئاوی خواردنەوەی تەندروستیان نییە و کەمتر لە ٥ ملیۆن کەس، ساڵانە لە دونیادا بەهۆی ئاوە پیسەکان و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە ئاوی پیسەوە، دەمرن.

زۆرتر لە ٧٠ لەسەدی زەوی، لە ئاو داپۆشراوە و ئاوەڕۆکان و پیسییەکانی پەیوەندیدار بە نەوتەوە، هەڕەشە لە گەورەدەریاکان دەکەن و زۆرێک لە کەنارئاوەکان بەم هۆیەوە پیس بوون. ئەم پیسییانە هەڕەشە لە گیانداران دەکات و لەنێویان دەبات و ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی ئێمە مرۆڤەکانیش کاریگەری دادەنێت.

KURDŞOP
657 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!