لە شاری مەریوان کۆڕێکی زانستی سەبارەت بە ئوستوورەناسی بەڕێوە چوو

     ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی ڕۆجیار لە شاری مەریوان سەبارەت بە "ئوستوورەناسی" کۆڕێکی بۆ دکتۆر نەجمەدین جەباری، مامۆستای زانکۆی سنە ساز کرد کە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند؛ ئەوەی کە لە درێژەدا دەیخوێنینەوە پوختەی بەشێک لەو کۆڕەیە.

پێشەوا کوردستانی


     دکتۆر جەباری لە بەشێک لە وتارەکەیدا وتی: ئوستورە وەکوو مێژوو وایە و باسی ڕەسەنایەتی دەکات. ئوستوورە باسی جیهانبینی دەکات و گەورەترین جیاوازیی لەگەڵ مێژوو هەر ئەمەیە. ئوستوورە پێمان ئەڵێ ئەم جیهانبینییانە چۆن دامەزران و لەکوێوە هاتن؟. بە ڕای من گەلی بێ ئوستوورە وەکوو گیای ڕووەکی لێ دێت کە بە دەم باوە دێت و دەڕوا، لەوانەیە شوێنێکی ببێت بەڵام زوو هەڵئەکەنرێت. لە بیرمان نەچێ زۆر لەو وڵاتانەی دراوسێمان بەشوێن ئەوەوەن کە بتوانن ئوستوورە بۆ خۆیان دروست بکەن. بۆ نموونە "شاماران" ئوستوورەیەکی کوردییە. واتە بە پێی هەموو باسەکان و هەموو ئەو توێژینەوانە کە کراوە، شاماران هی کوردە و لە کوردستاندا ڕووی داوە. بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا لە شارێک وەکوو ئەزمیر پەیکەری شامارانیان داناوە و چەندین کتێبیان نووسیوە و خەریکن ئەیکەن بەناوی خۆیانەوە. مەبەستم ئەوەیە ئەم باسە بۆ ئێمە زۆر گرینگە.

     لە هەوراماندا گوندێک بە نێوی "ناو" هەیە کە ئوستوورەی "ئاناهیتا"ی تێدایە و چووەتە قاڵبی جەژنێک کە ساڵانە بەڕێوە ئەچێت. بەڵام ئەمڕۆ هەموو جیهان ئەڵێن "ئاناهیتا" خوا ژنێکی "ئێرانی"یە. ئیتر ناڵێن زاگرۆسیە، کوردستانییە؛ چونکە ئەو ئوستوورەیە ڕەسەنایەتی ئەبەخشێت. کەچی بەر لە زەمانی ئەردەشیری دووهەمی "هەخامەنشی"، جێگەیەک بۆ "ئاناهیتا" لەناو "کازرون"، لەناو "خۆراسان" یان بەگشتی لەناو فارسەکاندا نادۆزرێتەوە. پێویستە بیشزانین "هێرۆدوت" ئەڵێ هەیکەلێکی گەورەی "ئاناهیتا" زۆر بەر لە "هەخامەنشی"یەکان لە شاری هیگمەتانەدا بووە کە پایتەختی "مادە"کانە ". واتە ئەم ئوستوورەیە کوردستانی و زاگرۆسییە. ئەمانە بۆ پێناسەی نەتەوەی ئێمە گرینگە. لە تورکیا ئوستوورەی "ئیلیاد و ئۆدیسە"ی یۆنانی بە ئوستوورەیەکی تورکی دادەنێن. لەم دواییانەدا شوێنەوارناسەکان شوێنێکیان دۆزیوەتەوە و ئەڵێن ئەمە‌ هی "ئیلیاد"ە. واتە تورکیا خەریکە ئەم ئوستوورەیە داگیر بکات چونکە ڕەسەنایەتیی پێوەیە. بۆ گرنگایەتیی ئوستوورە ئەمە ئیتر گەورەترین بەڵگەی ئێمەیە، چونکە ئوستوورە باسی ڕەسەنایەتی دەکات. هەر ئەندازە ئوستوورەی کۆنتر بە مۆرکی خۆتەوە بدۆزیتەوە، بەو ئەندازەیە ڕەسەنتری.

ئوستوورە چیە؟

     ئوستوورە چەمکێکی ئەوەندە خلیسکە کە ئێمە نازانین چییە؟ نازانین ڕەهەندەکانی لەکوێیە؟ سەری لەکوێیە و پێی لەکوێیە؟ بۆیە باشترە پرسیارەکە بە جۆرێکی تر بپرسین و بڵێین: ئوستوورە چی نییە؟ چونکە زۆر خلیسکە و دەستەمۆ نابێت. بۆیە ناچارین ئەو شتانەی کە ئوستوورە نین لێی دوور بخەینەوە تاکوو لە دواییدا بچینەوە سەر خودی ئوستوورە. با سەرەتا باسی وشەی "ئوستوورە" بکەین.

     "ئوستوورە" لە ڕیشەی "ئیستوریا"وە هاتووە و لاتینییە و بە مانای گەڕان و زانیارییە؛ بەڵام هاوکات بە مانای "چیرۆک"یشە. لەم ماکەوە دوو وشە لەزمانە ئەورووپییەکاندا هەن؛ وشەی "هیستۆری" بە مانای "مێژوو" و وشەی "ستۆری" بە مانای "داستان و چیرۆک". ئەمڕۆ لەناو زمانە ئەورووپاییەکاندا لە وشەی "ئوستورە" کەڵک وەرناگرن و بۆ ئوستوورە "میت"ی ( myth ) بۆ بەکار دەبەن بە تەلەفۆزە ئینگلیزیەکەیەوە واتە (میث). ئێمەیش ئەتوانین وەک فارسەکان لەباتی "ئوستوورە" لە وشەی "میت" کەڵک وەربگرین و بۆ ئوستوورەناسی ئەتوانین بڵێین "میتۆلۆژی". لە کوردی دا چەند وشەمان بۆ ئوستوورە هەیە کە بە داخەوە هیچیان پڕ بە پێست نین. یەکێکیان وشەی "ئەفسانە"یە کە خۆی وشەکە فارسییە، بەداخەوە لە باشووری کوردستان زۆر بەکار دەبرێت کە لەگەڵ ئەو وشەیەدا نیم و ئەفسانە هەرگیز بە واتای "ئوستوورە" نییە. "ئەفسانە" لە فارسیدا بەمانای چیرۆکێکی درۆیینانەیە. ئوستوورە جیهانبینیی لە دڵدایە. لە باشوور لە "دیرۆک" و "میتۆلۆژی"یش کەڵک وەردەگرن بەڵام باشتر وایە هەر "ئوستوورە"کە بەکار ببرێت. ئوستوورە خۆی وشەیەکی بە عەرەبی کراوە و بەو شێوەیە (اسطوره) دەنوسرێت کە بەتەواوەتی بە مانای جیهانبینییە و لەوە جوانترمان لە بەر دەستدا نییە. بۆیە باشترە هەر ئەو وشەی "ئوستوورە"یە بەکارببەین.

     "ئوستورە" هاوسنووری سێ زانستی ترە کە بریتین لە: " مێژوو"، "شوێنەوارناسی" و "دین ناسی".

یەکەم " مێژوو"، کە زانستێکی بەڵگەمەندە و باسی چۆنیەتیی و چەندایەتی و هۆکار و دەرەنجامی ڕووداوەکان ئەکات. "ئوستوورە" ئەمە نییە و بەشوێن بەڵگەدا ناگەڕێت و باسی چلۆنایەتی و چەندایەتی ناکات، چونکە باسی جیهانبینی دەکات. وشەی "جیهانبینی" لەگەڵ ئوستوورەدا وەها لێک گرێ دراون کە ئەگەر لێکیان بکەیتەوە ئوستوورە هیچی تێدا نامێنێت؛ مەگەر چەند چیرۆکی ساکاری منداڵانە. کەوایە ئوستوورە بناخەکەی لەسەر "جیهانبینی"یە.

 دووهەم "شوێنەوارناسی"یە کە باسی شتێک دەکات کە هی پێش مێژووە. بۆ نموونە باسی چاخی سەهوڵبەندان و پێش سەهوڵبەندانە. واتە شتی سیانزە هەزار یان چواردە هەزار ساڵ لەوە پێش دەدۆزنەوە، وەکوو بەردێکی داتاشراو و ئەڵێن ئەمە وەک خەنجەر بەکاریان هێناوە. ئەمە ئیتر ناچێتە خانەی مێژوو.

سێهەمین زانست "دین ناسی" یان "تێئۆلۆژی"یە کە باسی باوەڕگەلی مێتافیزیکی و ئاسمانیی گەلان و پەیوەندیی مێتافیزیک لەگەڵ مرۆڤەکان ئەکات. لە دین ناسیدا پیشانی دەدات کە گەشەی ئایینەکان، جێبەجێ کردنی مه‌ناسک و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان چۆنە؟ بە چەشنێک کە یەکێک لەو تەوەرانە ئەبێتە بابەتێک بۆ توێژینەوەی دین ناسانە.

     نموونەیەک دێنینەوە کە سنووری ئوستوورە لەگەڵ ئەو سێ زانستەدا پیشان بدات. خەنجەرێک دەدۆزرێتەوە ئەمە وەک سووژە؛ "شوێنەوارناس" ئەڵێت: ئەم خەنجەرە لە چ کانزایەک دروست بووە؟ کوورەکەی لە کوێ بووە؟ بەکاری چی دێت؟ ئایا بۆ پیاوکوشتنە یان بۆ شووتی لەتکردن؟ هەروەها پێمان ئەڵێ نموونەی ئەمە لە فڵانە شوێنیشدا هەیە. لە هەزار کیلۆمەتر  ئەو لاترەوە لە ناو فڵانە نەتەوەیشدا هەیە. "مێژوونووس" ئەڵێ: بە دەستی کێوە بووە؟ کێی پێ کوژراوە؟ بەو کوشتنە چ دەسەڵاتێک دامەزراوە؟ یان چ دەسەڵاتێکی پێ ڕووخاوە؟ "دین ناس" بە شوێن پەرستگە و ئاییندا ئەگەڕێ. ئەڵێ لەو شوێنەی کە خەنجەرەکە دۆزراوەتەوە با پەرستگایێک بدۆزمەوە، تاکوو لە ڕووی ئەوە بتوانم بە کارهێنانی ئەم خەنجەرە لە ڕێوڕەسم و مەناسکی دینیدا بدۆزمەوە. بەڵام "ئوستۆرەناس" سەیری دەسکی خەنجەرەکە ئەکات ئەبینێت نەخشێکی پێوەیە کە وێنەی خوایەکە. لەوانەیە "خوا ژنێک" یان هێمایەک بێت و لە ڕووی ئەوەوە پێمان ئەڵێت جیهانبینیی ئەو سەردەمەی ئەو خەڵکە چی بووە؟ یان خاوەنی ئەو خەنجەرە چ باوەڕێکی بووە؟ ئاخێزگەی ئەو باوەڕە لە کوێوە هاتووە؟

     پسپۆڕانی ئەو سێ زانستە نابێ بێنە ناو "ئوستوورەناسی"یەوە، چوونکە سەرلێشێوان دروست دەبێت. لەم چەند ساڵەی دواییدا هەندێک مێژوونووس بۆ ئوستوورەی "کاوە و زوحاک" کە لە زاتی خۆیدا ئوستوورەیە، لێکدانەوەی مێژووییان کردووە. "مووسا خۆرێنی" لە سەدەی پێنجەمی زایینی، مێژووی ئەرمەنستانی نووسی. لەو کاتەدا باو بوو کە مێژوویان تێکەڵ بە چیرۆک دەکرد و لە چیرۆکەکانیشدا ئەبوایە پاوشا لەگەڵ ئەژدیهایەکدا شەڕی بکردایە. "مووسا خۆرێنی"ی ئەرمەنی وتی: ئەم فەرەیدوونە "کوورش"ە کە لەگەڵ ئەژدیها شەڕ ئەکات و ئەژدیهاکەیش "ئاستیاک"ە. بەم چەشنە بەردێکی لاری دانا و دیوارێک لەسەر ئەم بەردە هەڵچنرا و تاکوو ئەمڕۆ ئەورووپاییەکان ئەمەیان بە مێژووی "ماد و هەخامەنشی"یەکان داناوە. بەڵام لای ئوستوورەناس سەرلەبەری ئەم باسە هەڵەیە. لای ئەو ئەمە بەسەرهاتی داهێنان و دەستەمۆکردنی ئاسنە. لە چاخی ئاسندا، لە دڵی زاگرۆسدا بەردێک دەربێنیت و بیتوێنیتەوە و نەیزە، داس یان شمشێری لێ دروست بکەیت؛ ئەمە ڕووداوێکی گرنگە کە یەکەم جار لە جیهاندا کورد ئەو کارەی کردووە. ئەمە قسە‌ی "گریشمەن"ە کە مێژوونووسێکی ناوداری ئەڵمانییە. ئەم چیرۆکی دەستەمۆکردنەی ئاسنە بوو بە ئوستوورەی "کاوە و زوحاک" کە هیچ پەیوەندییەکی بە ماد و هەخامەنشییەوە نییە.

KURDŞOP
482 بینین

دەنگبێژی بەناوبانگ، "قادر سۆفیانی" کۆچی دواییی کرد

پێشانگەی هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر

پێشانگەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی ماشەڵڵا محەممەدی (ئارێز)، هونەرمەندی شێوەکاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەولێر کرایەوە.

سەرکەوتنی ئامەدسپۆر پیرۆز بێت

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستانیش ئەگەرچی لە لایەن شۆڤێنییە دەسەڵاتدارەکانەوە زۆر دژایەتیی کراوە و دژایەتی دەکرێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا توانیویەتی بەردەوام ڕێگای سەرکەوتن بەرەو لووتکە بپێوێ و ئێستا بووەتە نوێنەری دەنگی کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە گۆڕەپانی وەرزشدا.

پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کوردان بەسەر فاشیسمدا لە باکووری کوردستان

لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان دوو سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد. یەکەمیان سەرکەوتنی حزبی کوردستانیی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ٨٥ شارەوانی و بە تایبەتیش شارەوانییەکانی ۱۱ گەورەشاری باکووری کوردستان بوو.

"خەلاتی نێ" خەڵاتێکی نیشتمانی

خەڵاتێکی ساڵانە لە لایەن ڕای گشتیی خەڵکێ گەورە دێی "نێ"ی مەریوانەوە دیاری کراوە کە بڕیارە لەمساڵەوە بدریت بە کەسانی هەڵکەوتووی بوارە جیاجیاکان لە دەڤەری مەریواندا.

جێژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆز بێت

جێژنی نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد جێژنی جەختکردنەوە لەسەر مافە ڕەوانەکانی و وەربیرهێنانەوەی مێژوویەکی درێژ لە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و ڕزگارییە و ئاگری گەشی نەورۆز کە لە لایەن نەتەوەی کوردەوە دادەگیرسێ، هێمای هیوا بە دواڕۆژی ڕووناک بۆ نەتەوە و نێشتمانەکەمانە.

سێهەم ساڵیادی دامەزراندنی کوردشۆپ پیرۆز بێت

کوردشۆپ لە ماوەی سێ ساڵ چالاکیی خۆیادا هەوڵی داوە دەنگ و ڕەنگی هەموو کوردان لە سەرانسەری کوردستان بێ و بە بێ جیاوازی ئاوڕ لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان بداتەوە و خەڵکی کوردستان بە مێژوو، جوگرافیا، هونەر، زمان، ئەدەبیات، کەلتوور و کەلەپووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان زیاتر ئاشنا بکات.

کۆڕیک بۆ سینەمای کوردی لە مەریوان

ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان بە هاوکاریی سینەما کوردستان، کۆڕێکی بۆ سینەمای کوردی و نمایشی سێ فیلمە تازەکەی سێ دەرهێنەری مەریوانی بەڕێوە برد.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!