مەریوان؛ کۆڕێک بۆ کتێبی "مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد"

     " مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد" تازەترین بەرهەمی "دوکتۆر سۆران حەمەڕەش"ە کە ماوەیەکە لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا قسەوباسی لەسەر دەکرێت. "ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان" کۆڕێکی ڕەخنەیی بۆ ئەو کتێبە ساز کرد کە "مامۆستا ساڵح حەبیبی" وەک وتاربێژ کتێبەکەی ناساند. هەروەها "دکتۆر ئەفراسیاب جەماڵی" وەکوو ڕەخنەگر لایەنەکانی کتێبەکەی هەڵسەنگاند. کۆڕەکە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند.

 

کوردشۆپ

 

سەرەتا پەیامی " سۆران حەمەڕەش" بۆ کۆڕەکە خوێندرایەوە؛ دواتر کۆڕەکە بەڕێوەچوو کە لەخوارەوە پوختەی باسەکانیان دەخوێنینەوە.

     مامۆستا حەبیبی لە وتارەکەیدا وتێ: ئەم بەرهەمەی "دکتۆر سۆران حەمەڕەش" کۆمەڵێک قسەی تازە و جیاوازی تێدایە. نووسەر خۆی زمانناسە و سی ساڵی تەمەنی تەرخان کردووە بۆ زمانەوانی و خوێندەوەی مێژوو. لەم کتێبەدا جیاوازییەک هەیە و خەریکە دیسکۆرس و گوتارێکی تازە دێنێتە ناو مێژووی کوردەوە و ڕیزێک بەڵگەی بۆ خستووەتە بەر چاو. لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی جیاواز باسی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکرێت و دەڵێت: ئەو مێژووەی بۆ ئەم ناوچەیە نووسراوە ئەورووپاییەکان یان بێگانەکان نووسیویانە. لە سەدەی حەڤدەوە کە بیرۆکەی ناسیۆنالیزم لەناویاندا شکڵ دەگرێت، بۆ سەلماندنی پرۆژەی هەژموونخوازیی خۆیان کە تیایدا سەرچاوەی هەموو شتێک دەبەنەوە سەر ئەورووپا، مێژووی زۆر نەتەوەیان بە لاڕێدا بردووە یا فەوتاندوویانە.

مامۆستا ساڵح حەبیبی

"سۆران حەمەڕەش" ئاماژە بەوە دەکات کە مێژوونووسە ڕۆژئاواییەکان تەنیا بەشێکیان هاتوونەتە کوردستان و ئەو بەشەش لەوانەیە شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەسەر کورد نەبووبێت، یان مێژووی کوردیان هەر نەخوێندبێتەوە. ئەوان ویستوویانە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم بۆ بەرژەوەندییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا چەند دەوڵەت نەتەوە وەکوو عێراق و تورکیا و سووریە دروست بکەن. ئەوەی ڕاستی بێت سنووری ئەم دەوڵەتانە لەسەر خاکی کوردستان دانراوە و بۆ ئەوەی واقعییەتێکی ساختە و درۆیینانە بەسەر ئێمەدا بسەپێنن ڕاستییەکانی مێژووی کوردیان سڕیوەتەوە و پەراوێزیان خستووە یان شێواندوویانە و لەمەدا زۆڵمی زۆر لە کورد کراوە. نووسەر سەرەڕای ئەوەی ڕەخنەیەکی زۆر لە ئورووپاییەکان دەگرێت، ئەڵێت: ئەمانە کە ئەو مێژووەیان بۆ ئێمە نووسیوە شارەزایانە هاتوون کورد بسڕنەوە یان پەراوێزی بخەن. کاک سۆران هەرچەند ڕەخنەیان لێ دەگرێت بەڵام هەر لە بەڵگە و ئاساوارەکانی ئەوان بۆ نووسینی کتێبەکەی کەڵک وەردەگرێت.

     کاک ساڵح حەبیبی لە درێژەی باسەکەیدا وتی: "سۆران حەمەڕەش" لە نووسینی کتێبەکەیدا شێوازێکی ئاکادێمیکی بەکار بردووە و  تیایدا ئاسەوارەکان ناسێندراون و ئەو کەسانەش کە لەسەر کورد کاریان کردووە، ئەو بە بەڵگەوە ناوەکانیان و کارەکانیان ئەهێنێتەوە. ئەو لەو کتێبەدا باسی ئەوە دەکات کورد مێژوویەکی کۆنتری هەیە لەو شتەی کە ئێستا هەیە و لە پاڵ چەپکێک بەڵگەدا بە بەڵگەی زمانناسانەشەوە، زمانی کوردی دەباتەوە بۆ سەر زمانی سوومەرییەکان و ئەڵێت: کوردی ئەمڕۆ پاشماوەی سوومەرییەکانە و ئەوەی کە سەبارەت بە کورد وتراوە جۆرێک بەلاڕێدا بردنی مێژووە .

      لە بەشی دووهەمی کۆڕەکەدا "دوکتۆر ئەفراسیاب جەماڵی" کە دکتۆرای مێژووە، بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە باسی کتێبی " مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد"ی کرد و وتی:

  لەسەر مێژوو نووسین، هەم ئاسانە و هەم سەختیشە. ئاسانە هەرکەس ڕێگە بە خۆی ئەدات هەرچی پێی خۆشە بینووسێت. ئەمە لانیکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دوو سەدەی پێشوودا دەرکەوتووە کە کەسانێکی زۆر لەسەر مێژوویان نووسیوە و هیچ دامودەزگایەکیش نییە بەرگری بکات لەوەی هەر کەسێک لە هەر بوارێکدا کە خوێندبێتی لە سەر مێژوو بنووسێت. بەڵام فاکتۆرێکی سەرەکیمان هەیە ئەویش "مانەوەیە" و بەدرێژاییی هەزاران ساڵ هەر ئەو سەرچاوە مێژووییانەی ماونەتەوە کە بەڕێز "سۆران حەمەڕەش" لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێ کردوون.  هەر لە "ئیبنەحۆقەل" تاکوو "دینەوەری، هەزاران کەسی تر بوون مێژوویان نووسیوە بەڵام ناویان نەماوە یان کەس ناویان لێ نابات، بەس ئەوانە ئەمێننەوە کە شتێکی ڕێکوپێک و بە جێگەیان نووسیبێت.

دوکتور ئەفراسیاب جەمالی

     نووسینی مێژوو لەم سەردەمەدا سەر بۆ دوو لایەن دەبات: یەکێک ئەوەیە کە بەسیاسیکردنی مێژووە یان بە ئاراستە کردنێکی ناسیۆنالیستی، دینی یان ئایینی.  بۆ وێنە کەسێک وەکوو باوەڕمەندێک پێی خۆشە لەسەر مێژووی ئیسلام بنووسێت، بۆیە بە خۆشەویستییەوە بۆ بابەتەکە دەڕوانێت و هەرچی پێی خۆش بێت دەینووسێت؛ زۆریش بۆی گرنگ نییە کە ئایا سەنەدێکی جیددی بەکار دەبات یان نە، چونکە لە نووسراوەکەیدا خۆشەویستیی خۆی دەردەبڕێت. یان لە بواری ناسیۆنالیستیدا لەم سەد ساڵی ڕابردووەدا فارسەکان کە خوازیاری حکوومەتی پاشایەتی و سەڵتەنەتن هەزاران بەڵگە و سەنەد و کتێبیان لە سەر ئێران بەتایبەت لە سەر "ڕەزا شا" یان "پەهلەوی"یەکان نووسیوە کە پڕن لە حەز و خۆشەویستیی ئەو کەسانە بەرانبەر بە "ڕەزاشا" و تەنانەت "ئەسەدوڵا عەلەم". نووسینەوەی مێژوو بۆ خۆی ئوسلووب و مۆدێلی هەیە و لە بواری زانستی و عیلمییەوە نابێت هەر کەس ڕێگە بە خۆی بدات ئەوەی پێی خۆشە بینووسێت یان هەر شتێکی بەر دەست کەوت یان هەر شتێکی بینی، بەبێ مێتۆدێکی زانستی بیکات بە کتێبێکی مێژوویی و بڵاوی بکاتەوە.

      "دکتۆر جەمالی" لەدرێژەی قسەکانیدا لەسەر ئەو کتێبە وتی: "یەکەم" ناو و عنوانێک کە بەڕێز "سۆران حەمەڕەش" بۆ کتێبەکەی هەڵبژاردووە خودی بابەتەکە ئەباتە ژێر پرسیارەوە. هەروەها لە ئوسلووبی توێژینەوە و کتێبی تەحقیقیدا ئەبێت زۆر شت ڕەچاو بکرێت کە لەم کتێبەدا بەرچاو ناکەوێت، ئەویش پێشینە و ئەدەبیاتی توێژینەوەیە کە ئەبێ نووسەر تیایدا باسی ئەو کارانە بکات کە پێشتر لەم بوارەدا کراون. ئەو لەباتی ئەم کارە ئەڵێت: پێش لە من هیچ نەکراوە. زانکۆ کوردییەکان نەیان کردووە و کەسایەتیی کورد نەیکردووە. بەڵام بەڕای من کاری باش کراوە و خۆیشی هەموو ئەو بابەت و فاکتۆر و شتانەی کە لە کتێبە پێشووەکاندا هەن، هێناونیەتەوە، کەچی وەک پێشینەی ئەدەبیاتی توێژینەوە ئاماژەی پێ نەکردوون. لەکاری ئاکادێمیکدا ئەگەر کەسێک لە بەرهەم و میراتی کەسانێکی تر کەڵک وەردەگرێت، ئەبێ لە بەشی ئەدەبیاتی تەحقیقدا بڵێ ئەمانەم لە کێ وەرگرتووە و پێش لە من ئەم کارانە کراون، بەڵام بەلای منەوە هەڵەن یان من بە کارێکی جیددییان نازانم. ئەو لە عینوان و ناوی کتێبەکەیدا دەڵێ: "مێژووی نەگێڕدراوەی کورد"، بەڵام لە سەر کورد کاری زۆر کراوە، هەرچەن کارەکان شپرزن، یان لەوانەیە لە دێپارتمانێکدا یان لە ئەنسیکلۆپیدیایەکدا کۆ نەکرابێتەوە.

     "دووەمین" ڕەخنە ڕەوتی لێکۆڵینەوە یان ڕەوشی تەحقیقە. لەکاری زانستی و لە کاری ئاکادێمیدا بە تایبەت لە بواری مێژوودا تۆ ئەبێ حەتمەن ڕەوتێکی لێکۆڵینەوەت ببێت و بڵێی من لە سەر چ بنەمایەک گەرەکمە کار بکەم و شتێکی تازەم دۆزیوەتەوە و دۆزینەوەی ئەمە کارێکی بنەڕەتی و ڕیشەییە؛ کە ئەمەش لە کتێبەکەدا ڕوون نییە. لەم بەرهەمەدا یەک گریمانە و فەرزییە هەیە ئەویش ئەوەیە کە دڵێت "سوومەری" کوردن. ئەگەر نووسەری بەڕێز بهاتبایەت بەس ئەم بابەتەی وەکوو گریمانە و فەرزییەیەک تەواو بکردایەت و بیگوتایەت من دەمهەوێت ئەمە بسەلمێنم کە سومەرییەکان کوردن و ئەوجار بهاتایەت بە زانستی زمانناسی و  بەو بەڵگانەی کە لەبەردەستیدان بیسەلماندایەت، کارەکەی لەبواری زانستییەوە پڕ بایەخ و گرنگ دەبوو. "بابەتی سێهەم" کە پێویستە ئاماژەی پی بکەم بابەتی تیۆرییە و ئەگەر کەسێک کاری مێژوویی بکات، ئەبێ حەتمەن تیۆرییەکی ببێت. ئەو ئەیتوانی لەم بەرهەمەدا لەسەر بنەمای تیۆریی ڕۆژهەڵاتناسیی ئۆرییەنتالی کارەکەی بباتە پێشەوە بۆ ئەوەی لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکاندا بەهەند بیگرن.

KURDŞOP
750 بینین

دەنگبێژی بەناوبانگ، "قادر سۆفیانی" کۆچی دواییی کرد

پێشانگەی هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەولێر

پێشانگەیەکی تایبەت بە کارە هونەرییەکانی ماشەڵڵا محەممەدی (ئارێز)، هونەرمەندی شێوەکاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەولێر کرایەوە.

سەرکەوتنی ئامەدسپۆر پیرۆز بێت

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستانیش ئەگەرچی لە لایەن شۆڤێنییە دەسەڵاتدارەکانەوە زۆر دژایەتیی کراوە و دژایەتی دەکرێت، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە تا ئێستا توانیویەتی بەردەوام ڕێگای سەرکەوتن بەرەو لووتکە بپێوێ و ئێستا بووەتە نوێنەری دەنگی کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە گۆڕەپانی وەرزشدا.

پیرۆزبایی بە بۆنەی سەرکەوتنی کوردان بەسەر فاشیسمدا لە باکووری کوردستان

لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان دوو سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد. یەکەمیان سەرکەوتنی حزبی کوردستانیی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی ٨٥ شارەوانی و بە تایبەتیش شارەوانییەکانی ۱۱ گەورەشاری باکووری کوردستان بوو.

"خەلاتی نێ" خەڵاتێکی نیشتمانی

خەڵاتێکی ساڵانە لە لایەن ڕای گشتیی خەڵکێ گەورە دێی "نێ"ی مەریوانەوە دیاری کراوە کە بڕیارە لەمساڵەوە بدریت بە کەسانی هەڵکەوتووی بوارە جیاجیاکان لە دەڤەری مەریواندا.

جێژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی پیرۆز بێت

جێژنی نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد جێژنی جەختکردنەوە لەسەر مافە ڕەوانەکانی و وەربیرهێنانەوەی مێژوویەکی درێژ لە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و ڕزگارییە و ئاگری گەشی نەورۆز کە لە لایەن نەتەوەی کوردەوە دادەگیرسێ، هێمای هیوا بە دواڕۆژی ڕووناک بۆ نەتەوە و نێشتمانەکەمانە.

سێهەم ساڵیادی دامەزراندنی کوردشۆپ پیرۆز بێت

کوردشۆپ لە ماوەی سێ ساڵ چالاکیی خۆیادا هەوڵی داوە دەنگ و ڕەنگی هەموو کوردان لە سەرانسەری کوردستان بێ و بە بێ جیاوازی ئاوڕ لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان بداتەوە و خەڵکی کوردستان بە مێژوو، جوگرافیا، هونەر، زمان، ئەدەبیات، کەلتوور و کەلەپووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان زیاتر ئاشنا بکات.

کۆڕیک بۆ سینەمای کوردی لە مەریوان

ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان بە هاوکاریی سینەما کوردستان، کۆڕێکی بۆ سینەمای کوردی و نمایشی سێ فیلمە تازەکەی سێ دەرهێنەری مەریوانی بەڕێوە برد.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!