بەرێزان، بەشدارانی رێوڕەسمی پێشکەشکردنی یەکەم خەڵاتی زارا بۆ زمانی کوردی.
زمان، سەرەکیترین پێناسەی نەتەوەیە. بوون و مانی هەر نەتەوەیەک، بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە مانەوەی زمانی ئەو نەتەوەیەوە. بە درێژایی مێژوو و بە تایبەت لە سەدەی ڕابردوودا، دەیان زمان لەسەر گۆی زەوی فەوتاون و ئاخێوەرانی ئەو زمانانە زمانی دراوسێکانیان یا زمانی ئایینەکەیان وەرگرتووە و زمانی خۆیان لە یاد کردووە. بەم شێوەیەش لە نێو گەلان و نەتەوەکانی دیکەدا تواونەتەوە و بوونەتە بەشێک لەم نەتەوانەی زمانەکەی ئەوانیان فەوتاندووە.
لە سەدەی ڕابردوودا و بە تایبەت پاش شەڕی جیهانیی یەکەم و ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەرهەڵدانی دەوڵەت نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەولەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بە تایبەت لە سێ پارچەی باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە باشووری کوردستان، هەوڵی کاڵ کردنەوە و نەهیشتنی زمانی کوردی و لەو ڕێگایەشەوە هەوڵی لە ناوبردنی کورد لە ڕێگای تواندنەوە و ئاسمیلەکردنی ئەم نەتەوەیەیان داوە.
سیاسەتی سەرکوتی زمانی و ژینۆسایدی سپی بە تایبەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان توندتر لە پارچەکانی دیکە بووە و ئەگەرچی دەوڵەتەکانی داگیرکەری ئەم دوو بەشەی کوردستان، دوو سیاسەتی تا ڕادەیەک جیاوازیان گرتووەتە بەر بەڵام ئامانجی سیاسەتی هەردووکیان، هەر یەک بووە و دەرئەنجامەکانیش زۆر لێک جیاواز نەبوون. لەم دوو پارچەیەی کوردستان بە ملیۆنان کورد بە هۆی سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردنەوە لە کوردبوون داشۆراون و ئێستا یا خۆیان بە تورک و فارس دەزانن و یا وەک بەشێکی زۆر لە لوڕ و بەختیارییەکان خۆیان بە نەتەوەیەکی جیاواز لە کورد دەزانن. ئەم سیاسەتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند سالێکە لە هەوڵی ئەوەدایە، لەکەکانییش لە کوردستان داببڕێ و بۆ ئەم مەبەستەش فەرهەنگستانی زمانی فارسی لە کاتێکدا کە هێشتا سیاسەتی فەرمیی خۆی بەرانبەر بە زمانی کوردی ڕانەگەیاندووە، زاراوەی لەکیی زمانی کوردیی وەک زمانێکی سەربەخۆ بە فەرمی ناسیوە.
لە بەرانبەر هەوڵەکانی داگیرکەرانی کوردستاندا، خەڵکی کوردستان و نووسەران و ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد، ئەوەندەی لە دەستیان هاتووە هەوڵیان بۆ پاراستن و گەشە و پێشکەوتنی زمانی کوردی داوە.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، رێکخراوە مەدەنییەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی لە رێگای فێرکاری و پەروەردە بەم زمانەوە هەبووە و سەدان و هەزاران مناڵی کوردیان بە شیوەی خۆبەخشانە فێری خوێندن و نووسنین بە زمانی دایکییان کردووە و لەم ڕێگایەشدا ڕووبەڕووی کەندوکۆسپ و کێشە و ئاستەنگی زۆریش بوونەتەوە بەڵام هەر کۆڵیان نەداوە.
لە ساڵی رابردوودا دوو مامۆستای زمانی کوردی کە هەردووکیشیان ئافرەت بوون بە ناوەکانی زارا محەممەدی و موژگان کاووسی، تەنیا بە هۆی فێرکردنی زمانی کوردی بە مناڵانی کورد، بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران تۆمەتبار و لە لایەن دەسەلاتی دادوەریی ئەم وڵاتەوە زیندانی کراون.
زیندانیکردنی مامۆستایانی زمانی کوردی کە نیشانەیەکی ڕوونی دژایەتیی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرانبەر بە پەروەردەی زمانی کوردی و پەروەردە بە زمانی کوردییە ، دەرخەری ئەو دۆخە مەترسیدارەیە کە مامۆستایانی زمانی کوردی و چالاکانی بواری پەروەردە بە زمانی کوردی و نووسەرانی کوردینووس لەم پارچەیەی کوردستان لەگەڵی ڕووبەڕوو دەبنەوە.
هەر بۆیە وەک ڕێکخراوی کوردشۆپ بڕیارماندا وەک وەفایەک بۆ ئەو دوو مامۆستایە و هەموو ئەو مامۆستایانەی خزمەت بە زمانی کوردی دەکەن، خەڵاتی زارا بۆ خزمەتی زمانی کوردی ڕابگەیەنین و هەموو سالێ لە ساڵوەگەری زیندانیکرانی مامۆستا زارا محەممەدیدا، پێشکەشی ئەو کەس و دامەزراوانەی بکەین کە زۆرترین خزمەتیان بە زمانی کوردی کردووە.
ئاشکرایە کە لە سەرانسەری کوردستان، سەدان کەس بە شێوەیە خۆبەخشانە خزمەت بە زمانی کوردی دەکەن و زۆر کەس تەمەنی خۆیان لەم ڕێگایەدا داناوە. هەر بۆیە دەستنیشان کردنی ناوی کەس یا دامەزراوەیەک بۆ ئەم خەڵاتە بە مانای پشتگوێخستنی خزمەتی کەسانی دیکە نییە. ئەم هەوڵەی ئێمەش هەوڵی خۆبەخشانەی ژمارەیەک چالاکی کورد لە چوارچێوەی رێکخراوێکی مەدەنیدایە و هیوادارین دامودەزگا حکوومییەکان و زانکۆکانی کوردستانیش، زیاتر ئاوڕ لە خزمەتکارانی خۆبەخشی زمانی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بدەنەوە.
لێرەوە پیرۆزبایی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی کوردشۆپ ئاراستەی ئەو لایەنە دەکەین کە لە لایەن لێژنەی داوەرانەوە، وەک یەکەمین براوەی خەڵاتی زارا بۆ خزمەتی زمانی کوردی دەستنیشان کراوە.
ئاواتەخوازین ئەم ڕێکخراوەیە کە بە هەوڵی و کاری خۆبەخشی دەیان لاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خزمەتێکی زۆری بە زمانی کوردی کردووە، لەسەر کار و چالاکییەکانی و خزمەتکردن بە زمانی کوردی بەردەوام بێت و لەم ڕێگایەدا بەردی سارد و گەرم نەیەتە سەر ڕێگایان.
دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی کوردشۆپ