هۆکارەکانی بێخەوی چین و چۆن چارەسەر دەکرێت؟

بێخەوی، کە بە "ئینسۆمنیا"ش ناسراوە، کێشە لە خەوتنە کە بەهۆی هۆکاری دەروونی، بایۆلۆژی یان بەهۆی کێشەی پزیشکییەوە دروست دەبێت.

شادی

بێخەوی، کە بە "ئینسۆمنیا"ش ناسراوە، کێشە لە خەوتنە کە بەهۆی هۆکاری دەروونی، بایۆلۆژی یان بەهۆی کێشەی پزیشکییەوە دروست دەبێت. هەرچەندە کەسەکە هەست بە خەواڵوویی یان ماندویەتی دەکات، بەڵام ناتوانێت بخەوێت و بە درێژایی شەو زۆر کەم دەخەوێت. هەروەها ژنان زیاتر لە پیاوان کێشەی خەوتنیان هەیە. هۆکاری ئەوەش لە کاتی ئەو گۆڕانکارییە هۆرمۆنییانەیە کە لە کاتی سووڕی مانگانە و وەستانی سووڕی مانگانەدا تووشی دەبن. هەروەها لەوانەیە کێشەی خەوتن لە کاتی دووگیانیدا ڕوو بدات.

بۆچی بێخەوی دروست دەبێت؟

١- سترێس

سترێس هۆکاری زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکانە. ئەو کێشانەی کە لە خێزان، قوتابخانە یان لە شوێنی کاردا تووشی دەبن، شەوانە دێنەوە نێو مێشکمان و دەبنە هۆی ئەوەی کە وەخەبەر بێینەوە. هەروەها بارودۆخەکانی وەک مردنی کەسێکی ئازیز، نەخۆشی یان دابڕان، چونکە دەبێتە هۆی دڵتەنگی و سترێس، وا دەکات شەوانە خەوی مرۆڤ قورس بێت.

٢- خەمۆکی

ئەو کەسانەی بەهۆی کێشەی جۆراوجۆرەوە تووشی خەمۆکی دەبن، شەوانە خەوتنیان قورسە. هەروەها زۆر کەم دەتوانن بخەون. هۆکارەکانی بێخەوی بە گشتی بەهۆی کێشەی دەروونییەوەیە.

٣- ئەعساب

ئەو کێشانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕوو دەدەن، دەبنە هۆی تووڕەیی. بەمە دەڵێن سترێسی دوای ڕووداو. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە خەوی لێ نەکەوێت. هەروەها نیگەرانی لە بێخەوی دەبێتە هۆی قورسترکردنی خەوتن.

٤- کێشەی تەندروستی

ئازاری درێژخایەن، کەمبوون یان لاوازبوونی هەستی بۆنکردن و هەناسەدان و هەروەها میزکردنی زۆر لە هۆکارەکانی بێخەوین. هەروەها ئەم نموونانەش دەبنە هۆی بێخەوی: شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی گەدە، نەخۆشیی پارکینسۆن، نەخۆشیی سییەکان، نەخۆشیی گورچیلە و ئالزایمر.

٥- هۆکارە ژینگەییەکان

ئەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەخێرایی کار دەکەن یان زۆر جار ناچار دەکرێن کار بکەن یان لە دۆخێکی وادان کە ناچارن بەردەوام گەشت بکەن، ڕەنگە ڕیتمەکانی جەستەی ئەو کەسانە تێک بچن. کاتێک ڕیتمی جەستەی کەسێک تێک بچێت، خەویشی تێک دەچێت.

٦- دەرمان

هەندێک لەو دەرمانانەی کە بەکار دەهێنرێن کاریگەرییان لەسەر سیستەمی خەو هەیە، بۆ نموونە دەرمانی دژە خەمۆکی و حەساسییەت و دەرمانی دڵ. هەروەها ئازارشکێنەکان دەبنە هۆی بێخەوی.

٧- کافێئین و ئەلکول

ئەگەر مرۆڤ لە ڕۆژدا خواردنەوەکانی وەک قاوە و کۆلا و چا، بە زۆری بەکار بهێنێت، ئەوە شەوانە بێخەوی دەکات. هەروەها نیکۆتین کە لە بەرهەمەکانی تووتندا هەیە، دەبێتە هۆی بێخەوی. هەرچەندە ئەلکول خەواڵوویی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام ڕێگریت لێ دەکات لە خەوێکی قووڵدا بخەویت.

٨- خواردنی قورس لە شەودا

هەروەها خواردنی زۆر خواردن و خواردنی قورس پێش خەوتن، هەرسکردن قورس دەکات، ئەمەش کاریگەریی لەسەر خەوتنی کەسەکە دەبێت. کێشەکانی وەک دڵەکزە ڕێگە نادات مرۆڤ بخەوێت. هەر بۆیە پێویستە بەلایەنی کەمەوە ٢ کاتژمێر بەسەر خواردن تێپەڕێت، پاشان مرۆڤ بخەوێت.

نیشانەکانی بێخەوی کامانەن؟

ژانەسەر

تووڕەیی و خەمۆکی

کەمخەوی لە شەودا

کێشەی یادەوەری و سەرنجدان

هەستکردن بە ماندوویەتی و بێخەوی بە درێژایی ڕۆژ

زیانەکانی بێخەوی چین؟

خەوتنی باش ڕێگەمان پێ دەدات ئەوەی فێر بوویین و ئەوەی دەیزانین، جێی خۆی بگرێت. بێخەوی کاریگەریی لەسەر دەروون و مێشک هەیە و زیانی درێژخایەن و کورتخایەن بە یادەوەریی مرۆڤ دەگەیەنێت. کەمتر لە ٧-٨ کاتژمێر خەوتن، دەبێتە هۆی خەمۆکی. واتە خەمۆکی یەکێکە لە نەخۆشییەکانی بێخەوی. بەپێی توێژینەوەکان، ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکیی کەسێکی بێخەو، ٥ هێندەی ئەوانی ترە.

هەروەها بێخەوی بۆ ماوەیەکی زۆر کێشەی پێستی لێ دەکەوێتەوە. کێشەکانی وەک چرچ و لۆچیی ژێر چاو لە سەرەتاوە دروست دەبن، کاتێک کێشەکە درێژخایەن دەبێت، زیاتر و زیاتر دەبێت و دەبێتە هۆی پیربوونی پێست.

یەکێکی دیکە لە کاریگەرییەکانی بێخەوی بریتییە لە زیادبوونی کێشی لەش. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەو کەسانەی بێخەو دەبن، زیاتر خواردن دەخۆن. بە تایبەتی خواردنە کاربۆهیدراتەکان ئارەزووی خواردن زیاد دەکەن و لە ئەنجامدا مەترسیی قەڵەوی زیاد دەکەن.

هەروەها بێخەوی کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی سێکسیی مرۆڤ هەیە. هۆکارەکەشی ماندویەتی و بێخەوییە.

جگە لەوەش توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بێخەوی ئەگەری مردن زیاد دەکات.

بێخەوی چۆن چارەسەر دەکرێت؟

١- دەرمان

بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە، هەندێک دەرمان لە دەرمانخانەکاندا بەردەستن کە دەبێ لەژێر چاودێریی پزیشکدا کەڵکی لێ وەربگیرێت.

٢- حەمامکردن بە ئاوی شیلەوتێن

حەمامکردن پێش لە خەو، خەوتن خۆش دەکات. خۆشۆردن یان دوشگرتن جەستەی مرۆڤ ئارام دەکاتەوە و سترێس کەم دەکاتەوە کە بەهۆی زیادەڕۆیی لە کارکردن لە ڕۆژدا دروست دەبێت.

٣- چای گیایی

بەکارهێنانی گیا و ڕووەکی دەرمانی بۆ بێخەوی دەتوانێت سوودی هەبێت. پێش خەوتن، خواردنەوەی چا لەبری قاوە زۆر کاریگەرترە. چای گیایی ئیسراحەت و ئارامی لە جەستەی مرۆڤدا دروست دەکات. لە هەمان کاتدا بۆ خانمانی دووگیان چای گیایی ڕەنگە باش نەبێت.

٤- جووڵەی وەرزشی

وەرزشکردن لە هەموو بەیانییەکدا، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، یارمەتیی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی شەوانە خۆش بخەوێت.

٥- دیاریکردنی کات

دیاریکردنی کات بۆ خەوتن و هەستان، کاریگەرییەکی باش لەسەر خەوتن دادەنێت.

٦- گرینگیدان بە خواردن

مرۆڤ پێش خەوتن پێویستە هەوڵ بدات چەوریی زۆر و خواردنی قورس نەخوات. لە هەمان کاتدا نابێ مرۆڤ لەسەر سکی بەتاڵ بخەوێت، چونکە ڕێگری لە خەوتن دەکات. هەروەها خواردنەوەی ئەلکول، نزیک لە کاتی خەوتن، دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان بە درێژایی شەو بێئارام بن.

KURDŞOP
730 بینین

نەخۆشییەکانی کەمخوێنی

نەخۆشییەکانی کەمخوێنی: جۆرەکانی، هۆکارەکان، نیشانەکان، شێوازی چارەسەرکردن و کەی پێویستە مرۆڤ بچێتە نەخۆشخانە یان لای پزیشک؟

نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمک

نەخۆشییەکانی پەستانی خوێن

نەخۆشییەکانی پەستانی خوێن: جۆرەکانی، هۆکارەکان، نیشانەکان، شێوازی چارەسەرکردن و کەی پێویستە مرۆڤ بچێتە نەخۆشخانە یان بۆ لای پزیشک؟

گرینگیی خۆپاراستن لە کاتی دووگیانبوون

کاتی بوون بە دایک، شیرینترین بەشی ژیانی هەر ژنێکە. چاوەدێری و ئاگالێبوون لە دەورانی دووگیانبوون، گرینگترین کارێکە کە دایک و کەسانی دەوروبەری دەتوانن بۆ تەندروستیی ئاوەلەمە و کۆرپەڵە بیکەن.

ژنان و شێرپەنجەی مناڵدان   

شێرپەنجەی مناڵدان یەکێک لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەیە لە نێوان ژنان. هەبوونی زانیاری لەبارەی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە و ناسینی خێرای، کاریگەریی زۆری لەسەر چارەسەرکردنەکەی هەیە. خوێنڕێژیی نائاسایی باوترین نیشانەی شێرپەنجەی مناڵدانە.

ئاسەواری سروشت لەسەر ڕۆح و ڕەوانی مرۆڤ

سترێس و دڵەڕاوکێ  لەو گرفتانەن کە بە سانایی دەتوانن هەڕەشە لە سڵامەتی بکەن. گەڕان و پیاسە لە نێو سروشتدا دەتوانێ ئەو گرفتانە بتارێنێ و لەشساغتر بن. توێژینەوەی لێکۆلەران نیشانی داوە ئەو کەسانەی چەند کاتژمێر لە ڕۆژدا لە نێو سروشت یا سەوزاییی پارکەکانی شار تێپەڕ دەکەن، کۆرتیزۆلی لەشیان لە سەتی بیست کەمترە. هۆرمۆنی کۆرتیزۆل" لەش تووشی سترێس دەکا.

نەخۆشیی شەکرە

ئامانج لە چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە، گەڕانەوەی شەکری خوێن بۆ ئاستی ئاساییی خۆیە، هەروەها ڕێگریکردن لە پێشکەوتنی ئاستی شەکرە. جگە لەوەش بۆ پاراستنی نەخۆشە لە جەڵتەی دڵ و مێشک. واتە نەخۆشی شەکرە دەبێ ئاستی شەکر لە خوێندا لە ٧٪ بهێڵێتەوە و ڕێژەی شەکرەکەی لەنێوان ١٤٠/٩٠ بێت.

١٦ ڕێکاری ڕزگاری لە بیرکردنەوەی نەرێنی

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!