خشڵ و جوانکاریی ژنانی کورد لە چاوی گەشتیارانی بیانییەوە

 

چیا عەزیزی

 

سەرەڕای سەختیی ژیان و بارودۆخی نایەکسانی سروشتی، ژنانی کورد جگە لەوەی گرنگییان بە جلوبەرگ دەدا، هەمووکات گرنگیان بە خشڵ (کە ئیکسسواراتێکی جوانکارییە) دەدا و بۆ جوانکاریی خۆیان تەنانەت ئەگەر کەمێک بووبێت چاویان لێ دانەدەخست. بەهای ئەو زێڕ و زینەی بەکاریان دەهێنا بە گشتی پەیوەست بوو بە توانای داراییی خەڵکەوە. بە شێوەیەکی سروشتی مرۆڤ تا دەوڵەمەندتر بووبێت، زینەی زیاتری دەتوانی بەکاری بهێنێت. زینەی ژنانی کورد بە گشتی بریتی بوون لە دەسبەن، گوارە، ملوانکە، پابەن(پامۆرە) و لووتەوانە (١)، کە بە دەگمەن بەکارهاتووە.(٢) بە گوتەی خاتوو فایفەر، بەکارهێنانی ئەڵقەی بچووکی لووت لەناو ژناندا، کەم تا زۆر باو بووە.(٣) لە یەکێک لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان کە تۆماس بۆیس کۆی کردۆتەوە، ژنێکی جوان داوا لە زێڕینگەرێک دەکات کە گوڵێکی زێڕین لە کونە لوتی چەپیدا وەک ژنانی کورد بتاشێت(٤)، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم ئەڵقە یان لووتەوانەیە لە خشڵە باوەکانی نێو ژنانی کورد بووە.

لە تێبینییەکانی گەشتیاراندا، هەرچەندە بەکورتی نموونەگەلێک لە خشڵ و جوانکاری ئاماژەیان پێ کراوە، بەڵام ئەم چەند کەرەستەیە تا ڕادەیەک دەتوانێت بۆ درووستکردنەوەی وێنەی ئەو شتەی ژنانی کورد لە ڕابردوودا بەکاریان دەهێنا، سوودی هەبێت. جۆرج فاولەر باسی لە حەزی ژنانی کورد بۆ خشڵ کردووە و بە شێوەی ڕیشکەگەلێک لە سکە کە بە تەوێڵ و بەشەکانی ترەوە دەیانبەست، وەسفی دەکات.(٥) واڵتەر هاریس لە ڕاپۆرتی سەفەرەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسی لەوە کردووە کە زۆربەی ژنانی کورد لە بان سەریان ڕیشکەگەلێک درێژ لە پارەی زیویان بەستبوو کە تەوێڵیانی دادەپۆشی.(٦) لە بەشێکی دیکەی گەشتەکەیدا، ژنی سەرکردەی کورد دەبینێت کە ڕازێنراو بە سکەی پاشاکانی ئینگلیس، ناپێلۆئۆن و لیرەی تورکییە کە بە سەروێنەکەی و دەوری ملیەوە بەستراونەتەوە،(٧) فایفەر سەروێنەکانیانی بریتی لە سەرپێچی ڕەشی پێچراو بە دەوری سەریاندا، ڕازێندراو بە سکە و تارە زێوییە قورسەکانی بینیوە کە لە شەدەکانیان شۆڕ بوونەتەوە.(٨)

یوجین ئوبن هاوشێوەی ئەوەی فاولەر و هاریس وتوویانە، خشڵ و ئێکسسواراتی ژنانی کوردی لە ڕێوڕەسمی سەماکانیان ئاوەها باس کردووە: «ئەڵقەی گەورەی زێڕین بە گوێچکەکانیانەوە هەڵواسراوە، ملوانکەیێک کە لە سکە دروستکراوە بە لەچکەی سەریانەوە دەبەسترێتەوە و لە ژێر چەناگەیاندا تێیدەپەڕێنن. یەکێکی تریش بە دەوری تەوێڵیانەوە دەبەستن.»(٩) لە ڕاپۆرتەکەی ئۆبێن وێڕای باسکردنی جۆری خشڵ، شێوازی بەکارهێنانیشی خراوەتە ڕوو، ئەو ملوانکەیە کە لە ژێر چناگەیانەوە تێیدەپەڕێنن، لە زمانی کوردی ناوی ژێرچەنە یا ژێرچەناگە(٩)یە کە زۆرتر لە زەماوەندەکانا بەکاریان دەهێنا.

کلۆدیۆس جەیمز ڕیچ ئاماژەی بە خشڵی ژنانی ئاغاکان و خەڵکی ئاسایی کردووە و لە ڕاپۆرتەکەی بەم شێوەیە نووسیویەتی: «ژنانی ئاغا لە پێشەوی تەوێڵیان خشڵ دەبەستن کە پێکهاتووە لە ڕیزێک لە ئاوێزەگەلی گەڵای زێڕین و لە هەردوو لای سەرپۆشەکە، تارێک لە مەرجان شۆڕ بووتەوە، کە بە یەکەوە بەستراوەتەوە و بە خشڵی بەر تەوێڵیانەوە دەبەسترێتەوە. گەوهەرێکی زۆر کەمیان هەیە؛ خشڵەکانیان بە گشتی لە ئاڵتوون و مەرجان پێکدێت، ژنانی چینی خوارەوە لەسەر شەدە و سەروێنی خۆیان سکەگەلی زێوین، پارچەگەی بچووکی کانزایی و دەنکۆڵەی شووشەیی(مووری) دەبەستن.»(١٠) ڕاپۆرتی جان ئۆتەر سەبارەت بە وەسفکردنی خشڵی کچێکی کورد لە دەوروبەری کرماشان، ئاشکرای دەکات کە جۆری خشڵەکان فاکتەری جیاکردنەوەی چینەکان بووە: «ئەڵقەیەکی ئاسنی بە پانایی دوو سانتیمەتر لە یەکێک لە کونەکانی لووتییەوە شۆڕبوو، لەو جۆرە ئەڵقانە بۆ ڕازاندنەوە بەکاردەهێنران. ئەڵقەی ئەوانەی دەوڵەمەندبن، لە زێڕ یان زێو دروست دەکرا.»(١١) لە هەوراماندا، ژنان و پیاوانی دەوڵەمەند، لەسەر کڵاوەکەیان کە بە فێس(١٢) ناسراو بوو، مەرجان و مووری کەوگ و زێریان وەسڵ دەکرد.(١٣)

نیکیتین بە گێڕانەوەی سۆن، سەبارەت بە خشڵی ژنانی موکریانی و ئەردەڵانی دەڵێت: «گوارە و بازنەکانی دەستیان و ڕیشکەگەلێک لە زێڕ کە بە تەوێڵیانەوە دەیبەستن، بەشێکە لە جلوبەرگەکانیان.»(١٤) بەکارهێنانی پارە لە خشڵەکانیان، زۆر بەر چاو دەکەوێ، نیکیتین باس لەوە دەکات: «پارە لە مامەڵەی کوردان بەدەگمەن دەخاڵەتی هەیە و سکەگەلی زێڕ و زێویش، زیاتر لە جوانکاریی سەر و مل و جل‌وبەرگی ئافرەتانی کورددا بەکاردەهێنرێت.»(١٥)

 لەسەر ماکیاژکردنی ژنانی کورد زانیارییەکی کەم هەیە، بەڵام بەو شتانەی کە لەبەردەستدان، دەردەکەون کە ماکیاژ لە نێو ژنانی کورددا باو بووە. لە کتێبی داب و نەریتی کورداندا هاتووە: «ژنان و کچانی کورد زیاتر وەک ژنانی عەرەب دەست و دەموچاو و ڕوومەت و لێوەکانیان دەڕازێننەوە.»(١٦)

ئۆژێن ئۆبن بەم شێوەیە باسی ماکیاژکردنی ژنانی کورد لە ڕێوڕەسمی سەمای کوردیدا دەکات: «ڕوومەتەکان سووراویان لێ دراوە، برۆکان بە هێڵێکی ڕەش بەیەکەوە وەسڵ کراون.»(١٧)

 کلارا کۆلیڤەر ڕایس(١٨) سەبارەت بە شێوازی قژی یەکێک لە کچە کوردەکان، وەهای نووسیوە: «بەزۆری جلوبەرگی کوردیی لەبەر دەکرد. قژەکانی بە دە یان دوانزە تاڵ دەهۆنیەوە و لە کۆتاییی هەر تاڵێکدا کە تا خوارەوەی کەلەکەی دەگەیشت، گوڵنگێکی ئاوریشمی دادەنا؛ ئەوەی لەسەری دەکرد زیاتر لە کڵاو دەچوو نەک چارشێو، و بە تاڵێک لە فیروزە بەسەریەوە بەسترابوو. بەشێک لە قژی بە شێوەیەکی لار بڕابوو کە بە سەرەوەی سەروێنەکەیەوە لکابوو.»(١٩)

بەپێی تێبینیەکانی گەشتیارەکان، یەکێک لە خشڵ و جوانکارییەکانی دیکەی ژنانی کورد(٢٠)، «خاڵ کوتان» بوو. شێوەی تاتۆ یان خاڵ‌کوتان بە دەرزی لەسەر ڕووی جەستەدا دەکێشرا(٢١)، ئەم نەخشانەش لە ڕێگەی ڕەنگی ڕەشی دوودە جێگیر دەکران(٢٢)، محەممەد بەکر سەبارەت بە چۆنیەتیی خاڵ‌کوتان ئاوای شرۆڤە داوە: «خاڵ‌کوتان بەپێی ناوچەکان چۆنیەتییەکەی دەگۆڕێ، زۆر لە ئێمە بینیومانە سوتووی لاستیکیان دەکردە سەر شوێنێ مەبەست و بەدەرزی دەیان کوتا، تا ڕەنگی دەگرت، وەلێ لە هەندێ ناوچەی وەک کۆبانێ و شنگال، لاسکی هەندێ درەخت و شیری دایکێک کە کچی بووبێت تێکەڵ دەکەن و بەدەرزی دەیکوتن تا ڕەنگ بگرێ، هەڵبەت زۆرجار ئەم پرۆسەیە زیاد لە قۆناغێکی هەیە».

 لە کتێبی کوردستان-ی عەلی ئەسغەر شەمیم، تاتۆکردن وەک شێوازێک بۆ جوانکاریی ژنانی کورد ناسێنراوە کە بە شێوەی گوڵ‌ و گەڵای کێوی، لەسەر دەست و پێ و قۆڵدا دەکێشرا.(٢٣) لە وێژە، شیعر و فۆلکی کوردیدا لەو بەیتانەی کە بەسەر خاڵ و خەتی یارا وتراون، ئاماژەیێکە بۆ باوبوونی خاڵ‌کوتان و بە ڕوونی ئاشکرایە کە لە دوای ئەوەی ئیسلام جێگیر بوو، کورد ئەم نەریتەیشی وەک ئەوانی تر هەڵگرتووە. (24)

 

سەرچاوە و تێبینییەکان:

١. لووتەوانە، خەزێم.

٢. مەحمودی، فرج اللە(١٣٥٢)، جغرافیای ناحیه ای قروه_ بیجار_ دیواندره، تهران، بی نا.

3.Pfeiffer٫ ida(1850)٫ Eine Frauenfahrt um die welt٫ band3٫ wien٫ Verlag von carl Gerold. : 190.

4.Bois, Thomas (1966), The Kurds, Published by Khayat Book & Publishing Company S.A.L. 90-94 Rue Bliss, Beirut, Lebanon. 116_ 115.

5.Fowler, George(1841), Three years in Persia; with travelling adventures in koordistan, v2, London, Henry colburn, Publisher. v2٫ : 24.

 

6.Harris٫ B. Walter (1896)٫ From Batum to Baghdad: Viâ Tiflis٫ Tabriz٫ and Persian Kurdistan٫ William Blackwood and Sons٫ Edinburgh and London: 198

7. Harris٫ B. Walter (1896)٫ From Batum to Baghdad: Viâ Tiflis٫ Tabriz٫ and Persian Kurdistan٫ William Blackwood and Sons٫ Edinburgh and London: 237

8.Pfeiffer٫ ida(1850)٫ Eine Frauenfahrt um die welt٫ band3٫ wien٫ Verlag von carl Gerold. 189_190

٩.اوبن،اوژن(١٣٦٢)، سفرنامه و بررسی های سفیر فرانسه در ایران، ایران امروز ١٩٠٧_١٩٠٦ ایران و بین النهرین، ترجمه و حواشی و توضیحات ار علی اصغر سعیدی، چ اول، تهران، کتابفروشی زوار.

١٠. لە فەرهەنگی کوردی هەنبانە بۆرینەدا، بۆ وشەی ژێرچەناگە سێ مانا هاتووە: ١. زیوەرێک کە ژێر چناگە دەگرێت ٢. شاڵ مل ٣. غەوغەوە(شەرەفکەندی، ٤٠٢:١٣٦٩).

١١.ریچ، کلودیوس جیمز (١٣٩٨)، سفرنامۀ کلودیوس جیمز ریچ (بخش کردستان)، ترجمه و تعلیق حسن جاف، تصحیح فرامرز آقابیگی، چ اول، تهران، انتشارات ایرانشناسی، ص٢٣١.

١٢. اوتر ژان ،(۱۳۶۳) سفرنامه ژان اوتر (عصرنادرشاه)، ترجمه علی اقبالی، چ اول، بی جا، سازمان انتشارات جاویدان. ص: ١٨١.

١٣. ئەم وشەیە لە شیعری کوردیشدا هاتووە؛ بۆ نموونە: پەرگەم و فێسی کەچی تۆ ئەی جوان/ تاجی کەیانە و عەلەمی کاویان (کۆیی، ١٠٢:١٣٩٠).

١٤.دانشوەر،محمود(١٣٨٧)، دیدنی ها و شنیدنی های ایران، چ اول، تهران، انتاشارات دنیای کتاب.ص ٧٣١.

١٥.نیکیتین، موسیو ب(١٣٥٦)، خاطرات و سفرنامه ی موسیو نیکتین، ترجمه ی علی محمد فرەوشی( مترجم همایون)، با مقدمه ای از ملک الشعرا بهار و بهرام فرەوشی، چ دوم، تهران، ناشر کانون معرفت. ص: .٢١٥

١٦. نیکیتین، موسیو ب(١٣٥٦)، خاطرات و سفرنامه ی موسیو نیکتین، ترجمه ی علی محمد فرەوشی( مترجم همایون)، با مقدمه ای از ملک الشعرا بهار و بهرام فرەوشی، چ دوم، تهران، ناشر کانون معرفت. ص ١٤١.

١٧.افندی بایزیدی محمود (۱۳۶۹) آداب و رسوم کردان به سعی و اهتمام شرق شناس مشهور روس الکساندرژابا، با نظریات مقدمه و مؤخرۀ استاد عبدالرحمن شرفکندی «هەژار» ترجمه و تعلیق و ضمائم از: عزیز محمدپور داشبندی چ اول، بی جا، بی نا، ص: ١٥٨.

١٨.اوبن،اوژن(١٣٦٢)، سفرنامه و بررسی های سفیر فرانسه در ایران، ایران امروز ١٩٠٧_١٩٠٦ ایران و بین النهرین، ترجمه و حواشی و توضیحات ار علی اصغر سعیدی، چ اول، تهران، کتابفروشی زوار. ص ١١٦.

18.Rice٫ Claudius james. Narrtjivr of A Residence in Koordistan and on the site of ancient Nineveh with journal of a voyage down the tigris to Baghdad, two Volumes-Vol I, London: James Duncan, Paternoster Row, Edited by: his window.

١٩.رایس، کلارا کولیور(١٣٨٣) ، زنان ایرانی و راوە و رسم زندگی آنان ( سفرنامه ی کلارا کولیور رایس) ، ترجمه ی اسدللە آزاد، چ اول، تهران، نشر کتابدار. ص: ٤٦.

٢٠. ڕەزم ئارا لە خاڵ کوتان لە ناو پیاوانیشدا ڕاپۆرتی داوە. (ڕەزم ئارا، ١٣٢٠: الف/٢١) ئاشکرایە کە نەخشەکان جیاواز لەیەکتر بوونە.

٢١. دمورگان، ژان ژاک ماری دو(١٣٩٨)، سفرنامه ی دمورگان، ترجمه ی کاظم ودیعی، ج دوم، تهران، دنیای کتاب.ج ٥٨/٢_٥٧.

٢٢. شمیم، علی اصغر(١٣٧٠)، کردستان، چ اول، بی جا، انتشارات مدبر. ص: ٥٢.

٢٣.آقابیگی، فرامرز (١٤٠٠)، کرد در سفرنامه‌ها (از صفوی تا پایان پهلوی)، چاپ اول، تهران، انتشارات ایران‌شناسی.

KURDŞOP
382 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!