نەفرین و دوعا لەنێو ژنانی کۆبانیدا - بەشی یەکەم

فاتما ئەتۆ

 

نەفرین و دوعا دوو بەشی پەیوەندیدارن لە فۆلکلۆری کوردیدا. خەڵک لە نەفرین و دوعادا چەندین ڕەنگ و ڕووخساری ڕامان و هەستی کۆمەڵگەی کوردی دەبینێت.

نەفرین لە هەندێک زماندا وەک "بەددوعا" هاتووە، دەستەواژەیەکە کە لە "بەد"ی فارسی کە بە واتای خراپە و "دوعا"ی عەرەبی کە بە واتای نزا و پاڕانەوە لە خودایە، دروست بووە. یانی بە واتای پاڕانەوەیە لە خودا تاکوو هەرچی خراپە بەسەر کەسێک یان هەندێکی کەسیدا بێنێت.

وەک دەزانرێت نەفرین و دوعا لە ئەدەبی کوردیدا و بەتایبەتی لە فۆلکلۆردا، هەروەک ئیدیۆم و پەند، ڕۆڵێکی گەورەی هەیە و زمانی کۆمەڵایەتی تێر دەکەن.

نەفرین و دوعا دوو توخمی پەیوەندیدارن و زۆرجار دەبنە توخمێک چونکە هەڵوێستی بەکارهێنانیان لە هەمان سەرچاوەوە سەرچاوە دەگرێت.

دوعا لەلایەن دایک، باوک و بەساڵاچووانەوە دەگوترێن. دوعا ئەو وشە جوانانەن کە مرۆڤ کاتێک تووشی ناڕەحەتی دەبێت دەستی بۆ خودا بەرز دەکاتەوە و دوعا دەکات بۆ ئەوەی لەو ناڕەحەتییە ڕزگاری بێت.

ناوەڕۆکی نەفرین و دوعاکان بەپێی پێویستیی ڕۆژانە دەگۆڕدرێت. کاتێک گوێ لە دوعا و نەفرینەکان ڕادەگرین، زانیاریی زۆرمان لەسەر بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردی دەست دەکەوێت. ئەم نەفرین و دوعایانە بۆ خۆیان بەرهەمی ئەدەبین. هارمۆنی و ئاوازێکیان تێدایە. داخوازیی قەبووڵکردنی نەفرینەکان لە خودا دەکرێت.

نەفرین لە کەلتووری زارەکیدا شتێکی نەرێنی و سروشتییە. دۆخی ژیان و پێداویستییەکانی مرۆڤەکانی ڕابردوومان بە شێوەیەکی باش پێ دەڵێن.

لە چیرۆک، چیڤانۆک، گۆرانی، لۆریک و کەلامی فۆلکلۆری کورداندا باس دەکرێن. هەروەک ئاماژەمان پێ دا، نەفرین و دوعا تەنیا لەلایەن ژنانەوە بەکار ناهێنرێن و زۆر جاریش لە پیاوان گوێمان لێ دەبێت کە دەستەکانیان بەرز دەکەنەوە و نەفرین یان دوعا دەکەن.

وا دیارە نەفرین و دوعا بە ئامانجی زیانگەیاندن بە کەسێک بەکار دەهێنرێت. کەسانێکیش هەن کە لە کاتە هەستیارەکاندا نەفرین و دوعا لە خۆیان دەکەن و دەیانەوێت ناڕازیبوونی خۆیان بگەیەننە لایەنی بەرامبەر.

بۆچی ژنان نەفرین و دوعا دەکەن؟

کچان و ژنانی کورد کاتێک تووشی ناڕەحەتی دەبن و چارەسەرێک شک نابەن، ڕوو لە خودا دەکەن و دەستیان بەرز دەکەنەوە و دوعای چاکە دەکەن؛ هەروەها نەفرین لە خراپی و خراپەکاران دەکەن.

نەفرین زیاتر بەرهەمی کەلتووری فۆلکلۆری ئایینین. تەنانەت بە "وشەی ناخۆش"یش بێت، هاوارێکە دژی نادادپەروەری و دڕندەیی. ئەو شتانەی کە مرۆڤەکان بۆ خۆیان ناتوانن بیکەن و لە دەستیان دەرچووە، هیوادارن لە ڕێگەی هێزی سەرووسروشتییەوە، بە فەرمانی خودا، بە ئیرادەی پێغەمبەر، بە دوعای شێخ و پیرۆزییەکان، تۆڵەیان بستێنرێتەوە. لە کۆمەڵگەی کوردیی ئێمەدا نەفرین لە شەڕ و ململانێکاندا جێگەی تایبەتی هەیە، هەتا نەفرینێک نەیەتە سەر زمان، شەڕ و ململانێ کۆتاییی پێ نایەت یان کەم نابێتەوە.

کاتێک مرۆڤەکان تووشی کێشە دەبن، پەنا بۆ نەفرین دەبەن. بەم شێوەیە کەمێک دەحەسێنەوە.

بەتایبەت نەفرین گەورەترین چەکی دەستی ژنانە، هەر نەفرینێک وەک تیرێکی ژەهراوی وایە.

کاریگەریی نەفرین لەسەر ئەوان

لە ڕاستیدا لایەنێکی دەروونی لە نەفریندا هەیە. کاتێک کەسێک نەفرین دەکرێت، هەندێکجار ئەو نەفرینە کاریگەریی لەسەر ئەو کەسە نەفرینکراوە دەبێت. تەنانەت ئەو کەسەی نەفرین دەکات، پەنا بۆ هێرشی فیزیکی نابات، چونکە بە نەفرینەکە دڵی ئارام دەبێتەوە. هەندێک لەو نەفرینانە پشتگیری لە کۆمەڵگەوە وەردەگرن. تەنانەت هەندێکجار کاتێک دایکێک منداڵەکانی نەفرین دەکات، منداڵەکان هەندێک کاردانەوە نیشان دەدەن، ئەمەش خاڵێکی نەرێنییە کە کاریگەریی لەسەر ڕۆحی ئەو منداڵانە دەبێت.

ئەو نەفرینانەی کە لەلایەن ژنانی کۆبانییەوە دەگوترێن:

- نەفرین لەسەر قەزا، بەڵا و نەخۆشییەکان:

برووسکا ئەزمێن ل ناڤ چاڤێن تە کەڤە.

زمان د دەڤێ تە دە بوەرمە.

تو هەری (بچی) ل بەلەیان راست وەری.

سەرەتان (پەنچەشێر) د قرکا تە دە وەرە.

خوەدێ تە مەزن نەکە.

خێرێ ژ جانێ خوە نەبنی.

- نەفرین لەسەر موراد و بەخت:

قەدەر ل تە ڤەنەبە.

تو د مال دە هشک ببی.

تو ب مرازێ خوە شا نەبی.

هەیی! خۆرتۆ تو نەغێژی زەواجێ.

هنە ل کەفا دەستێ تە نەکەڤە.

 

درێژەی هەیە...

 

KURDŞOP
286 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!