بەند لە ئەدەبی زارەکیدا


 

سەلاح نوورانی

 

ئەدەبیاتی زارەکیی کورد لە بەشی مۆسیقادا، وەک هەموو بەشەکانی دیکەی ئەدەبیاتی زارەکی دەوڵەمەند و چەند دەنگییە. واتە ئەو بەشە مۆسیقاییە لە ئەدەبی زارەکی کوردیدا، چەندین قاڵب و ژانری جیاوازی لە خۆگرتووە. بۆ وێنە لە بەیت و حەیران و گەلۆ و ئازیزە و پاییزە ڕا بگرە، تا بەند هەموو ئەو شێواز و فۆڕمانەن کە بەشێک لە بواری مۆسیقاییی ئەدەبیاتی زارەکیی کورد پێک دێنن. هەر کام لەو بەشانەش خاوەن تایبەتمەندیی خۆیانن.

بەند یەکێک لەو فۆڕمە دەربڕینانەیە  کە تا ئیستا پێناسەیەکی تەواو و "جامع و مانع"ی بۆ بە دەستەوە نەدراوە. بەند چەشنێک دەربڕینی ڕیتمیک و خاوەن مۆسیقا و کێش و سەروایە. بەشێکی مۆسیقایی لە ئەدەبی زارەکیی کوردە. ئەو شێوە دەربڕینە وەک حەیران و بەیت و باقی ژانرەکانی دیکەی ئەدەبی زارەکی، خاوەن قاڵبێکی تاقانە و دیاریکراو نییە. واتە ئەگەر لە ژانر و قالبێکی وەک بەیتدا، سەرەتی بە گێڕانەوەی چیرۆکە، لە بەنددا تایبەتمەندی لەو شێوەیە نییە. بەند دەتوانێ کورتە گێڕانەوەی تێدا بێ، بەڵام حوکم نییە گێڕانەوە مۆرکی سەرەکیی بەند بێ. زۆر بابەتی دیکە لە بەندەکاندان کە تایبەتمەندیی گێڕانەوەیان تێدا نییە، بەڵام لە چوارچێوەی بەنددا پێناسە دەکرێن. لە چیرۆک و گێڕانەوەدا هەر چەشنە کردەیەک کە بکرێ لە چوارچێوەی ڕووداوێکدا ئاماژەی پێ بکرێت، دەخرێتە بواری گێڕانەوەوە.

 "ئێچ پۆڕتێرێبووت" لە کتێبی "سەوادی گێڕانەوە"دا دەڵێ: گێڕانەوە بە زمانی ساکار واتە دیسان نواندنەوەی ڕووداو یا کۆمەڵە ڕووداوێک. لە باسی ڕووداوی ساکاردا بۆ وێنە دەنووسێ: کاتێک دەڵێین کێچێک بە پشیلەکەمەوەیدا، چۆن ڕووداوێک گێڕدراوەتەوە ئەو بابەتە تەنانەت ئەگەر سەیر و خاوەن بایەخیش نەبێ، گێڕانەوەیەکی داستانییە.

ئەگەر بەند بەو پێیە هەڵسەنگێنین، زۆر بەش لە بەندەکان بریتین لە وردەگێڕانەوە. بۆ وێنە کاتێک لە بەندی "گەوهەرێ"دا دەکوترێ:

 قاچاغچی لە گەرمێنێ/ کراسی مارۆت بۆ دێنێ/

 دەبەر قاچاغچیان مرم/ دڵی یارم ناشکێنێ/

 کردەیەک یا ڕووداوێک وەک هێنانی کراسی مارۆ بۆ دڵداری کەسی بەندبێژ، دەبێتە ڕووداوێک کە دەتوانێ دۆخی گێڕانەوەی تێدا بێت. بەڵام هەموو بەندەکان ئەو تایبەتمندییەیان نییە.

 بەشێکی دی لە تایبەتمەندیی بەیت و حەیران جەختە لەسەر ئەوین و دەربڕینی سۆزدارانەی کچە حەیران و کوڕە حەیران بۆ یەکتر. بەڵام لە بەنددا هەم دەکرێت دەربڕینی لەو چەشنە ئەویندارانە ببینینەوە، هەم دەربڕینی کۆمەڵایەتی و تەنانەت تەنزاوی و تەوساویمان بگەوێتە بەر گوێ. بۆ وێنە بەشێک لە بەندەکان کە زیاتریش لە زمان پیاوانەوەن، لە باری ناوەرۆکەوە پەرژاونەتە سەر بابەتی کۆمەڵایەتیی پەرەداری ڕابردوو، واتە بە نابەدڵ بەمێرددانی کچان. لەو بەندانەدا بەندبێژ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو دیاردە دزێوانە لە قاو دەدەن و نموونەشیان زۆرە.

 لە بەر ئەو بەژنەت دەمرم/ دەڵێی چووزە قامیشە/

 قەبری مردووی مۆری من/ جەرگت هێنام لە ڕیشە/

 ئەو مێردەت وەک جووی قودسە/ قەت لە کنی دامەنیشە/

 لێرەدا بەندبێژ لە چەند میسڕەعی یەکەمدا بە دەربڕینی سۆزی خۆی بۆ دڵدارەکەی، زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی باسی ناتەبایی و یەک نەگرتووییی ژیانێک بکا کە دڵدارەکەی ئەو لەگەڵ مێردەکەی هەیەتی. یا لە بەندێکی دیکەدا دەکوترێ:

 لە شەوڕاوی تەڕدەستە/ وەک حەمەتاڵی بانێ/

 ماڵی کابرات خراپ بێ/ وەک کەولی غەلیفانێ/

 لە بەندێکی دیکەدا:

 ڕەبی مێردە گولەت مرێ/ پەنام بە ئەحمەدی کۆر/

 یا لە بەندێکی دیکەدا:

 سەرەجە و دەرد و بەڵا/ لە سەر پیسەی وە خڕبێ/ تێکڕا دەڵێن ئیشەڵا

 هەمووی ئەوانە نیشاندەری ئەوەن؛ کەسی بەندبێژ دیاردەیەکی نالەباری کۆمەڵایەتی کە بۆ کەسی خۆی هاتووەتە پێش یا ئەو دیاردەیەی وەک دیاردەیەکی پەرەداری کۆمەڵایەتی دیوە و لە بەندەکانیدا کە بە شیوەیەکی باو لە نێو جەماوەردا کوتراون جەختی لەسەر کردووە و باسی کردووە و بەو شێوەیە، ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لە قالبی ئەو بەندانەدا کەوتوونەتە سەر زاری جەماوەر.

بە پێی ئەو لایەنە سۆزدارییەش ناتوانین بە تەواوی ماڵی بەند دیاری بکەین، بەڵکوو دەتوانین حەدوسەدی بناسین. هەم وردە گێڕانەوەی تێدایە. هەم سۆزداریی تێدایە، بەڵام کورت و کۆتا دەربردراوە. هەم لایەنی کۆمەڵایەتیی تێدا باس کراوە.

" کێش و سەروا" لایەنێکی دیکەیە کە دەتوانین لەو بارەیەوە بەند هەڵبسەنگێنین. لە باری کێشەوە زۆربەی بەندەکان کێشی بڕگەییان هەیە. لە میسڕەعی کورتی ٣+٤ بڕگەیی پێکهاتوون. جا جاری وایە بە شێوەی مەسنەوی، دوو میسڕەع لەسەر کێشی ٣+٤ بڕگەیی، خاوەن سەروای سەربەخۆن و جاری وایە لەسەر شێوازی قالبی قەتعەن. واتە  میسڕەعی دووەم لەگەڵ چەند میسڕەعی دووەمی دوای خۆی هاوسەروایە. بۆوێنە:

 گەوهەرێ ئەی گەوهەرێ

 گەوهەرەکەم بەرەو ژوور

 دەستم برد بۆ بەرۆکی

هێنام لیمۆی زەرد و سوور

 دڵی یارم نەرم کەی

 مووسا لە سەر کێوی توور

 قافیە لە میسڕاعی دووەم ژوور، لە میسڕاعی چوارەم سوور، لە میسڕاعی شەشەم توورە. واتە ئەو سێ بەیتە بە سەر یەکەوە قەتعەیەکیان پێکهێناوە. بەڵام هەر لە درێژەی ئەو بەندەدا، بەندبێژ شێوازی دەربڕینەکەی کردووەتە قالبی دوو بەیتی.

 دوێنێم دی لە ڕێی کانی

 دەستم برد بۆ مەمکانی

دەیگوت هەتیو بە دڵی تۆم

 چۆن ئاشق ماڵوێرانی

میسڕاعی یەکەم کانی. میسڕاعی دووەم مەمکانی، میسڕاعی چوارەم ماڵوێرانی. پێکەوە هاوسەروان و وەک پێکهاتەی قالب بووەتە دوو بەیتی/چوارینە. هەڵبەت جودا لە کێشی دووبەیتی و چوارینە.

 جاری واشە بەندەکان ئاوێتەیەک لە قەتعە ئو دوو بەیتین، کە لە گەوهەرێدا ئەو تایبەتمەندییە دەبینرێ. یا لە بەندێکی دیکەدا کە دەڵێت:

 چاوت ئەستێرەی شوانان

 هەڵدێ بەری بەیانان

 شۆقیدا لە کۆڵانان

قوونەبانی ژن جوانان

 بە شانمدا دێتە خوار

 ئاوەچۆڕەی گوێسوانان

 لە بەر باڵات ناسک گیان

 با لێم دەن بە دەبانان

 لێرەدا وەک سەروا چوارینەیەک و دوو بەیتییەکی نوێ تێکەڵ کراون. چون لە دووبەیتیی نوێدا میسڕەعی دووەم و  چوارەم هاوسەروان.  بەو پێیە دەتوانین بڵێین بەند بریتییە لەو دەربڕینەی بەندبێژ بە شێوەی خۆوێژی و "فی‌البداهە" لە مەجلیسدا کوتوویەتی و بە پێی کەشوهەوای زاڵ بە سەر ئەو کۆڕەی لێی بووە، بابەت و مەوزوع لە دڵدارییەوە تا تەنانەت ئایینی گۆڕدراوە. لە باری کێش و سەرواشەوە بەندبێژ کێشی بۆ گرینگ بووە. بەڵام زیاتر لە کێشی شیعر، کەڵکەڵەی سەروای بووە. زۆربوونی سەروا لە بەندەکاندا نیشان دەدا ئەو بەشە لە بەنددا گرینگایەتییەکی تایبەتی بووە و نیشانەی زاڵبوون و وەستایەتیی زیاتری بەندبێژ بووە.

هەر بۆیە ئەگەر بەندبێژ سەروای زیاتری لە زەیندا بووبێ، بێ ئەوەی گوێی دابێتە ڕێسایەکی تایبەت بۆ ڕیزکردنی سەروا بە دوای یەکدا سەروای هێناون. بەڵام زیاترین نموونە هەر ئەو سەرچەشنەیە کە گوتمان بە شێوەی قەتعە و دوو بەیتی کوتراون. لە باری ناوەرۆکیشەوە زیاترین کەڵکەڵەی بەندبێژ دەربڕینێکی ئەویندارانەیە لە مەودایەکی کورتی کەلامیدا، کە نیشاندەری پێک نەگەیشتنی دوو دڵدارە. زیاتریش کوڕەکە بە مراد نەگەیشتووە و گلەیی کورە دڵدار دەردەبڕێت. هەرچەند نموونەی ناوەرۆکی جودا لەوەش زۆرن.

 

 

KURDŞOP
565 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!