خاڵ و خاڵکوتان لە کەلەپووری کوردیدا

نەجاح ئیبراهیم

 

وەک هەموو جۆری فۆلکلۆر، لە مژاری خاڵکوتانیشدا، ڕۆڵی ژن دیار و بەرچاوە. لە نەریتی ئێمە کورداندا، لەلایەن باب و پیرەکانمانەوە، ئەو خاڵگەلە دەکوتران. کاتێک مرۆڤ سەیری دەست و ڕووخساری ژنان دەکات، دەبینێت بە لێهاتوویییەکی زۆرەوە خاڵیان کوتاوە.

خاڵ لە کوێی ژنان دەکوترا؟

خاڵ لەسەر پشتی دەستەکان و لەسەر هەموو پەنجەکانی ژنان، لەسەر هەردوو "جێنگ"ی ژنان (ئەو بەشەی کە گوێ و پرچ لێک جیا دەکاتەوە)، لەسەر چەناگە، لەسەر لێوی خوارەوە، لەنێوان برۆکاندا، لەسەر ڕوومەتی چەپ و ڕاست، لەسەر سنگی ژنان، لە هەردوو لای لووت و لەسەر ملی ژنان دەکوتران و ئەمانەش بە گشتی بۆ خەمڵاندن و ڕازاندنەوە بوون.

هەروەها هەندێکجار پیاوانیش لەسەر هەردوو لای "جێنگ"ی خۆیان و لەسەر دەستیان خاڵیان دەکوتا، هەندێکیان بۆ مەبەستی ڕازاندنەوە و هەندێکیشیان سەرئێشەیان هەبوو و بۆ ئارامگرتن خاڵیان لەسەر هەردوو لای جێنگیان دەکوتا. هەروەها ئەو ژنانەی بۆ ماوەیەکی زۆر منداڵیان نەبووە و دوای ماوەیەکی زۆر منداڵیان بووە، لەسەر ڕوومەتی ژێرین و لای ڕاست، لەسەر لووت و چەناگەی منداڵەکە خاڵیان دەکوتا و مەبەست لێی ئەوە بووە کە ئەو منداڵەیان بۆ بمێنێتەوە.

ئەو خاڵانە بە چی و چۆن دەکوتران؟

لە ڕەشاییی سێڵ یان لە ڕەشاییی دەوری مەنجەڵ و لە شیری ئەو دایکانەی کە منداڵەکەیان کچ بووە، کەڵکیان وەردەگرت. دواتر ئەو ڕەشاییە، شیرەکە و دەرمانێک بە ناوی "هەش"یان (ڕەنگی ئەو دەرمانە شین بوو) تێکەڵ دەکرد. پاشان حەوت دەرزیی دوورینیان دەهێنا. کاتێک کە دەرمانی خۆیان لە شوێنێک دادەنا کە دەیانەویست خاڵەکەی لێ بکوتن، دەرزییەکەیان لەو شوێنە ڕۆدەکرد تاکوو ئەو شوێنە دەبووە برین. ڕەشاییەکە، شیرەکە و هەشەکە جێی ئەو برینەی دەگرت. دوای چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک ئەو خاڵانە خۆیان دەگرت و دەردەکەوتن.

 

ئەو نەخشانە بە چ ڕەنگێک بوون؟

ئەو نەخشانە بریتی بوون لە "خاڵ، سکەیچ و ئەستێرە. هەروەها لەسەر سنگی ژنان وێنەی دوو غەزاڵ دەکوتران. هەروەها خاڵی پیاوانیش، وەک مۆرێکی بازنەیی لەسەر هەردوو لای "جێنگ"یان و لەسەر دەستیان دەکوترا.

خاڵ لەلایەن چ کەسانێکەوە دەکوترا؟

خاڵیش وەک چین و تەون، خاوەن قاڵبێکی ئەستەتیکە، بۆیە پێویستی بە زانیاری هەیە. ئەو کەسانەی خاڵیان دەکوتا، ئەو ژنانە بوون کە زانیارییان لەم بوارەدا هەبووە و زۆربەیان تەمەنیان زۆر بووە. بە تایبەتی لە شاری کۆبانی لە ڕابردوودا، قەرەچییەکان دەهاتنە گوندەکان و خاڵیان بۆ ژنان دەکوتا (ئەو قەرەچییانە ژن بوون). هەروەها بەدەگمەن لەلایەن پیاوە بەتەمەنەکانی ناوچەکەوە خاڵ دەکوترا و ئەگەر خاڵیا کوتابا، بۆ ژنانیان نەدەکوتا.

خاڵکوتان لە ئێستادا:

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، شێوازی خاڵکوتانیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە ڕابردوودا ژنان زیاتر خاڵیان دەکوتا، بەڵام لەم سەردەمەدا هەم ژنە گەنج و هەم پیاوە گەنجەکانیش خاڵ دەکوتن، بەڵام نەک بە شێوازی نەریتە کۆنەکانی ئێمە، بەڵکوو بە شێوازێکی نوێ و بەپێی نەریتی بیانییەکان، ئەویش بە مەبەستی خەمڵاندن و ڕازاندنەوە. هەرکەسێک حەزی لە چ نەخشێک بێت و لە کوێ بییەوێت بیکوتێت، دەیکوتێت. هەروەها کچانی گەنج ئەستێرە لەلای گەردنیان دەکوتن. لە سەردەمی ئێستاماندا ئامێرێکی نوێ داهێنراوە کە بەتایبەتی بۆ کوتانی خاڵە. بە واتایەکی تر هونەری خاڵکوتان مۆدێڕنیزە کراوە و خاڵکوتان وەک جاران نییە، هەروەها شێواز و کەرەستەی خاڵکوتانیش وەک جاران نین.

سەرچاوەکان:

- دوو ژنی خەڵکی شاری کۆبانی؛ مەولید ئیبراهیم و ئەمینە ئەلۆ.

- زاربێژێک بە ناوی حەنیف عیسمەت، خەڵکی شاری کۆبانی.

- وێنە: ئینستاگرام، کوردخانە و مێردین.

KURDŞOP
657 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!