شوولکێ، جامێک ئاوی ڕەحمەت

کە لە کەسێکی گەورەترم دەپرسی، دوای ئەوە چۆن باران دەبارێت؟ دەیگوت: سروشت زۆر بەخشندەیە، کاتێک دەبینێت لە دڵەوە شتێکمان دەوێت، بە دڵنیاییەوە بەدیی دێنێت.

نووژین دەمر

پاییز ئەمساڵیش دەستی پێ کرد، کاتێک سەرما و بارانیش هات، لەگەڵ یەکەم بارانەکانی ئەمساڵ، بیرەوەرییەکانی ساڵانی کۆنم بیر کەوتەوە، بیرەوەریی بارانبارینی گوندەکەمان کاتێک منداڵ بووین.

گوندەکەمان لە دەشتێکە؛ دەشتی سرووج، جوگرافیای ئەم دەشتە کەمێک بەرزە، دەتوانین بڵێین زەوییەکەی وشکە، لە ١٢ مانگی ساڵ، تەنیا لە دوو سێ مانگی زستاندا، کاتێک خودا ڕەحممان پێ دەکات، دەتوانین هەندێک ڕووەک و سەوزایی ببینین. هەتا ئەمڕۆش لەبیرمە کە ئێمە بۆ چێژوەرگرتن و جوانکردنی دەوروبەری ماڵەکانمان بە دوای سەوزایی نەدەگەڕاین؛ بێگومان ئەوەش هەبوو، بەڵام کێشە گەورەکەمان ئەوەیە کە ئەمساڵ وەرزێکی باشمان دەبێت یان نا!

چەند پارچە زەوییەکمان هەبوو، وەک زۆربەی خەڵکی ئەو دەشتە، جۆ و گەنممان دەچاند و هەمیشە نیگەران بووین. خودای گەورە ئەمساڵ ڕەحممان پێ بکات.

بەهۆی جوگرافیای ناوچەکەوە زستانەکانمان زۆر سارد و کەم بارانە. ئەو ڕۆژەی باران دەبارێت بۆ ئێمە دەبێتە زەماوەند و ئاهەنگ، ڕەنگە خەڵکی ئەم دەڤەرە ئەوەندەی بە زستان و باران دڵخۆشن بە هیچ شتێکی تر دڵخۆش نەبن.

زستان وەرزێکی سەرنجڕاکێشە بۆ ئێمە؛ بە خواردنی خۆی، کاری خۆی، کۆبوونەوە، چیرۆک و... هتد. بەڵام ئەو شتەی زۆرترین سەرنجم ڕادەکێشێت و لە منداڵییەوە خۆشم دەوێت، "شوولک"ە. چ ناوێکی سەرنجڕاکێشە. ڕەنگە شوولک لە شلاییەوە هاتبێت، شوولک داوای شلایی  و باران دەکات.

شوولک یەکێکە لەو بیر و باوەڕە کۆمەڵایەتییانەی لای کوردان، یان ئەو باوەڕانەی کە کۆمەڵگە باوەڕی پێی هەیە و ئەو کردەوانەی کە پەیوەندییان بە جیهانی دەرەوە و دەروونی کۆمەڵگەوە هەیە. بەم شێوەیە دەبنە عادەتی هەمیشەیی کۆمەڵگە.

بیر و باوەڕ بەپێی کۆمەڵگە، شار و گوندەکان دەگۆڕدرێن، یان ڕێگاکانیان دەگۆڕدرێن، بەڵام زۆرینەی داب و نەریت و باوەڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستاندا هاوشێوەن. ئەمە کۆنیی ئەم بیر و باوەڕانە نیشان دەدات.

بگەڕێینەوە سەر شوولک...

ئەوە بۆ خۆی شێوازێکە بۆ دوعاکردن و پاڕانەوە لە خودا بۆ باران. لەو ساڵانەدا کە وشکەساڵی هەیە و باران درەنگ دێت، خەڵک لە خودا دەپاڕێنەوە و داوای باران دەکەن.

ئەمەش لەم ساڵانەی دواییدا کەمی کردووە؛ بەڵام بیرمە کاتێک منداڵ بووین، تا ئەم دواییانەش، دەچووینە دەرەوە بۆ شوولک.

ئەم داب و نەریتە لای کورد زۆر باوە، لە هەندێک شوێن تەنیا منداڵان دەچنە دەرەوە؛ بەڵام لەگەڵ ئێمە ژنەکان دەهاتنە دەرەوە و ئێمەی منداڵانیش بەدوایاندا دەڕۆیشتین.

ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ شوولک هەیە. دوای ئەوەی خۆر ئاوا بوو و لەو سەعاتانەدا کە ئێوارە دەهات، ژنانی گوندەکە کۆ دەبوونەوە، پیرەژنێک سواری کەرێک دەبوو و پێش ژنەکانی دیکە دەکەوت و خەڵک و منداڵەکانیش وەدوای ئەوان دەکەوتن. لەنێو ماڵەکاندا دەگەڕاین، خێرمان کۆ دەکردەوە و لەسەر زمانمان گۆرانی یان سروودی باران هەبوو.

"شوول، شوول، شوولکێ

تاسەک ئاڤی رەهمانێ

ێ رەهمێ ل مە نەکێ

خوەدێ رەهمێ لێ نەکێ"

بەم گۆرانییانە لە دەرگای هەر ماڵێکمان دەدا، خاوەن ماڵەکە بەرهەمێکی سروشتیی پێ دەداین و جامێک ئاویان بەسەرماندا دەڕشت. دوای گەشتی نێو ماڵەکان، بە جلی تەڕ و دڵێکی پڕ لە هیواوە دەگەڕاینەوە. بەرهەمەکانمان دەبردە ماڵەوە و ژەمێکمان لێ دروست دەکرد و پێکەوە نانمان دەخوارد.

چ کردەوەیەکی نایاب و ناوازەیە! و لە هەمووی سەرسووڕهێنەرتر ئەوەیە کە دوای هەر جارێک، باران دەباری و باوەڕمان بەم شێوازە کۆمەڵایەتییانە زیادی دەکرد.

کە لە کەسێکی گەورەترم دەپرسی، دوای ئەوە چۆن باران دەبارێت؟ دەیگوت:

- سروشت زۆر بەخشندەیە، کاتێک دەبینێت لە دڵەوە شتێکمان دەوێت، بە دڵنیاییەوە بەدیی دێنێت.

ئێستا لە پشت پەنجەرەی ماڵەکەمانەوە سەیری دەرەوە دەکەم، دڵۆپە بارانەکان وردەوردە دێنە خوارەوە و مژدەی زستانێکی باش و بەختەوەر دەدەن.

لە خۆم دەپرسم:

سەیرە کێ؟ و لە کوێ!

هەندێکیان دەرکەوتن و بانگیان دەکرد:

"شوول، شوول، شوولکێ

تاسەک ئاڤی رەهمانێ

ێ رەهمێ ل مە نەکێ

خوەدێ رەهمێ لێ نەکێ"

 

KURDŞOP
655 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!