فەلسەفەی دیلان و هەڵپەڕکێی کوردی – بەشی پێنجەم

کەیهان محەممەدی‌نژاد

 

ئێمە لێرەدا چەند نموونەیەک لە فەلسەفەی هەڵپەڕکێی بەشەکانی ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئێوە باس دەکەین. یەکێک لەو هەڵپەڕکێیانە "قڕە پیرەژن"ە کە دوو فەلسەفەی تایبەتی هەیە. بەپێی گوتەی شارەزایانی هەڵپەڕکێی کوردی، فەلسەفەی یەکەمی هەڵپەڕکێی قڕە پیرەژن  بەم شێوەیەیە: کاتێک سوپای کورد لە سەردەمی مەدان لە بەرەکانی شەڕدا لە دژی دوژمن وەستابوو، ئەوکات هەموو هێزە کوردییەکان بە شێوەی گرووپ گرووپ دەستی یەک دەگرن و چەند جارێک هەڵدەبەزنەوە و پێکەوە دەڵێن "هەی" و بە نمایشی دەست و پێ بەرەو هێزەکانی دوژمن دەچن و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس لە هێزەکانی دوژمندا و ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەکشەکردنیان. یان هەندێک ڕەزم هەیە کە هەموویان پێکەوە دادەنیشن و دەڵێن "هەی" و هەنگاوێک بۆ دواوە و دوو هەنگاو بەرەو پێشەوە هەڵدەگرن، واتە خاکەکەیان بەجێ ناهێڵن.

فەلسەفەی دووەمیش بەم شێوەیەیە: توێژەران دەڵێن، هەڵپەڕکێی قڕە پیرەژن فەلسەفەیەکی تری هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ کشتوکاڵ. سەرەتا خۆیان بۆ کۆکردنەوە و هەڵگرتنی بەروبووم ئامادە دەکەن و جەستەیان بۆ ئەم کارە ئامادە دەکەن و بە هەڵپەڕکێکردن دەچن بۆ کاری جووتیاری و کشتوکاڵ.

فەلسەفەی هەڵپەڕکێی "سێ پێ"؛ ئەم هەڵپەڕکێیە شێوازی شەڕی کورد لە دژی داگیرکەران نیشان دەدات، ئەمە دیلانێکی سەربازییە و سەرکەوتن و پێشڤەچوون و قارەمانێتیی کورد نیشان دەدات. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند شێوازێک بۆ هەڵپەڕکێی سێ پێ هەیە و هەر یەکێکیان مانا و فەلسەفەی تایبەتی خۆی هەیە. بەشێک لە شارەزایانی بواری هەڵپەڕکێی کوردی، شێوازی سێ پێ دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی زەردەشت و دەگوترێت کە بە مانای سێ چەمکی "گوتەی باش، هزری باش و کرداری باش" دێت. سێ پێ تەنیا تایبەتی ناوچەیەکی کوردستان نییە، ڕەنگە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هەبێت، بەڵام هەریەکەیان بە شێوازێکی جیاوازە.

وەک دەزانرێت دیلان و هەڵپەڕکێی کوردی تەنیا بۆ شەڕ نەبووە، بەڵکوو هەندێک هەڵپەڕکێی کوردی لە کاتی لەدەستدانی ئازیزێک یان شۆڕشگێڕێکدا ئەنجام دەدرا. ئەم شێوازە دیلانە پێی دەگوترێت "چەمەری". ئەم دیلانە زیاتر تایبەتە بە ناوچەکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستان. ڕێوڕەسمی چەمەری بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتییە گەورەکان و کەسایەتییە ناودارەکان و سەرکردەکانی خێڵەکان بەڕێوە دەچێت. کاتێک کەسایەتییەکی بەناوبانگ و گەورە کۆچی دوایی دەکات و مردنی کاریگەریی لەسەر ژیانی هۆزەکەی یان گەلەکەی دەبێت، ڕێوڕەسمی چەمەری بە شێوەیەکی گەورە و سەرسووڕهێنەر و بە ژمارەیەکی زۆر نیشانە و هێما، بەڕێوە دەچێت.

لەنێو چەمەریدا دیلانێکی ئارام و خەمگین بەڕێوە دەچێت و ئەو دیلانە خەمگینەش لە ئەستۆی کۆمەڵێک کەسی تایبەتدایە کە لەگەڵ یەکتر هاوئاهەنگن و هەندێکیان زڕنا دەژەنن و تەپڵ لێدەدەن و هەندێکیشیان لەگەڵ شین و ڕۆڕۆی ژناندا پەیوەندیی مێلۆدیی هەیە. چەمەری مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە شێوازی شینگێڕییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر.

جۆری "کوێستانی"ش یەکێکە لەو دیلانە کوردییانەیە کە تایبەتە بە شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەزمێکی چیایییە. زانراوە کاتێک خەڵکی ئەو ناوچەیە چوونەتە هەوار و چوونەتە لای مەڕوماڵاتەکانیان، ئەوکات شوانەکان گۆرانییان گوتووە و بێریڤانەکان هەڵپەڕیون و ئەمەش بە دیلانی چیایی ناسراوە.

"گەڕیان" یەکێکی ترە لە دیلانە کوردییەکان کە مێلۆدیی ئەم دیلانە لە زۆربەی ناوچە کوردستانییەکان وەک یەک دەژەنرێت. گەڕیان بە زمانی کوردی بە واتای گەشت و سەیران دێت. ئەم دیلانە بە نەرمی و بە هێواشی دەست پێ دەکات و وردەوردە خێراتر دەبێتەوە. لەم هەڵپەڕکێیەدا کاریگەریی سەیران لە ژیانی کورددا نیشان دەدرێت و جۆرەکانی ئاوازەکانی ئەم هەڵپەڕکێیە ئەو ئەزموونانە دەردەخەن کە لە گەشت و سەیراندا بەدەست دەهێنرێن. لەم دیلانە سروشتییەدا ژیانی کورد پیشان دەدرێت و ئەزموونەکانی دەخاتە بەرچاو.

جۆر و شێوازی هەڵپەڕکێی کوردی زۆرە و پێویستە توێژەرانی ئەم بوارە لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەسەر بکەن و فەلسەفەکەیان ڕوون بکەنەوە. هەڵپەڕکێی کوردی زۆرن کە مێژوویەکی شاراوەیان لە پشتە و نابێ لەبیریان بکەین و سەرەڕای بەڕێوەبردنیان، پێویستە مێژوو و فەلسەفەی شاراوە و نەگوتراویان بۆ کۆمەڵگەی کوردی ئاشکرا بکرێن.

فۆلکلۆری ئێمە کوردان دەوڵەمەندترین فۆلکلۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و گەلی کورد کۆچەری نەبوون و یەکەم نەتەوە بوون کە شارستانییەتیان لە زاگرۆسدا دروست کرد و داهێنەری کەرەستەی ژیان بوون و پێویستە ئەو کولتوورە لەبیر نەکەین.

KURDŞOP
650 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!