پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری – بەشی 8

لەیلا نوورانی

 

ئاخشەردان

بەنی ڕەنگ‌کراو خستنە نێو دەرمانی تایبەت، بۆ ڕەنگ‌ نەدانەوە و نەگۆڕانی ڕەنگ. ئەم دەرمانە تایبەتە لە ڕەنگی جۆراوجۆردا دەتوانێ (ئاو و سوتووی وێنجە)، (میزی گا)، (قوڕی ڕەش)، (ئاوی کوڵیو)، (زاخاو) یا هەر شتێکی تەجرەبەکراوی تر بێ.

"بەنەکەم ڕەنگ کردووە، بەڵام هێشتا ئاخشەرم نەداوە"

 

بن‌گرێ

چەشنێک هەڵبەستنی ڕیشووی بەرماڵ، جاجم یا پۆپەشمینە، کە چەند ڕیشوویەک جیا دەکرێنەوە و بنیان گرێ دەدرێ هەتا پۆیەکان هەڵنەوەشێنەوە. "گاوگێرە ".

 

بەرگڕتنەوە

بڵاو کردنەوەی کلکی ڕایەڵ بە هۆی داری بەرگرتنەوە. جەمسەری دوایی ڕایەڵ، کە لە درێژەی کاردا وێک‌هاتوون و بە هێچکەوە گرێ دراون، لە سەروبەندی تەواوبوونی کارەکەدا لە گوردەکان نزیک دەبنەوە و ئیدی بە نێوان "بەن‌گورد" و "شە"دا ڕەد نابن، چارەی کار ئەوەیە بەری کرەکە بگیرێتەوە، واتە بەهۆی دارێکی تایبەت بەم کارە، بەرەکە پان بکرێتەوە و لەبەر یەک بڕەوێتەوە، تا بە هاسانی بە ناو شە و گورددا تێپەڕێ.

(بڕ: وێنەی 64)

بەرە

مەودای نێوان جۆڵایە تا دەفە، کە وەستا دەستی دەگاتێ و شەپیتە پێوەدەدا و مەکووک تێوەدەدا.

تێبینی: ئەگەر بەنی ڕایەڵ باش بێ و کاری تەنین بە ڕێکوپێکی بڕواتە پێش، دەڵێن: "بەرە دەدا "، ئەگەریش بەن خەراپ و لە کارنەهاتوو بێ، وەک ئەستوور بوون، کوڵکن بوون، خاو بوون، زۆر گشت بوون، پسۆک بوون و ... دەڵێن: " بەرە نادا ".

 

بەرەدان

لێک ئاوەڵابوونەوەی ڕایەڵەکان بەهۆی هەڵکشان و داکشانی گورد، هاتوچۆ کردنی مەکووک بە مابەینی ڕایەڵەکەندا، بە هاسانی.

هەندێ‌جار کە بەنی ئەستوور و کوڵکن وەسەر دەزگا دەخرێ و ڕایەڵ دەکرێ، گوردەکان بە ڕەوانی کار ناکەن و بە تەواوی هەڵکێش و داکێشیان نابێ، لەو کاتانەدا تێوەدانی مەکووک، بەهۆی مەودای کەمی دوو دەستە ڕایەڵ، سەخت دەبێ و دەڵێن: "ئەو بەنە بەرە نادا "، واتا بەنەکە لەبەر کوڵکنی و نائەمواری، تەواو لەبەریەک ئاوەڵا نابێتەوە تا مەکووک بە نێو ڕایەڵەکاندا خۆش هاتوچۆ بکا. (بڕ: وێنەی 65 ).

بەستە

ئاڵقە‌ بەنێکی ئەستوور، یان چەند لۆیە، کە لەسەر نەزمێکی تایبەت لە "تروندە" دەخرێ، بۆ ئەوەی ڕایەڵەکان نەکەونە سەر یەک و ئاڵۆز نەبن و بەتایبەت هەودا ڕەش و سپییەکانیش لە شوێنی خۆیان نەترازێن، لە کاتی دامەزراندنی تروندە لەسەر دەزگای جۆڵایی، بەستە دەکرێتەوە و لادەبرێ. (بڕ: وێنەی A_66)

هەروەها بەو کوتە بەنەش دەڵێن کە لە ئاڵقەی ماشەر گرێ دەدرێ تا نەکرێتەوە و ئاڵۆز نەبێ. (بڕ: وێنەی A-67)

بەن

خوری یا مووی ڕێسراو. (بڕ: وێنەی68)

بەنی خاو

بەنێکە دوای ڕستنی هێشتا با نەدراوە، یا لە "بادان "‌دا بە ڕادەی پێویست کرژ نەکراوەتەوە. بەنی خاو بۆ تەنین یا چنین ناشێ و دەکار ناکرێ، چونکە خۆڕاگریی کەمە و لە کارکردندا لێک هەڵدەوەشێ و دەبێتەوە بە خوری. (بڕ: وێنەی 69)

بەنی کرژ

بەنێکە لە باداندا پتر لە ڕادەی پێویست کرژ کرابێتەوە، ئەو کرژییە دەبێتە هۆی ئەوەی زووزوو وێک بێ و گرفنچکی لێ ساز بێ. (بڕ: وینەی 70)، تەشی‌ڕێس لە کاتی بادانی "بەن"دا، هەر وەخت دیتی تەشییەکەی پتر لە ڕادەی پێویست سووڕاوە و بەنەکەی لێ کرژ بووە، بەر لەوەی بەنە بادراوەکە لەسەر تەشی هەڵبکا، هەندێکی لە بەنەخاو و بانەدراوەکە وەبەر دەدا تا لە کرژیی بادراوەکە کەم بکاتەوە.

پشت‌ماسیلکە/ مام شەبەقە

پێکەوەدانی دوو تەختەی کر، بە شێوەیەکی تایبەت. لەم شێوەیەدا هر تەختەی تەقەڵێکی لێ دەدرێ و پاشان دەرزی لە مابەینی هەر دوو تەقەڵەکان دێتەوە دەر. (بڕ: وێنەی 71).

پشت‌ماسیلکە کردن لەسەر بەرماڵی مەرەز و بەنرخ دەکرێ و لە "سەردروو کردن " پەسندترە.

پۆ

داوی پاناییی کرە، کە جۆڵا لە ڕاست و چەپڕا، بە هۆی مەکووکەوە لە " تان"ی هەڵدەکێشێ و کری پێ دەتەنێ. / تێوەدان.

 

پەشم / خوری/فا

تووکی مەڕ و وشتر، کە بە نەڕێسراوی بۆ نێو دۆشەگ و دۆشەگەڵە و لێفە کەڵکی لێ‌وەردەگیرێ و بە ڕێسراویش دەتەنرێ یا دەچندرێ. (بڕ: وێنەی 72)

پێ

ئەندازەیەکی درێژایییە بە مەودای بیست گرێی بەن‌گورد لەسەر دارگورد.( بڕ وێنەی 73)

تێبینی: هەر گوردێک بریتییە لە دوو دار کە مەودای ئەو دوو دارە بە بەنێکی قایم بە ناوی بەن‌گورد، لەسەر نەزمێکی تایبەت هەڵبەستراوە. لەسەر هەر دارەی هەشتا گرێ لێ دەدرێ و بە بنی هەر گرێیەکیشەوە ئاڵقەبەنێکی کەمتر لە دە سانتی شۆڕبووەتەوە، ئەو دوو ئاڵقەیە وەکی زنجیر تێک‌خراون. کە وایە هەر دوو داری یەک گورد، هەشتا جووت گرێی لەسەرە، لە یەکەم گرێی جەمسەری دارەوە تا بیست گرێ، دەبێتە " یەک پێ" (بڕ: وێنەی 74_A).

ئەگەر گرێکانی بەرانبەریشی لەسەر دارگوردەکەی ڕووبەڕووی حیساب بکەین دەبێتە بیست جووت لەسەر یەک گورد یا بیست‌گرێ لەسەر یەک دار. کە وایە گوردێکی هەشتاجووت گرێ‌یی دەبێتە چوار پێ، کە پانایی بەری کری پێ دیاری دەکرێ. دەڵێن: (ئەو بەرماڵە بەری چوارپێ‌یە).

پێچاڵ

لە کاری جۆڵاییدا دوو مانای هەیە، یەکەم لاق پێدادانی جۆڵایە بە پێتاتەکانی بەرپێی، کە بەم کارە دەڵێن " پێچاڵ کردن"، دووهەم قوڵکەی بەرپێی جۆڵایە کە پێتاتەکان تێیدا دامەزراون. هەڵبەت ئێستا ئەم شوێنە قوڵکە نییە و هەر گۆڕایییە و پێتاتەکانی لەسەر دانراوە، چونکە کارخانەی جۆڵایی هەندی ئەوەندەی وەستا لەسەری دانیشێ و لاقی بگاتە زەوی، بڵیند کراوە، لە ڕابردوودا کاریتەکانی کارخانە هەندی ئەوەندەی گوردەکان زەوی نەگرن، نەوی بوون، بۆیە جۆڵا ناچار بوو چاڵێک هەڵکەنێ و پێتاتەکانی تێدا دامەزرێنێ و لاق دە چاڵەکە کێشێ.

 

پێکەوەدان/ لێک دروون / نوێردە کردن

لێک دروونی تەختەکانی کری جۆڵایی، تەختەی کرەکانی جۆڵایی، لە دوای تەواو بوونیان دەبێ لێک بدوورێن. پێکەوەدانی ئەو تەختانە بە دەرزی و بەنی هاوڕەنگی کرەکە ئەنجام دەدرێ. ئەو کارە سرنج و وردبوونەوەی پێویستە، چونکە نەخشی سەر کرەکە لە تەنیندا سەرجەم دوونیوە دەبێ و هەر لەتکەی دەکەوێتە تەختەیەکەوە. ئەو کەسەی دوو تەختەکە لێک دەدروێ، دەبێ بتوانێ نەخشەکان بە جوانی ساغ کاتەوە.

تێبینی: لێک‌نەدوورانی کر، نیشانەی نوێ بوونێتی، کەوایە پەسند نییە لە لای جۆڵا لێک بدوورێ و بچێتە بازاڕ، بەڵکوو کڕیار بە نەدروای دەیکڕێ و خۆی لە ماڵ لێکی دەدروێ. پێکەوەدانی تەختەکانی کر، کارێکی ژنانەیە و بە شێوەگەلی "سەردروو"، "مام‌شەبەقە یا پشت‌ماسیلکە"، "گاگێڕە یا بن‌گرێ" و "شەش‌تەقەڵ"  ئەنجام دەدرێ.

KURDŞOP
648 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!