پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری – بەشی2

 بەشی دووەم

 

پێتاتە

لە هەر کەڕەتەی تێوەدانی مەکووکدا، پێویستە دوو گورد بێنە خوار و دوو گوردیش بچنە سەر، تا ڕایەڵەکان بکەنە دوو بەش و مەکووک بە نێوانیاندا هاتووچۆ بکا و " پۆ"ی کرەکە بڕواتە پێش. هەر دەزگایەکی جۆڵایی چوار، پێتاتەی هەیە کە جۆڵا لە مەودای هەر تێوەدانێکی مەکووکدا، پێ بە دوو پێتاتە دادەدا.

تڵیش

قەڵشێکی باریکە لەسەر مەکووک، کە سەری "شیش "ی دەخرێتە ناو و زارکەکەی بە پەڕی باڵندە دەگیرێ تا لە کار کردندا نەیەتەوە دەر.

تەپانە

دارێکە زیاتر لە شێوەی " وەردێنە" ساز دەکرێ و لە بەری میچ قایم دەکرێ و تەواو دەکەوێتە ئاستی سەری جۆڵا. ئەو گوریسەی کە لە نەردەوە هاتووە و لە جەمسەری ڕایەڵەکان گرێ دراوە، بە پشتی تەپانەدا شۆڕ دەبێتەوە تەنیشت جۆڵا و لە کاریتەی کارخانە توند دەکرێ. هەر جارە کە تەنینی کرەکە زیاد دەکا و دەڕواتە پێش، دەبێ ئەو گوریسە شل بکرێتەوە و ڕایەڵەکە لە دوو بدا.

جاوپێچە

کۆلکەدارێکی ڕێک و لووس یا چوار پاڵوویە، هەر دوو سەری باریک کراوەتەوە و کەوتۆتە سەر جووتێ دوولک کە هەر کام لەسەر کاریتەیەکی کارخانە دابەستراون. لایەکی جاوپێچکە هەندی ئەوەندەی دارێکی بە ئەستووریی قامک تێدا درێژ بکرێ، کۆڵراوە. جەمسەری کرەکە دەکەوێتە ناو ئەو قووڵایی‌یە و دارەکەی دەکەوێتە سەر و دەکوترێتەوە تا کرەکە توند ڕابگرێ. جۆڵا هەر جارە کەمێکی دەسووڕێنێ و تەنراوەکەی لێ دەئاڵێنێ.

چۆلەکە

دارێکە بەسەر گوردەوە هەڵواسراوە، سەری دارەکە دوو لکە و هەر لا لکێک خولخولەیەکی بە ناوی "وڵاڵە" پێوەیە، بەنێک بەملا و ئەولای خولخولەکاندا شۆڕ بووەتەوە و دە گوردەکان خراوە و بەپێوە ڕایگرتوون. هەر دەزگایەکی جۆڵایی دوو چۆلەکەی هەیە تا ئەمسەر و ئەوسەری گوردەکان ڕابگرن.

خەڕەک

دەزگایەکی دارینە، پێک‌هاتووە لە بازنەیەکی گەورەی پەڕەدار کە تەسمەیەکی لە گشتەک یا سیرمە تێ کراوە و لکاوە بە "دووخی خەڕەک " ەوە. خەڕەک لە کاری جۆڵاییدا تەنیا بۆ هەڵکردنی بەنە لەسەر لوولە، بەڵام لە شوێنی خۆی دەکرێ لۆکە و خورییشی پێ بڕێسرێ.

 

KURDŞOP
733 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!