پرسە و شین لە ناوچەی موکریانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - بەشی 1

لەیلا نوورانی

 

شین

سەروخواری ژیان تووشی خۆشی و ناخۆشیمان دەکا و دژکردەوەی مرۆڤەکان لە بەرانبەر ئەو ڕووداوە خوازراو و نەخوازراوانە دەبنە بنچینەی ئاکار و خوو و خدەی تایبەت بە خۆی و دووپات کردنەوە‌یان دەبنە داب ‌و نەریت.

لە موکریان کاتێک ماڵێک ئازیزێکیان کۆچی دواییی دەکرد، مەجلیسی سەرەخۆشییان بۆ دەگرت. داب ‌و نەریتی موکریان تەواو تایبەتە. ئەو ڕۆژەی ئەو هەواڵە لە نەکاوە دە وڵات دەگەڕا، خزم و کەس و دۆست و ئاشنا‌ وەسەر دەگەڕان.

مردووەکەیان دەبردە مزگەوت و دەیانشوت. دوایی کفنیان دەکرد و ساز دەبوون بۆ ناشتن. ئەو کەسانەی دەچوون بۆ قەبرهەڵقەندن و ناشتن، جاری وابوو زۆریان پێدەچوو بۆیە بابۆڵە‌هەڵوا یان کوللێرە‌یان (کوللێرەی  مردووان) بۆ دادەنان.

سەرەخۆشی سێ ڕۆژبوو، لە ناوچەی مەنگوڕایەتی و لە نێو عێل و عاشیرەت دە مەنجەڵی زنجیرداردا،  "خم"یان دادەنا و ژنان دەسماڵ یان چارەکە(ئی کۆچکە) کە بە عام سپی بوون و لفکەی پیاوانیان لە خم دەدا. لە ئەدەبیاتی زارەکیی موکریاندا لە نێو تووک و دوعا و حەیران و شینگێڕیدا وشەی "سەرشین" هەیە، بۆ ۆێنە  "سەرشینێ، قەڵەندەرێ بابان ‌وێرانێ" کە بە مانای کەسێکە کە دەسماڵ یان چارەکەی شینی بە نیشانەی تازیە‌باری بە خۆیدا داوە.

یان دوعایان لە یەکێک دەکرد: "ڕەببی سەرشین و دڵ‌بەغەمی/دڵ‌بەغەمیان بینم."  واتا ڕەش‌پۆش بن/ ئازیزیان مرێ.

لە سابڵاغ دەسماڵی هەوری تەخت‌ڕەش و گوڵ‌مۆریان بە خۆیاندا دەدا. بەساڵاچووان چارشێوشانی هەوریان پێدا دەدا.  ساڵ و زەمانان هیچ کەس بەرگی ڕەشی لەبەر نەدەکرد و دەیانکوت لیباسی جەحەندەمیانە. هەبوو لە زەمانی کۆن کوێنیان لەبەر دەکرد کە لەتکێک لە تاوڵ بوو .

زۆرکەس لە شیندا یەخەی خۆیان دادەدڕی یان ڕووی خۆیان دەڕنییەوە و بە مردوویان هەڵدەکوت. ئەگەرچی زۆربەی ژنان بە دەنگ گریانیان پێ حەرام بووە و پێیان وابووە گوناحبار دەبن و غەزەبیان لێ دەبارێ. بەڵام ژنانێک هەبوون کە دەنگخۆش بوون و بەتایبەت شینیان دەگێڕا.

* کۆتەڵ‌ڕازاندنەوە:

ماڵە سێحەب ‌مردوو بەتایبەت  ماڵی ئاغا بۆ ئەو سێ‌ڕۆژە دەهاتن بێڵێکیان جوان دەشوت و بەرگی ئاغا یان ئاغاژنیان لەبەر دەکرد (کۆتەڵ) و لە مەجلیسی پیاوان لە  لای سەروو دایان دەنا، شین‌گێڕ وە لای سەروو دەکەوت و بە‌دەنگ پێی هەڵدەکوت جا هەموو لە بانگێیان دەدا و بە‌بانگ و سەڵا دەگریان. پاشی ئەو سێ ڕۆژە کراس‌ و کەوایان بۆ دەکڕی و پووڵیان دەدایە و بەڕێیان دەکردەوە.

ژن خشڵ ومت ‌و موروو و زێڕ و زەنبەریان لە بەرخۆ دادەڕنی و هەتا تازیەبارییان کۆتایی نەهاتبا بە‌خۆیانەوە هەڵنەدەواسییەوە. ژن خەنەیان نەدەگرتەوە و دەموچاویان هەڵنەدەگرت و چاویان نەدەڕشت. پاشی سێ ڕۆژان دەچوونە سەرقەبران و خەڵک بڵاوەیان دەکرد.

 

* شین‌گێڕ:

ئەو ژنەی ماڵەوماڵی دەکرد و بە مردووی خەڵکی هەڵدەکوت. بەعام دەنگخۆش بوون.

* پێش مەیتانە:

 کاتێک لە ناشتن دەگەڕانەوە، ماڵی سێحەب‌ مردوو، گۆشتاو یا  شۆرباویان بۆ ئەو کەسانە لێدەنا کە لە سەر قەبران دەهاتنەوە.

* گەرمەگوڕ:

ئەو گۆشتاوەی لە لایەن ماڵە ‌سێحەب‌ مردووەوە لێدەنرێ و لەبەر دەرگای مزگەوت دەخرێتە سەر ئەو مەجوعمانەی کە خەڵکی ناو دێ دەینێرنە مزگەوت.

پێش‌مەیتانەکەت تاجیێکی لەڕ بێ

گەرمەگۆڕەکەت سەگێکی تەڕ بێ.

 " سەید حوسێن ڕەسووڵی"

* کوللێرەی مردووان:

ئەو کوللێرەیەی کە بە بۆنەی کۆچی‌دواییی کەسێک بۆ ئەو کەسانە دەکرێ کە کاری کفن‌ودفن و قەبرهەڵقەندن و ناشتنی مردوویان لە ئەستۆیە.

* کوێن لەبەربی:

واتا تازیە‌بار و   دڵ ‌بەغەم بی.

KURDŞOP
785 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!