جل­وبەرگی ژنانی موکریان - بەشی 2

لەیلا نوورانی

 

کراسی تیرێژوو/ کراسی تیرێژوودار/ کراسی بەتیرێژوو

" کراسی بەتیرێژوو" جۆرە کراسێکی کوردییە کە پێش کراسی "کەمبەرچین یان چیندار یان بەچین" باو بووە، کراسەکە تەختە تەختە دەکرێ و تیرێژووی دە لاتەنیشتەکانی دەکەن، داوێنی فش و بێچینە، پاش و پێشی کراسی تیرێژوودار دوو تەختەیە و قۆڵی بەسۆرانییە (ئەنگوچکدارە). یەخەکەشی هەر "یەخەکوردی" بووە. دەسماڵیان لەسەر پێدادراوە و پشتێندی لەسەر بەستراوە.

ئێستاکەش ئەو کراسە لە ناوچەی ئەردەڵان و باشووری کوردستان باوە و "کەوای شۆڕ" یا "سایە" یا "سیخمە" یا  "کەوای" لەسەر دەبەر دەکەن و دەسماڵ و پشتێندیان لێ دەرهاویشتووە و هۆکاری ئەو دابە ناڕوونە.

تیرێژوو

پارچەیەکی سێ­گۆشە و کەوتۆتە لاتەنیشتەکانی کراس، تیژاییەکانی گڕۆڵی تێ­دەکرێ و بە قۆڵەکانەوە دەدروێ و بنەکەشی بە داوێنی کراسەوە دەدروێ. بۆ فرەوان ڕاگرتنی کراس دەکار دەکرێ. «پارچەکەی دووتەخته دەکەی یان پشتوپێشی دادەنێی، هەتا سەرشانی، دوایه بە­قەد دووهێندی ئەو دووتەختەی بۆ قەراغەکانی (تیرێژووەکان) دادەنێی و لەبەرئەوەی فراوان بێ و له قۆڵیڕا بۆ خوارێ تیرێژوو بێ و گڕۆڵی تێ­ بنێی و دوایه قۆڵی پێوەدەی و سۆرانیی تێ­ بنێی. ئی قەدیمتر سۆرانیشی نەبووه هەر قۆڵێکی فراوان بووه تا خوارێ و دوایه کراوه به سۆرانی و له دوایەشدا بوو به قۆڵی­ کێش. پشتێند و دەسماڵیشی وەک کراسی کەمبەرچین بوو. هەوەڵێ هەر ئەوه بوو، بەڵام ئەگەر کراسی کەمبەرچین هات ئەوه هەر بۆ کەیخوداژنان بوو، له دوای کراسی بەلاداکردنێ، تیرێژوو داهاتووه. تیرێژووداری قەدیم، دەمیشی له لای بنهەنگڵی هەر پان بوو و باریک نەدەبۆوه و بەقەد داوێنی بوو. کراسی تیرێژووداری یەخەکوردی، دەبێ گڕۆڵی تێ­ بنێی و له قەراغەکانی دەکرێتەوه، بەڵام ئەگەر پارچەکه بەربەرین بێ تێی ناکرێتەوه و هەر بەرینی دەگرن، یەخەی کوردیی ئەو کراسه لە­سەر سینگ ڕادەوەستێ. قەدیم دەبوو کراس فرەوان بێ.»

 

کراسی سنەیی

وەک تیرێژوودارە بەڵام هەر دوو تەختەکە (پاش و پێشی) هەیە و تیرێژوو و گرۆڵی نییە و زۆر باریکترە. یەخە و قۆڵی بەمۆدی جۆراوجۆر دادەندرێ و ئێستاکەش باوە. (دەسماڵ وپشتێندی لەسەر نابەسترێ.)

 

کراسی بەئەنگوچک

یان " کراسی بە سۆرانی"، بە کراسێک دەکوترێ کە قۆڵەکانی سۆرانیی پێوە درابێ، کراسی قەدیم زۆربەیان سۆرانییان لێ دەدا، ئی وا بوو بەرینی دادەنا و ئی وابوو هەر چوار قامکی دادەنا. لە ناوچەی مەنگوڕایەتی دوو میتر و نیو یان سێ میتر سۆرانییان دادەنا، قۆڵی کراسەکەیان فراوان دەگرت و داوێنی شەش تەختە دەکرا، سۆرانییەکەیان  قەیتان لێدەنا و دوگمەیان لە نێوەڕاستی سەرشانی کەوا دەدا و قەیتانەکەیان بەسەر دوگمەکە ڕۆ دەکرد هەتا ڕاوەستێ و لکیان داویشتەوە دواوە. ئی وا هەبوو بە دەرزی قایمیان دەکرد. ئەو کراسە فشوفۆڵ ڕادەوەستا و ئەنگوچکی لە دواوە گەورە دیار بوون.

کراسی کەمبەرچین

" کراسی بەدامێن" یان " کراسی بە گنج" یان "کراسی چینچین" یان " کراسی چیندار"

کراسێکە کە بەژن و داوێنی لێک جیایە و چین یان گنجی دە نێوقەدیدایە. پێشینەی ئەو کراسە وا باس کراوە کە گۆیا هەر کراسی بەلاداکردنێ و کراسی بە تیرێژوو باو بووە، ئەو سەردەمەی کە  جوولەکە دە وڵاتدا بوون، ژنەکانیان کراسی بەچینیان لەبەردا بووە (دامێن یان داوێن: دامن بە فارسی). ژنانی موکریان تەما دەگرن ئاڵوگۆڕ بەسەر جلوبەرگی کوردیدا بێنن و چین دە کراسەکانیان هاوێن. هەوەڵ جار دەچنە خزمەت "شێخولئیسلامی گەورە" و ڕاوتەگبیری پێ دەکەن هەتا خودای نەخواستە حەرام نەبێ و بتوانن نوێژی پێوە بکەن، ئەویش کوتوویە بەو شەرتەی جۆرێک بێ لەبەردا  بەعەدەب بێ و هیچ کوێی تێدا دیار نەبێ حەرام نییە. ئەو کراسە بۆ هەوەڵ جار ژنە جوولەکە بڕیویانە و تا ئێستاکەش ئەو ئاڵوگۆرەی بەسەر جلوبەرگی ژنانی موکریان هات هەرماو بوو. ئەو کراسە بەژن و داوێنی  بە جیایە و دوایە پێکەوە دەدرێ، گنجەکانی لە داوێنی دەدرێ. بە دوو شێوە دەیدروون یان هەمووی داوێنی سەراسەر گنج لێ دەدەن جا بە بەژنەکەیەوە دەدروون و ئی واش هەیە داوێنی کراسەکە لەگەڵ هەر گنجەی بە بەژنەکەیەوە دەدروێ.

کراسی چینچین

سبحەینێ ئیشەڵڵا  گزینگ لە سەران

زولفی عەمبەربۆم دەکەم پەرێشان

کراسی چینچینم کارخانەی شاهان

ئەبرۆم دەکەم قۆپەنی ڕیحان

"ئەحمەد لوتفی، زۆرە و مشتەری"

پۆلێک هاتوون بیتوێنیە

وەکوو وەردۆکی باڵشینە

کراسی بەریان پاک چینچینه

برۆ و مژانگ تێک چڕژینە

" ئەحمەد لوتفی، لاس و خەزاڵ"

کراسی کەمبەرچین

سایە و کراسی کەمبەرچین

لە هەزار ڕەوشێ و نازەنین

" هەژار"

باوەر

زۆربەی ژنە بەتەمەنەکان کراسی کەمبەرچینیان لەبەر نەدەکرد و پێیان وابوو حەرامە، چونکە هەوەڵ جار ژنە جوولەکە مقەستی لێ داوە.

زۆربەیان دەیانکوت چونکە ئەو کراسە بەژن وداوێنی لێک جیا کراوەتەوە لەبەرکردنی بێشەرعییە.

(وێنەی 4)

 

شەو­کراس

ئەو کراسەی کە بۆ خەو دەبەر دەکرێ.

KURDŞOP
1179 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!