ئامێر ناسیی مۆسیقا – بەشی 13 (تار)

هاوار هەورامان

 

ئامێری تار

_ ئه‌م ئامێره به ناوی  تار ده‌ناسرێ.

_ له بنه‌ماڵه‌ی ئامێره ژێداره‌کانه که به یارمه‌تیی ڕیشه (مزراب) ده‌ژه‌ندرێ.

_ له داری توو و داری گوێز چێ ده‌کرێ.

 

_ ئه‌م ئامێره له‌م به‌شانه دروست بووه:

_ کاسه‌(سندوقی ده‌نگ)، پێست، ده‌سک(ده‌سته)، ڕووی ده‌سک(ده‌سته‌)، سه‌ر ده‌سک(جێگه‌ی کلیل یان ماڵی کلیل)، ژێ، ژێگیر، پرد، کلیل، ڕیشه

 

_ کاسه(سندوقی ده‌نگ)

_ کاسه‌ی ئامێری تار له کۆلکه‌ی داری توو دروست ده‌کرێ.

_  کاسه‌ی ئامێره‌که هه‌ر وه‌کوو هه‌رمێ ده‌چێ.لای سه‌ره‌وه‌ی کووپه‌یه‌کی چکووله‌ و لای خواره‌وه کووپه‌یه‌کی گه‌وره که نێو کۆڵ ده‌کرێ.

 

 _ له‌سه‌ره‌تا کۆلکه‌ی داری توو به‌م شێوه‌یه نێوکۆڵ ده‌رکرێ.

 

_  دوای نێوکۆڵ کردن به یه‌که‌وه ده‌لكێندرێ.

 

 

_ له‌کۆتاییدا ساف و سۆڵ ده‌کرێ.

 

 

_ پێست

_  پێستی به‌رخی ساوا یان ماسی نه‌قه (باقۆ) بۆ دروستکردنی تار بەکار دەهێنرێ.

_ پێستی چاک  ده‌بێ چه‌وریی نه‌بێ و ساف و ناسک و ته‌نک بێ.

_  کاتێک ژێیه‌کان کۆک ده‌کرێن و توند ده‌بن، قورساییه‌کی زۆر ده‌که‌وێته سه‌ر پێست، تێگرتنی پێست به سه‌ر ئامێردا کارێکی گرینگه و لێزانین و شاره‌زاییی ده‌وێ، زانیاری له سه‌ر ڕاده‌ی شل و توند تێگرتنی پێست ده‌بێته هۆی به‌رگیریکردن له دڕان و کون بوون و ده‌نگخۆشیی ئامێر.

 

 

_ ده‌سک(ده‌سته)، ڕوو ده‌سک(ده‌سته)، سه‌ر ده‌سک (جێگه‌ی کلیل یان ماڵی کلیل)

_ درێژاییی ده‌سک، چل و پێنج بۆ په‌نجا سانتی مەترە.ده‌سته یان ده‌سک له‌داری گوێز دروست دەکرێت.

_ سه‌رێکی ده‌سکی ئامێر ده‌چێته‌ نێو ملی کاسه‌که‌وه و  ئێسکی وشتر له که‌ناره‌کانی ڕووی ده‌سکی ئامێر ده‌درێ.

   

مل یان گه‌ردنی کاسه

_ سه‌رێکی دیکه‌شی له جێگه‌ی کلیله‌کان واته ماڵی کلیله‌کان گیر ده‌بێ.

_ جێگه‌ی کلیله‌کان شوێنی ڕاگیر کردنی کلیله‌کانه که ئه‌ژماریان شه‌ش دانه‌یه.

 

_ژێ ،ژێگیر، پرد

_ ژێیه‌کانی ئه‌م ئامێره وه‌کوو  ژێ ئامێره‌کانی ته‌میره،سه‌نتوور و دیوان کانزاییه.

_ ژێ یان سیمه‌کانی تار شه‌ش دانه‌ن که بریتیین له: دوو دانه سیمی سپی(٢٠-٢٢)، دو دانه سیمی زه‌رد (٢٢-٢٥)، سیمێکی سپی (٢٠-٢٢) و سیمێکی زه‌ردی ئه‌ستوورتر(٣٥) که هه‌رکام ژماره و سایزی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.

 

ژێگیر:

_ ژێگیری تار له شاخی ئاژەڵ چێ ده‌بێ.

_ جێگای ژێگیر‌ لای خوارووی کاسه‌ی ئامێره‌که‌یه.

_ سه‌رێکی ژێیه‌کان له ژێگیر و سه‌رێکی تریشی له کلیله‌کان ده‌هاڵێنرێ.

 

پرد:

_ له شاخ یان ئێسک چێ ده‌بێ.

_ پردی ئامێری تار پێنج سانتی مەتر له دو سانتی مەترە ‌و له‌سه‌ر پێست داده‌نرێ و کونی بچوکی تێ ده‌کرێ و به یارمه‌تیی به‌ن یان تاڵێک به ژێگیره‌وه گرێ ده‌درێ.

_ پرد پەیوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ پێستی ئامێره‌که هه‌یه و شوێنی ژێیه‌کانی ئامێر له‌سه‌ری دیاری ده‌کرێ. له‌ره‌ی ژێیه‌کان بۆ پرد و له‌وێش ڕا بۆ پێست و له پاشان بۆ نێو کاسه‌ی ئامێر، ده‌بێته هۆکاری دروستبوونی ده‌نگ.

 

په‌رده:

_ له‌ ڕیخۆڵه‌ی مه‌ر و مانگا چێ ده‌بێ.

_  ٢٥ دانه په‌رده له‌ سه‌ر ده‌سکی تار ده‌به‌سترێ.‌

_ ١٣ دانه له په‌رده‌کان به ئه‌ندازه‌ی سێ ده‌ور و ١٢ دانه‌ش چوار ده‌ور له ده‌سته‌ی ئامێر ده‌هاڵێنرێن. (یاسای تایبه‌تی هه‌یه).

 

_کلیل

_ کلیل له درای گوێز چێ ده‌کرێ.

_ ئامێری تار شه‌ش دانه کلیلی هه‌یه.

_ هه‌ر ژێیه‌ک کلیلی خۆی هه‌یه و شل و توندی و ڕاگرتنی ژێیه‌کان به یارمه‌تیی کلیل ئه‌نجام ده‌درێ.

 

_ریشه

_ له شاخی ئاژەڵ یان زه‌رد(کانزا) دروست ده‌کرێ.

_ به‌ دوو قامکی ده‌ستی ڕاست یان چه‌پ ( بۆ ژه‌نیاری چه‌پدەست) ده‌گیرێ و به لێدانی ڕیشه یان مزراب له سه‌ر ژێیه‌کان، ده‌نگی ئامێر دروست ده‌بێ.

 

KURDŞOP
691 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!