هاوار هەورامان
ئامێره باییەکان:
- بە فووپێداکردن دەنگ دروست دەکەن.
- هەر کام شێوازی فووپێداکردنی تایبەتیان هەیە.
- خاوەنی مێژوویەکی لەمێژینەن و هەر مەڵبەندێک شێوازی ژەنیاریی خۆی هەیە.
- لە دار یان برنج (مس و ڕوح{فافۆن}ی تێکەڵاو) ساز دەکرێن.
- بە پێی شێوازی فووپێداکردن و دەنگ دروستکردن، دەبنە دوو دەستە:
١) ئامێری باییی دارین ٢) ئامێری باییی برنج
ئامێری باییی دارین:
- بێ ئەوەی لێو بجووڵێتەوە، فوو بەو ئامێرانەدا دەکەین.
شێوازی جۆراوجۆری فووپێداکردن:
١- لێو بۆ نێو دەم کۆ دەکرێتەوە و پشت لێوی سەرێ و خوارێ پڕ دەبێ لە هەوا و گووپیش هەڵدەدرێ.
٢- لێو خونچە دەکرێ و گووپ نەختێک هەڵدەدرێ، بەڵام پشت لێوەکان هەوای تێدا نابێ.
٣- لێوی ژەنیار بە ددانییەوە دەنووسێ و هەوا ناچێتە پشت لێو و گووپیش هەڵنادرێ.
- لە هەر سێ شێوازدا لێو ناجووڵێتەوە.
ئامێرە باییه دارینەکان، دوو دەستەن: ١) پیکدار ٢) بێ پیک
ئامێری دارینی پیکدار:
- لە دار یان ئێسکی باڵی باڵندەی وەک هەڵۆ و بایەقوش و داڵاش و پیرۆزە و سوورەقورینگ و کەڵک، دروست دەکرێن.
- پیکەکەیان لە قامیش ساز دەکرێ.
- وەختێک ژەنیار فوو بە پیکدا دەکا و قامیش دەلەرێتەوە، دەنگ لە پیکەوە دەچێتە نێو ئامێرەکەوە.
دوو جۆرە پیک بۆ ئامێرە باییەکان له کار دەکرێ:
١- پیکی یەکزمانه:
لەتەقامیشێکی بچووک و ناسک لە شوێنی فووپێداکردنی ئامێری کلارینێت و کلارینێتباس و ساکسیفۆن دادەندرێ.
٢- پیکی دووزمانە:
لە قامیش ساز دەکرێ و دەچێتە نێوان لێوی ژەنیارەوە. گرێی قامیش، کە دەکەوێتە لای خوارەوەی پیک، دەچێتە نێو کووپە یان سەری ئامێرەوە. نایە (نەرمەنەی-باڵەبان) و دوودووک و دووزەلە و زوڕنا (سوڕنا) و ئەبوا، پیکی دووزمانەیان هەیە.
شایانی باسە، پیکی زوڕنا و ئەبوا و کەڕنا (کەڕەنا) و ...، لەسەر میل، کە لە زەرد یا وەرشەو دروست دەکرێ، دەبەسرێ و میل دەچێتە نێو ئامێرەوە.
ئامێری دارینی بێ پیک:
- لە دار یان قامیش ساز دەکرێن.
- لە لێواری لای سەرەوەی ئامێرەوە فوویان تێ دەکرێ.
- بە پێی ئەو بەڵگە و ئاسەوارە کۆنانەی لە ناوچەکانی کوردستان و چیاکانی زاگرۆس دۆزراونەتەوە، ئەو ئامێرانە، زوو، لە مەفرەق و زێڕ و زێویش دروست کراون.
بۆ ژەنینی شمشاڵ و کەواڵ (قەواڵ) و بلوێر، لێو خونچە دەکرێ و لە قەراغی لوولەی ئامێرەوە فوویان تێ دەکرێ.
ئامێری فیکە لە دار یان قامیش دروست دەکرێ. لەتەدارێک لە شوێنی فووتێکردن دەخرێتە نێو ئامێرەوە و ڕاست فووی تێ دەکرێ.
فلووت لە دار یا برنج یا قامیش ساز دەکرێ و بە سێ شێواز لێدەدرێ:
١- ژەنیار لە لێواری ئامێرەوە فووی تێ دەکا.
٢- ژەنیار ئامێر له نێوەڕاستی لێوی دادەنێ و ڕاست فووی تێدەکا.
٣- ژەنیار فوو لە شوێنی دیاریکراو دەکا.
- چونکە لە هەر سێ شێوازدا لێو ناجووڵێتەوە، ئەو ئامێرە دەچێتە ڕیزی ئامێرە باییە دارینەکانەوە.
ئامێرە برنجەکان:
- لە برنج (تێکەڵاوی مس و ڕوح{فافۆن}) دروست دەکرێن.
- ژەنیار لێوی لەسەر شوێنی دیاریکراو دادەنێ. بە جووڵاندنەوەی خێرای لێو لەگەڵ فووتێکردن، دەنگ ساز دەبێ.
- ترۆمپێت و تۆرۆمبۆن و تووبا، کە لە ئامێرە ڕۆژاواییەکانن، بەو شێوەیە لێدەدرێن.