کوردشۆپ- لە چل و دووهەمین فێستیڤالی فیلمی ئەستەنبوڵدا، کورتە فیلمێکی کوردی بە ناوی "ناونیشان"، لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد "ئارام دڵدار" خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی بەدەست هێنا.
فێستیڤالی فیلمی ئەمساڵی ئەستەنبوڵ بۆ جاری چل و دووهەمین، لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری و هونەریی ئەستەنبوڵەوە بەڕێوەچوو. ئێوارەی سێشەممەی ئەم حەفتەیەش بە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە ئەستەنبوڵ کۆتایی هات.
فیلمێکی کوردی بە ناوی "ناونیشان"، بەشداریی بەشی کورتە فیلمی فێستیڤالەکە کرد و وەک یەکەم فیلمی فێستیڤال دەستنیشان کرا.
باس لەوەش دەکرێ، فیلمی کوردی بە ناوی ناونیشان لە دەرهێنانی ئارام دڵدار، سەرنجێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و لایکێکی زۆری بۆ کراوە.
دەرهێنەر ئارام دڵدار سەبارەت بەم بابەتە وتی: "کورتە فیلمی "ناونیشان"م لە چەند فێستیڤالی نێودەوڵەتیدا بەشدار بوو و سەرنجێکی باشی وەرگرت و خەڵاتیشی بەدەستهێنا. فیلمەکە باس لە گۆڕینی ناوی گوندەکانی کوردستان و وەرگێڕانی ئەو ناوە کوردییانە دەکات بۆ زمانی تورکی. چیرۆکەکە بە شێوەیەکی تراژیدی کۆمیدی دەگێڕینەوە".
لە چوارچێوەی فێستیڤالەکەی ئەستەنبوڵدا لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا ١٣٤ فیلمی درێژ و ٢٩ کورتەفیلم بۆ هەوادارانی سینەما نمایش کران. فێستیڤالەکە ئەمساڵ بە بەشداریی فیلمی ١٦٠ دەرهێنەر لە ٨٤ وڵاتەوە لە ١٤ بەشدا بەڕێوەچوو.
لەم فێستیڤالەدا فیلمێکی درێژ، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری و ٢ کورتەفیلمی دەرهێنەرانی کورد، نمایش کران.