تەندروستیی تاک بەرابەرە لەگەڵ تەندروستیی کۆمەڵگە

 

- ڕۆژ قادری

 

لەبەرچاوگرتنی تەندروستیی تاکی هیچ پەیوەندییەکی بە تەمەنی تاکەکانەوە نییە و هەر تاکێک لە ژیانی خۆیدا دەبێ هەمیشە خۆی لە بەرامبەر ئەم بابەتە تەندروستییانە بە بەرپرسیار بزانێت و لەمبارەوە کەسانی تر ئاگادار بکاتەوە. ئەگەر هەموومان گرینگی بە تەندروستیی تاکیی خۆمان بدەین، وێڕای ئەوەی کە شاهیدی ژیانێکی باشترین بۆ خۆمان، دەتوانین لە بواری تەندروستییەوە یارمەتیی دەروبەرییەکانیشمان بدەین. ڕەنگە بچووکترین کارێک کە بۆ لەبەرچاوگرتنی تەندروستی ئەنجامی دەدەین، لە زۆرێک لە نەخۆشییەکان ڕێگری بکات.

لە وڵاتانێک کە لە بواری تەندروستییەوە دۆخێکی نەگونجاویان هەیە، خەڵکیش تەندروستییەکی باشیان نییە و کوالێتیی ژیانیان لە خوارەوەیە، بۆیە تەندروستیی تاکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ تەندروستیی کۆمەڵگە هەیە. هەڵبەت بە پێشکەوتنی زانستی پزیشکی، بەردەوام شێوە و هەوڵگەلێکی نوێ لەم بوارەدا دەگیردرێتە بەر و پێویستە ئێمەش زانیاریی تەندروستیی خۆمان بەڕۆژ بکەینەوە.

ئەوەی کە خۆمان بە بەرپرس بزانین تاکوو هەندێک خووی دروستی تەندروستی بێنینە نێو ژیانمانەوە، کارێکی ئەستەم و تاقەتپڕووکێن نییە و لە بەرامبەردا لەشمان لەهەمبەر زۆرێک لە نەخۆشییەکان واکسینە دەکەین. هەروەها هەمیشە دەگوترێت کە پێشگرتن باشترە لە دەرمانکردن و بەدڵنیاییەوە یەکێک لە سەرەکیترین ڕێگاکان بۆ پێشگرتن لە نەخۆشییەکان لەبەرچاوگرتنی تەندروستیی تاکییە. ئەگەر لەم بوارەدا زانیاریی باشتان نییە، باشتر وایە لە ڕێگای کتێب، سیمینار و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆتان بەڕۆژ بکەنەوە.

هەر تاکێک دەبێ بەنیسبەت لەبەرچاوگرتنی تەندروستی و ئەنجامدانی چالاکیی گونجاو و دروست، بەرپرسانە بجووڵێتەوە تاکوو کوالێتی بە دۆخی تەندروستیی خۆی و دەوروبەرییەکانی ببەخشێت. لەبەرچاوگرتنی ڕێکارەکانی تەندروستیی تاکی، بە شێوەیەکی کاریگەر یارمەتیی تەمەندرێژی دەدات.

دەبێ هەوڵ بدەین هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە تەندروستیی ئەندامانی نێو لەش، پێست و موو، دەم و ددان و خۆراکی ئێمەوە هەیە بناسێنین. تەنانەت ئەو هەوڵانەی کە لە ڕاستای باشترکردنی دۆخی خەو و تەندروستیی دەروونی ئەنجام دەدرێن، وەک تەندروستیی تاکی دێنە ئەژمار.

ئەگەر تاکوو ئێستا لەهەمبەر لەبەرچاوگرتنی تەندروستیی تاکی خۆمان بە بەرپرسیار نەزانیوە، کاتی ئەوە هاتووە کە خۆمان بگۆڕین. بەداخەوە زۆرێک لە تاکەکان تاکوو تەندروستیی خۆیان لەدەست نەدەن، بایەخی تەندروستیی خۆیان نازانن. تەندروستی گرینگترین بەشی ژیانی ئێمەیە و دەبێ بۆ پاراستنیشی هەوڵ بدەین و بەو جۆرەش یارمەتیی تەندروستیی کۆمەڵگەکەمان داوە.

بە لەبەرچاوگرتنی تەندروستیی تاکی لە ماڵەوە، لە زۆرێک لە نەخۆشییەکانی خۆمان و ئەندامانی بنەماڵەکەمان پێشگیری دەکەین. بۆ نموونە ئەگەر ئەندامێکی بنەماڵە بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی تەندروستیی تاکی تووشی نەخۆشییەکی پێستی بووبێت کە ئەگەری گواستنەوەی لە سەرەوە بێت، تەندروستیی ئەندامانی تری ئەو بنەماڵەیە دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە لەبەرچاوگرتنی تەندروستیی تاکی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کوالێتیی ژیانی ئێمە هەیە.

بۆ ئامادەبوون لە کۆڕیشدا دەبێ گرینگییەکی زۆر بە لەبەرچاوگرتنی تەندروستیی تاکی بدەین. بۆ نموونە کەسێک وێنا بکەن کە لەنێو تەکسییەکدایە و هیچکام لە بابەتە تەندروستییەکانی ڕەچاو نەکردووە، بۆ نموونە بۆنی دەمی دێت، تەحەمولکردنی وەها کەسێک لەنێو تەکسیدا تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش ئەستەمە. ڕەنگە خودی تاکەکە نەزانێت کە بۆچی خەڵک بەو جۆرە سەیری دەکەن یان دووریی لێ دەگرن، بەڵام بەدڵنیاییەوە خەڵکی لە خۆی ئاڵۆز کردووە. بۆیە ئەگەر ئەمەمان ناوێت، دەبێ تەندروستیی تاکی بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لەبەرچاو بگرین.

دەبێ هەر لە تەمەنی کەمەوە منداڵانمان لەگەڵ بنەماکانی تەندروستی و لەبەرچاوگرتنی تەندروستی لە ماڵ و کۆمەڵگەدا ئاشنا بکەین. منداڵان لە تەمەنی خواردا کەمتر پێبەندی بنەماکانی تەندروستین و ئەم بابەتە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەئاسانی تووشی نەخۆشی ببن. ڕەنگە ئەستەم بێت کە منداڵانمان تێبگەیەنین کە بەوردی تەندروستیی خۆیان لەبەرچاو بگرن، بەڵام دەبێ لەم کارەدا هەموو هەوڵی خۆمان بدەین و ئاگاداریان بین؛ هەروەها منداڵان کارەکانی ئێمە دووپات دەکەنەوە و پێویستە کە خۆیشمان بە ڕێکوپێکی تەندروستیی خۆمان بپارێزین، تاکوو ببینە سەرچەشنێکی باش بۆ منداڵانمان.

 

KURDŞOP
318 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!