ڕێکارەکانی بەڕێوەبەریی ماوەی دەکارکردن و کەڵکوەرگرتنی منداڵان لە مۆبایل و تەبلێت

هەوار نوور

 

دایکان و باوکان دەتوانن بۆ فێرکاریی چاتری بەڕێوەبەریی ماوەی کەڵکوەرگرتنی منداڵان لە مۆبایل و تەبلێت، لە ڕێکاری جۆراوجۆر کەڵک وەرگرن. بۆ وێنە پێش ئەوەی منداڵەکەتان دەست بە یارییەکانی مۆبایل و تەبلێت بکا کاتی بۆ دیاری بکەن و ئەوە یەک لەو ڕێکارانەیە کە منداڵان زۆر بە کەمی لەبەرانبەریدا پێداگری دەکەن. 5 خولەک پێش ئەوەی کاتی دیاریکراو بگاتە کۆتایی، ئاگاداری کەنەوە کە ماوەی نەماوە، با ئەگەر پێویستە لە نیوەی یارییەکەدا دەستی لێ هەڵگرێ، ئەگەر گونجا قۆناغی یارییەکە پاشەکەوت بکا و لە کاتی ئیزن پێدراوی داهاتوودا، بچێتەوە سەری و بیانووی لێ ببڕێ و ماوەی دیاریکراو زیاتر نەبێ.

بەڵام ئەوەشتان لە بیر بێ لە هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵاندا دەسەڵاتی بەجێتان هەبێ، بۆ وێنە ئەگەر 2 یا 3 خولەکیان پێویستە هەتا قۆناغێکی یارییەکە تەواو کەن ئیزنی درێژەدانیان پێ بدەن. دەتوانن پێیان بڵێن هەر خولەکێک زیاتری ئەو جارەت، 5 خولەک لە کاتی داهاتووت کەم دەکاتەوە. هەروەها بە نیازی ڕاهێنانی پێشگرتنی کاتی کەڵکوەرگرتن لە مۆبایل و تەبلێت بۆ منداڵەکانی خواروی 6 ساڵ، دەتوانن کاتژمێری بەزەنگیان بۆ دانێن. کاتژمێرەکەیان بۆ قورمیش کەن و لە بەر دەستانی دانێن بۆ ئەوەی منداڵ چاوی لێی بێ و بزانێ کەنگێ دەبێ مۆبایل یا تەبلێتەکە دانێ. پێویستە منداڵەکانتان فێر کەن و پێیان نیشان دەن کە ئەگەر میلی کاتژمێرەکە لەسەر ئەو ژمارەیە وەستا، ئەوە زەنگ لێدەدا و دەبێ خەریکی شتێکی دیکە بێ، با فێر بێ پێش زەنگلێدانی یارییەکەی تەواو کا.

لەوە خاترجەم بن کە منداڵ بەڕاستی و دروستی لە ئاکامی بەقسە نەکردنی کاتی کایە و یاری بە مۆبایل و تەبلێت ئاگادارە.

 ئەوڕۆکە ئەپلیکەیشێنی وەها هەن کە ئیزن بە دایکان و باوکان دەدەن پێش بە دەستپێڕاگەیشتنی منداڵان بگرن هەتا هەموو جۆرە پڕۆگرام و یارییەکیان لەبەردەست نەبێ و تایبەتی تەمەن و فامی خۆیان کەڵک لە یارییەکان ورگرن؛ هەتا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕوح و ڕەوانی منداڵ دانەنێ و تووشی کێشەی نەکا. منداڵان ئەگەر زۆریان موبایل و تەبلێت بە دەستەوە بێ، تووشی گرفتەکانی مل و پشت دەبن و زۆر بە هاسانی قەڵەو دەبن و دەتوانێ خەوی منداڵیش تێک دا.

خوووخدەکانی باشیان بۆ بدۆزنەوە با جێگری یاری بە مۆبایل بن. یەک لە ڕێگەکانی هەرە باش و پەسند، کەڵکوەرگرتن لە کتێبە و دەتوانێ باشترین ڕێکار بێ بۆ کەمکردنەوەی یاری بە مۆبایل و زانیاریی منداڵیش زیاتر دەبێ و بەردی بناغەی حەزی فێربوون و کتێبخوێندنەوە لە داهاتووی ژیانی منداڵانیشە. دەبێ کتێبە هەڵبژاردەکان سەرنجڕاکێش و هاوتەریبی فامی منداڵ بن. وێنەکێشانەوەش یەک لەو ڕێگایانەیە کە دەتوانێ منداڵی پێ بخافڵێ و گەورەکانیش لە توانا و بەهرەکانی منداڵەکانیان ئاگادار دەکاتەوە. دایکان و باوکان دەتوانن منداڵەکانیان بۆ فێرگەکانی نیگارکێشان بەرن بۆ ئەوەی بە شێوەی ئەوڕۆیی و تایبەت فێر بن و پێکەوەبوونی منداڵیش بۆ خۆی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی دۆستایەتی ئەزموون بکەن، لەبەر ئەوەی بەشی هەرە زۆری منداڵانی ئێستاکە لە ماڵێ بەتەنیان و ئەزموونی پێکەوە بوون لەگەڵ منداڵانی دیکەیان نییە. هەروەها لە داهاتووشدا دەستومەچەکیان بەهێز دەبێ و بۆ نووسینەوە لە قوتابخانە چاتر ڕادێن.

شێوە ژیانی ئەوڕۆیی و نەبوونی حەسار و دەرکوبان وای کردووە منداڵ نەتوانێ بەدڵە خۆی جموجۆڵی هەبێ، لە ناچارییان یا دەبێ لە بن فیلم و ئەنیمێیشێن دانیشێ یا وەڕەزیی خۆی بە یارییەکانی نێو مۆبایل بشکێنێ. یەک لە باشترین ڕێکارەکان بردنی منداڵ بۆ ناوەندە وەرزشییەکانە کە دەتوانێ تەواو منداڵ نۆرماڵ کاتەوە و لە هێزەکانی دەروونی و جەستەیی بە باشی کەڵک وەرگرێ و ساغوسڵامەتتریش بێ.

پێویستە گەورەکان لە بنەماڵەدا خۆیان نموونە و سەرمەشقی منداڵەکانیان بن. منداڵ وەک ئاوێنە وایە. ئەوڕۆکە یەک لە هەڵە باوەکانی دایکوباوکان لە حاملاندنی منداڵەکانیاندا ئەوەیە کە بۆخۆیان دایمودەرهەم مۆبایلیان بەدەستەوەیە، ئەگەر منداڵێک لە بنەماڵەکەیدا گەورەکانی ببینێ کە هۆشیان لێی نییە و هەرکەسەی بە جۆرێک خەریکی مۆبایل و سیستمەکانی ئەوڕۆیی دنیای مۆدێرنیتەیە، منداڵیش هەر ئەو چاوەڕوانییەی لە خۆی دەبێ و ئەو خوویە هەڵدەگرێ.

پەروەردەی منداڵ ئەگەر بەجێ و شیاو بێ دەتوانێ داهاتووی خۆی و کۆمەڵگای بەرەو گەشە و چاتر بوون بەرێ.

دایکان و باوکان لە سەردەمی ئێستادا دەبێ چاوێکیان بکەنە چوار چاو و کاتێ منداڵەکانیان مۆبایل و تەبلێتیان پێیە، هۆشیان لەسەریان بێ؛ لەبەر ئەوەی وەک ڕۆژانە لە چوارقوڕنەی دنیاوە دەنگوباس دێ، لە ڕێگای یارییە ئۆنلاینەکانەوە منداڵان هەڵدەفریوێنن و بە لاڕێیاندا دەبەن.

لە ئاکامدا دەبێ پرسیارێک لە دایک و باوکان بکەین کە ئێوە بۆخۆتان چەند کاتژمێری تەمەنتان لە شەو و ڕۆژدا بە خولانەوە لە سۆشیاڵمیدیادا بە خۆڕایی بەفیڕۆ دەدەن؟ پێویستە بیری لێ بکرێتەوە.

KURDŞOP
402 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!