ڕۆڵی مامۆستایان لە پڕۆسەی پەروەردە و وانەگوتنەوەدا

ڕۆژان سۆفیزادە

مامۆستا ڕۆڵێکی گرینگی لە وانەگوتنەوەدا هەیە، چونکە ئەو جێبەجێکاری سەرەکیی بەرنامەی خوێندنە، ئەو لە پرۆسەی فێربوون و وانەگوتنەوەدا ڕێبەری خوێندکارانە، ئەو چاودێریی ئەنجامی خوێندکاران دەکات و هەوڵی پێشخستنیان دەدات. هەروەها لەسەر کەسایەتیی قوتابییان کاریگەریی هەیە، چونکە ڕاستەوخۆ خەریکی کارەکانی دەبێت و کاتێکی زۆریان لەگەڵدا بەسەر دەبات.

بۆ نموونە بۆ ماوەیەک لە ئەڵمانیا پزیشکەکان داوای زیادکردنی مووچەیان دەکرد، بەڵام سەدرئەعزەمی ئەڵمانیا (ئانجێلا مێرکێل) وڵامی ئەو داواکارییەی دایەوە و گوتی: "چۆن داوای ئەوە دەکەن کە مووچەکانتان لە مووچەی مامۆستایان زیاتر بێت، لە حاڵێکدا هەر ئەوان بوون کە ئێوەیان گەیاندە ئەم قۆناغە."

بەڵێ لێرەدا ڕۆڵی گرینگی مامۆستا دەبینین و دەزانین چەندە ڕۆڵی مامۆستا بۆ گەشەپێدانی نیشتمان و گەیشتنی هەر تاکێک بە هیوا و ئامانجەکانی، گرینگە.

مامۆستا بەردی بناغەی پڕۆسەی پەروەردەیە و ڕۆڵێکی سەرەکی و کارایان لە قۆناغەکانی ژیان بۆ تێگەیشتن و پەروەردەکردنی مرۆڤ بە گشتی هەیە، چونکە ئەوە مامۆستایە کە دەتوانێت بە باشترین شێوە خوێندکار لە هەموو بوارەکانی گەشەپێدان و تەندروستی و خۆشەویستی ئامادە بکات.

ڕۆڵی مامۆستایان ئەوەیە کە خوێندکاران بە شێوەیەکی تەندروست و دروست پەروەردە بکرێن، بۆ ئەوەی بتوانن ببنە تاکێکی دڵسۆز، چالاک و بەویژدان بۆ وڵات، نەتەوە و کۆمەڵگەکەیان.

لەبەر ئەوەی مامۆستا بە ئاسانی دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ژیانی خوێندکارەکانی دابنێت، هەروەها سروشتی مرۆڤ پێویستی بەوەیە کەسێک ببێتە ڕێنوێنی و سەرچاوەی هەستە زیندووەکانیان و بەرەو کردارێکی باش و باشتریان ببات.

وانەگوتنەوە تەنیا گەیاندنی زانیاری و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکان بۆ قوتابییان نییە، بەڵکوو مامەڵەکردنە لەگەڵ قوتابییان، وەک باوک، دایک، برا و خوشک. مامۆستا بۆ خوێندکاران ڕێبەر و یارمەتیدەرە، لەگەڵیان دەژی، پەروەردەیان دەکات، سەرپەرشتی و چاودێریی ڕەفتاریان دەکات.

مامۆستا خوێندکارانی فێری خوێندنەوە، نووسین و قسەکردن دەکات، هەتا لە داهاتوودا ببنە مامۆستا، پزیشک، ئەندازیار و دادوەر و هتد.

هەر مامۆستایەک لە ئەنجامە گشتییەکان بەرپرسیارە، چونکە مامۆستا لە بواری پەروەردە و وانەگوتنەوەدا پێشەنگە. مامۆستا لە هەموو ئاستەکانی خوێندکار، ڕەفتار و ئەنجامەکانیان بەرپرسیارە، چونکە دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنیی خۆیان بگێڕن و خوێندکار بە ئامانجەکانی بگەیەنێت. لە ڕاستیدا ئەمەیە کە کۆمەڵگە چاوەڕوانیی لە مامۆستایانی دڵسۆز هەیە.

پێویستە ڕوانگە و پەیامی هەر مامۆستا و قوتابخانەیەک بەم شێوەیە بێت:

- پەروەردەکردنی قوتابییان و بەرزکردنەوەی کوالێتیی خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی قوتابییان بە شێوەیەکی داهێنەرانە.

- فێرکردنی قوتابییان بۆ پاراستنی ژینگە و گرنگیدان بە پاراستنی ژینگە و پاک‌وخاوێنیی قوتابخانە.

- جەختکردنەوە لەسەر پەرەپێدانی توانای پیشەییی مامۆستایان و بەرزکردنەوەی کوالێتیی فێربوون.

- جەختکردنەوە لەسەر پەروەردەی خوێندکاران و لێکدانەوەی بەها و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەنگدانەوەیان لە ڕەفتاری قوتابییاندا.

- دابینکردنی کەشێکی خۆش و یەکسان بۆ قوتابییان.

- گرینگیدان بە تەندروستیی کەسانی نێو قوتابخانە.

- ئاگادارکردنەوەی دایک و باوکی قوتابییان لە پرسە پەیوەندیدارەکان.

- بنیاتنانی نەوەیەکی پڕ لە هەست و خۆشەویستی بۆ نیشتمانەکەیان.

 

KURDŞOP
666 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!