لە قاوەخانەیەک لە دیاربەکر، ماوەی ٣١ ساڵە تەنیا یاریی شەترەنج دەکرێت

ئەم قاوەخانەیە کە تێیدا تەنیا یاریی شەترەنج دەکرێت، لە ساڵی ١٩٩٢ەوە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات. ٣١ ساڵ لەمەوبەر لەسەر داوای چەند مشتەرییەک یاریی شەترەنج لەم شوێنەدا دەستی پێ کردووە و ئێستا بووە بە ناوەندی پێشبڕکێیە دژوارەکانی شەترەنج.

شادی

کوردشۆپ- لە ناوچەی ڕێزان لە ناوندی شاری دیاربەکر لە باکووری کوردستان، قاوەخانەیەکی سەرنجڕاکێش هەیە کە لەوێدا هیچ کەس حەزی لە تۆپی‌پێ نییە و کەس یاریی پاسۆر (وەرەق - کۆنکان) ناکات و لەوێدا تەنیا شەترەنج و چای هەیە.

لە قاوەخانەی شەترەنجدا، پێشبڕکێیەکی دژوار لە ئارادایە کە تێیدا مشتەریگەلێک لە هەموو چین و توێژەکان، لەوانە: ئاکادیمیسییەن، خوێندکاران، پزیشکان، کرێکاران و کەسایەتییە ئایینییەکان بەشدارن.

ئەم قاوەخانەیە کە تێیدا تەنیا یاریی شەترەنج دەکرێت، لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات. ٣١ ساڵ لەمەوبەر لەسەر داوای چەند مشتەرییەک یاریی شەترەنج لەم شوێنەدا دەستی پێ کردووە و ئێستا بووە بە ناوەندی پێشبڕکێ دژوارەکانی شەترەنج. لە ئاکادیمیسییەنەکانەوە بگرە هەتا پزیشکان و مامۆستایان و خوێندکاران و کرێکاران و کەسایەتییە ئایینییەکان و هاوڵاتییان لە هەموو پیشەکان، لەم قاوەخانەیەدا بۆ یاریی شەترەنج کۆ دەبنەوە.

قاوەخانەی شەترەنج کە شوێنێکی بچووکی هەیە، لە وەرزی زستاندا بە کوورە گەرم دەکرێت و دوای دەستپێکی وەرزی گەرما، مێزەکانی لە دەرەوە دادەنرێت. جگەرەکێشان لەو قاوەخانەیە قەدەغەیە. قاوەخانەی شەترەنج کە لە هەموو تەمەنێک مشتەریی هەیە، ناوبەناو میوانداریی یارییەک دەکات کە بۆ چەند کاتژمێرێک بەردەوام دەبێت. هەرچەندە یارییەکە لەنێوان دوو کەسدا ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەو خەڵکەی لە دەوری مێزەکەدا کۆ دەبنەوە، شایەتحاڵی یاری و ململانێی ئەو کێبڕکێیەن.

یەکێک لە مشتەرییەکان لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە "کێ باشترینە؟" گوتی: "باشترین نییە، سەرکەوتن هەیە، شکستیش هەیە. بە هەنگاوێکی هەڵە ڕەنگە تەنانەت باشترین یاریزانیش بدۆڕێت''.

قاوەخانەکە ناوی قاوەخانەی "ئەسناف" بە واتای پیشەوەرە. شوێنێکی تایبەتە بۆ یاریی شەترەنج و ئەم گەوشینە (تایبەتمەندی)یەی هەیە کە لە جۆری خۆیدا لە تەواوی شاردا یەکەم بێت.

"یوونس بایتۆک"، خاوەنی قاوەخانەکە دەڵێت: "کاتێک باوکم بۆ یەکەمجار ئەم شوێنەی کردەوە، دوو کەس داوای شەترەنجیان کردبوو. لەو کاتەدا بە شەترەنجێک دەستی بە کارەکانی کردووە، بەڵام ئێستا نزیکەی پەنجا شەترەنجی لێیە و حەزێکی زۆریش بۆ ئەم یارییە هەیە. لەم قاوەخانەیەدا لە یەکەم ڕۆژەوە تەنیا یاری بە شەترەنج دەکرێت. کاتێک باوکم دوو ساڵ لەمەوبەر کۆچی دواییی کرد، من ئێستاش هەر لەسەر ئەم کارە بەردەوامم. منیش یاری دەکەم، بەڵام وەک مشتەرییەکان زۆر باش نیم. زۆربەی مشتەرییەکان تەمەنیان لە سەرووی ٥٠ ساڵەوەیە، بەڵام ئێستا گەنجانیش حەز و هۆگریی خۆیان نیشان دەدەن".

بایتۆک زیادیشی کرد: بەیانی کاتژمێر ٧ قاوەخانەکە دەکەمەوە و تا ٨ی شەو کراوەیە. ئێرە بە تایبەتی لە کۆتایی حەفتەدا زۆر جەنجاڵە. پەنجا کەس کۆ دەبنەوە و یاریی شەترەنج دەکەن. هەروەها زۆرێک لە یارییەکان زۆر هەژێنەرن و کێبڕکێیەکی دژوار لە ئارادا دەبێت. زۆر یاریزان هەن کە زۆر بەباشی یاری دەکەن و کاتێک یاری دەکەن ململانێ و کێبڕکێیەکی دژوار دێتە ئاراوە. شەترەنج ئاوەز بەهێز دەکات و پێویستە فێری منداڵان بکرێت".

یەکێک لەو کەسانەی بەردەوام دەچێتە ئەو قاوەخانەیەوە، "ڕەجەب ئۆزاکباش"ە و دەڵێت ساڵانێکە لەو قاوەخانەیەدا یاریی شەترەنج دەکات. "ئەم یارییە ئەو توانایە بە تاک دەدات کە لە زۆر بوارەوە، جیاواز بیر بکاتەوە. زیاتر لە بۆچوونە کۆنەکان، تێڕوانینە جیاوازەکان لە مرۆڤەکاندا گەشە دەکەن. بۆ نموونە لە یاریی دامەدا ناچاری هەیە، تۆ ناچاری جووڵە بکەیت، لە شەترەنجدا وا نییە. بەدڵنیاییەوە بەدیلێکی جیاواز هەیە و مەحکووم نیت تەنیا یەک کار بکەیت و ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە تێڕوانینی مرۆڤ بۆ ژیان. واتە تۆ ناچار نیت هەر کارێک بکەیت و پەرە بە داهێنانی بەدیل لە مرۆڤەکاندا دەدات. بەهۆی ئەوەوە ئەگەر مرۆڤ هەمان شت بخاتە نێو ژیانی خۆیەوە، مێشکی باشتر کار دەکات. هەندێک جار شکست دێنم، هەندێک جاریش سەردەکەوم. یاریزانی باش هەیە. بەڵام کەسەکان هەمیشە سەرکەوتوو نابن. تەنانەت باشترین یاریزانەکانیش هەڵە دەکەن. لە دیاربەکر پێشبڕکێی شەترەنج ڕێک دەخرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی خەڵاتی تێدا نییە، بەشداریکردنیش کەم دەبێتەوە. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا چوون بۆ ماردین، پاشان چوونە ناوچەی کۆسەر و ئەم حەفتەیە دەچنە مووش. کاتێک خەڵاتێک هەبێت، ئەوا هۆگریش زۆرتر دەبێت".

گەنجێک بە ناوی "سلێمان گونەش" دەڵێت، دوای دۆزینەوەی ئەو قاوەخانەیە، لەگەڵ هاوڕێکانی بۆ یاریی شەترەنج بەردەوام سەردانی دەکەن. "گونەش" گوتی: "پێشتر زیاتر یاریی شەترەنجمان لەسەر مۆبایل و کۆمپیۆتەر و ئەو ئامێرانە دەکرد. بەڵام دواتر ئەم قاوەخانەیەمان دۆزییەوە و زۆر چێژمان لێ وەرگرت. ئیتر ئێرە بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی هاوڕێکانمان. لەم قاوەخانەیە کۆ دەبینەوە و هەندێک یاری دەکەین، دواتر هەڵدەستین. زۆر خۆشە کە کەسانی نوێ بناسیت. هەروەها مرۆڤەکان پێش دەخات. بە تایبەتی شەترەنج هەمیشە پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە وەک پرسیارەکانی بیرکاری؛ شەترەنجیش هەروا مرۆڤ پێش دەخات. پێویستە بەردەوام بیر لە ئەگەری جیاواز بکەیتەوە و هەنگاوەکانی داهاتوو پێشبینی بکەیت و بەو شێوەیە دەتوانین بگەینە ئاستێکی زۆر بەرزتر".

گەنجێکی تر کە یەکێکە لە مشتەرییەکانی قاوەخانەکە، دەڵێت: "شەترەنج تێڕوانینمان بۆ ژیان دەگۆڕێت. هەروەها هەڵوێستمان بەرانبەر بە کێشەکان دەگۆڕێت و پەرە بە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانمان دەدات. من خۆم بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە دەکەم و کاتێک خۆم بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە دەکەم، بەشداریکردن لەم جۆرە کارانەدا، کاریگەریی باش و ئەرێنیی لەسەرم دەبێت. بۆیە حەزم لە شەترەنجە. شکست پێهێنان هەیە و شکست خواردنیش هەیە. چەمکێکی لەم جۆرە لە ئامەد زۆر باشە. هەر بۆیە زۆر حەزم لێرەیە".

مشتەرییەکانی ئەم قاوەخانەیە لە شار، داوای پێشبڕکێی بەخەڵات دەکەن

KURDŞOP
810 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!