سیستەمی پەروەردە لە فینلاندا

لە  قوتابخانەکانی فینلاندا سترێس و دڵەڕاوکێ زۆر کەمە و زۆرتر و باشتر ئاگایان لە قوتابییانە. قوتابییان بەگشتی لە درێژایی ڕۆژدا تەنیا دوو پۆلیان هەیە. هاوکات چەندین زەنگی پشوودانیان هەیە کە دەتوانن لەو کاتانەدا خواردن بخۆن، یاری بکەن و پشوو بدەن.

ڕۆژ قادری

 

کاتێک باس لە سیستەمی پەروەردە دێتە گۆڕێ، زۆر کەس سەرنجیان بەرەو وڵاتی "فینلاندا" ڕادەکێشرێت. لەنێوان وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژاواییدا، وڵاتی فینلاندا یەکێک لە باشترین و سەرکەوتووترین سیستەمە پەروەردەییەکانی جیهانی هەیە.

فینلاندا لە ماوەی ساڵانی پێشوودا، بە هەندێک سیاسەتی سادە و گونجاو، ئاڵوگۆڕی بەسەر سیستەمی پەروەردەی خۆیدا هێناوە. ئەم گۆڕانکارییانە بووەتە هۆی ئەوەی کە سیستەمی پەروەردە و بارهێنانی فینلاندا لە سیستەمی پەروەردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش باشتر بێت.

بەڵام بۆچی سیستەمی پەروەردە و بارهێنانی فینلاندا گەیشتووەتە ئەم ئاستە؟ فینلاندا چۆن قوتابییانی خۆی پەروەردە دەکات؟ ئایا قوتابییان لە قوتابخانەکانی فینلاندا وەکوو ڕۆبۆت بەتەنیا ئەوەی کە پێیان دەوترێت لەبەری دەکەن؟ ئایا فینلاندا لەسەر تێست، تاقیکاری و کونکور تەرکیز دەکات؟ لە درێژەدا ئاماژە بە چەند خاڵ دەکەین کە بوونەتە هۆی سەرکەوتوویی فینلانداییەکان لە بواری پەروەردە و بارهێناندا:

لە زۆرینەی سیستەمە پەروەردەییەکانی جیهاندا، کونکور و تێست دوو مۆتەکەی سەرەکیی قوتابییانە. زانست و کارامەیی قوتابییان و زانیارییان لەسەر وانەکانیان لە ڕێگای تێستەوە هەڵدەسەنگێنرێت. قوتابییەکانیش دوای تێپەڕینی حەوتوویەک، ئەوەی کە خوێندوویانە لەبیری دەکەن. کێشەی ئەم سیستەمە ئەوەیە قوتابی یان خوێندکار لە شەوی تاقیکاریدا هەوڵ دەدات کە بابەتێکی زۆر لە یادی کورتماوەیدا ڕابگرێت تاکوو بتوانێت لە تاقیکارییەکەی دەربچێت.

بەڵام لە سیستەمی پەروەردەی فینلاندا خەبەرێک لە تێست بوونی نییە. هەڵبەت تەنیا تێستێک بە ناوی تێستی میللیی چوون بۆ زانکۆ بوونی هەیە، لەم تێستەدا قوتابییانی خوازیار بەشداری دەکەن. هەموو قوتابییان لە سەرتاسەری فینلاندا بەپێی سیستەمی هەڵسەنگاندنی مامۆستای خۆی و بە شێوەی تاکی هەڵدەسەنگێندرێن.

سیستەمی پەروەردەی فینلاندا زۆر بەسەختی مامۆستا وەردەگرێت. هەموو مامۆستایەک دەبێ بڕوانامەی ماستەری هەبێت. ئەگەر مامۆستایەکیش بەباشی ئەرکی خۆی ڕانەپەڕێنێت، بەرپرسی قوتابخانە ئەرکدارە خێرا ئەم بابەتە لەبەرچاو بگرێت. لە فینلاندا هیچ جۆرە لیستێک بۆ دیاریکردنی باشترین قوتابخانە و باشترین مامۆستا بوونی نییە، واتە سیستەمی پەروەردەی ئەو وڵاتە جێگایەکە بۆ هاوکاریکردن و کاری گرووپی.

زۆرێک لە قوتابخانەکانی جیهان ئەم کەڵکەڵەیەیان هەیە کە دەرەجەی تێستی بیرکاری و زانست ببەنە سەرەوە، بەڵام لە فینلاندا ئەم بابەتە جیاوازە و گرینگی بەم بنەمایانە دەدەن: "دەبێ پەروەردە ئامرازێک بێت بۆ لابردنی نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییەکان؛ هەموو قوتابییەک دەبێ دەسپێڕاگەیشتنی بە ژەمی خواردن، خزمەتگوزاریی دەرمانی و ڕاوێژی دەروونناسیی خۆڕایی هەبێت؛ قوتابییان دەبێ بە شێوەی تاکی ڕێنوێنی بکرێن".

قوتابخانەکان لە فینلاندا لەنێوان کاتژمێر ٩ تا ٩:٤٥ دەست پێ دەکەن و لەنێوان کاتژمێر ٢ تا ٢:٤٥ دادەخرێن. لێکۆڵینەوەکان نیشانی داوە کە هەرچی کاتژمێری دەستپێکردنی قوتابخانە زووتر بێت، بۆ تەندروستی و گەشەی قوتابییان خراپترە. دوای داخستنی قوتابخانەکانیش، پۆلی سەرووبەرنامە و پۆلی زیادە بەڕێوە ناچێت. ماوەی پۆلەکان زۆر دەخایەنێت و لە هەمان کاتدا ماوەی زەنگی پشوودانی نێوان پۆلەکانیش زۆر دەخایەنێت.

قوتابخانەکانی فینلاندا قەرەباڵغ نین و ڕێژەیەکی کەم قوتابی و مامۆستای لێیە، واتە بە جۆرێک نییە کە لە هەر پۆلدا ٥٠ قوتابی پێکەوە بن. مامۆستاکان تا شەش ئاست وانە دەڵێنەوە. لە ماوەی ئەم شەش ساڵەدا مامۆستا وەکوو ئەندامێکی بنەماڵەی قوتابییانی لێ دێت، بۆیە هەستێکی زۆر لە متمانە و ڕێز لەنێوانیان دروست دەبێت و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە مامۆستایان بەنیسبەت قوتابییانەوە زۆر دڵسۆزتر بن.

لە  قوتابخانەکانی فینلاندا سترێس و دڵەڕاوکێ زۆر کەمە و زۆرتر و باشتر ئاگایان لە قوتابییانە. قوتابییان بەگشتی لە درێژایی ڕۆژدا تەنیا دوو پۆلیان هەیە. هاوکات چەندین زەنگی پشوودانیان هەیە کە دەتوانن لەو کاتانەدا خواردن بخۆن، یاری بکەن و پشوو بدەن.

قوتابییانی فینلاندای کەمترین مەشق و ڕاهێنانیان لە دەرەوەی قوتابخانە و لە ماڵدا هەیە. ئەوان تەنیا نیو کاتژمێر ڕاهێنانیان لە ماڵدا هەیە، بۆیە سترێسێکی کەمتریان هەیە. ئەوەی کە پێویست بێت ئەوان لە قوتابخانەدا ئەنجامی دەدەن و هیچ گوشارێکیان لەسەر. بەگشتی قوتابییانی فینلاندای نیگەرانی وەرگرتنی نومرە نین، سەرنجی ئەوان تەنیا لەسەر یەک شتە: "فێربوون و بوون بە مرۆڤ".

KURDŞOP
879 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!