پەروەردەی ژینگەییی منداڵانمان بۆ داهاتووی سەوزی نیشتمانەکەمان

 

- ڕۆژ قادری

لە ڕەوتی ژیاندا، هەندێک جار لە بیرمان دەچێتەوە کە منداڵان لە ئێمە دەڕوانن و هەڵسوکەوت و کارگەلێک کە ڕەنگە لە ڕوانگەی ئێمەوە ئاسایی بێتە بەرچاو، ئەوان بەوردی سەیری دەکەن، هەتاکوو لاساییمان بکەنەوە و لە ئێمەوە فێر بن! یەک لەو بابەتە گرینگانە کە بابەتی ئەم وتارە کورتەشە، هەڵسوکەوت لەگەڵ ژینگە و سروشتە.

پرسی ژینگەپارێزی لە کوردستان

پرسی ژینگەپارێزی لە کوردستان، لە ئێستادا یەکێک لە پرسە هەرەگرینگ و بەرچاوەکانە و ڕۆژانە ئێمە لەگەڵ هەواڵی ژینگەیی و چالاکیی ژینگەپارێزی سەروکارمان هەیە. پرسی ژینگەپارێزی هێشتا لە کوردستان وەک وڵاتانی پێشکەوتوو نەهادینە نەبووەتەوە و لەم بوارەوە پێویستە کاری زۆر بکرێت، بەتایبەتی دەبێ بەرەیەک لە منداڵانی ژینگەپارێز پەروەردە بکەین.

بۆیە بۆ داهاتووی سەوزی نیشتمانەکەمان، دەبێ منداڵەکانمان فێر بکەین سروشتیان خۆش بوێت. ئەم کارە با تەنیا لە ڕێگای قسەکردنەوە نەبێت، بەڵکوو بە کردارێکی دروست و سروشتدۆستانە لەهەمبەر ژینگە و ژیانی خۆمانەوە بێت.

چۆن منداڵێکی ژینگەپارێز پەروەردە بکەین؟

پاراستنی زەوی و سەرچاوە سروشتییەکان، پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئاژەڵان و هەروەها سروشت، لەو خاڵانەیە کە لە منداڵییەوە فێری هەر کەس دەکرێت. ئەم فێرکارییانە لە ماڵەوە دەست پێ دەکات و لە قوتابخانەکان، کۆمەڵگە و میدیاکاندا گەشەی پێ دەدرێت. فێرکاری و ناساندنی ژینگە، چاکسازی لە  باوەڕی منداڵەکانمان دروست دەکات و لە مێشکیدا نەهادینە دەبێت.

بۆ منداڵەکانمان کتێب بخوێنینەوە، کتێبگەلێک لەبارەی ئاژەڵان و ئەو جیاوازییەی کە لە نێوانیاندا هەیە. لە کاتی کڕینی کتێب بۆ منداڵانمان زۆرتر سەرنج بدەین و کتێبگەلێک بۆ منداڵەکانمان هەڵبژێرین کە ناوەڕۆکێکی ژینگەپارێزانەی هەبێت و لە پەیوەندی لەگەڵ ئاژەڵاندا بێت. هەر چیرۆکێک و هەر ئەنیمەیشێنێک کە باسی ڕێزگرتن لە سروشت لەخۆ بگرێت، دەتوانێت کاریگەریی زۆری هەبێت. ئەڵبەت لەو چیرۆکانەی باسی فێڵبازی و خراپیی هەندێک ئاژەڵ دەکەن، خۆ ببوێرین، چونکە لەسەر بۆچوون  و ڕونگەی منداڵان کاریگەریی نەرێنی دادەنێن و دەبنە هۆی دوورکەوتنەوە و بێزاریی منداڵان لە ئاژەڵان.

هەموومان کەسایەتییە کارتۆنییەکانی سەردەمی منداڵیمان لە بیر ماوە، چونکە لەگەڵ ئەوان گەورە بووین. دەکرێت بە داهێنانێکی جیاواز داوا لە منداڵەکەمان بکەین کە بە کاغەزە بەکارهێنراوەکان یەکێک لە کەسایەتییەکانی کارتۆنی دڵگری خۆی دروست بکات و لە ئاکامدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ فێری سوودەکانی وەبەرهێنانەوە و کاریگەریی ئەو کارە لەسەر ژینگە بکەین.

"دلۆڤانی"یش وەکوو هەموو تایبەتمەندییەکانی مرۆڤەکان بە ڕاهێنان بەهێز دەکرێت. منداڵان بە دیتنی هەڵسوکەوتی دایک و بابیان، هەوڵ دەدەن کە لاساییان بکەنەوە، دواتر لە گەمە و یارییەکانی خۆیاندا بەڕێوەی دەبەن و ڕاهێنانی لەسەر دەکەن. ئەگەر وایە باشترە بەرانبەر بەم ڕووداوانە ژیرانە هەڵسوکەوت بکەین. مندالەکانمان فێر بکەین کە لەگەڵ ئاژەڵانی دەوروبەریان دلۆڤانانە هەڵسوکەوت بکەن و زیانیان پێ نەگەیەنن.

منداڵەکان سەرەتا لەگەڵ باڵندەکان و بوونەوەرەکانی دیکە ئاشنا بکەین، بۆ نموونە بۆ باڵندەکان کاسەی خۆراک دابنین و دانیان بۆ تێ بکەین. ئەم کارە لەگەڵ منداڵانی خۆمان ئەنجام بدەین، تاکوو فێر ببن.

گەمە و یارییە منداڵییەکان، سەرەڕای ئەوەی کە شادی و ڕاپەڕ بە منداڵ دەبەخشێت، تێکەڵ بە خاڵی فێرکاریشە. بە یارمەتیی منداڵەکانمان، گوڵدانێک دابین بکەین و توویەکی تێدا بچێنین و ئاگاداری بین. تەنانەت دەتوانین لە گوڵە ئامادەکانیش کەڵک وەربگرین و بەخێویان بکەین، تاکوو منداڵەکەمان شێوازی پاراستن و ڕاگرتنی گوڵ و گیاکان بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ فێر ببێت.

لە ڕۆژی تایبەت بە نەمامچاندن یان ڕۆژێکی گونجاوی دیکە، نەمامێک دابین بکەین و لانیکەم هەر ساڵ و جارێک لەگەڵ منداڵەکەمان کاتێک بۆ چاندنی نەمام تەرخان بکەین و بۆ نەمامەکە ناوێک دابنێین و ماوەماوە سەردانی بکەین و پێکەوە قۆناغەکانی گەشەکردنی ببینین.

منداڵانمان فێر بکەین کە بە شێوازێکی دروست و گونجاو لە وزە کەڵک وەربگرن و وەکوو سامانی داهاتووی خۆیان چاوی لێ بکەن. بۆ نموونە کاتێک کە سەیری تەلەفزیۆن ناکەن بیکوژێنینەوە و بۆیان شی بکەینەوە کە بەکارهێنانی لەخۆڕایی کارەبا و ئاو، بۆ ژیانمان لێکەوتەی باشی نابێت و ژیانمان تووشی کێشەی جیددی دەبێتەوە.

شێوازەکانی دروستی بەکارهێنانی کەرەستەی یاری و دەفتەری نیگارکێشی و قەڵەمە ڕەنگییەکان، فێری منداڵەکانمان بکەین. بۆ نموونە لاپەڕەی سپی هیچکات فڕێ نەدەین و بە منداڵەکانمان بڵێین کە نیگارێکی تێدا بکێشنەوە و لەسەر ئەمە جەخت بکەینەوە کە کاغەز زبڵ نییە. هەروەها پێیان بڵێین لە هەر دوو لای  لاپەڕەکە کەڵک وەربگرن، قەڵەمە ڕەنگییەکان بەبێ هۆ مەتاشن و تا کاتێک کە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، ئەو کەرەستانە بەکار بهێنن و فڕێیان مەدەن.

بە دروستکردنی کەلوپەل و شتی جوانکاری لەو پاشماوانەی کە لە تاشینی قەڵەمە ڕەنگییەکان بەجێ دەمێنێت، یان بە دروستکردنی جێگای قەڵەم لەو بوتڵە پلاستیکییانەی کە لە هەموو ماڵێکدا هەیە، منداڵان فێری داهێنان بکەین. ئەمەش جۆرێک ژینگەپارێزییە.

کۆتایی

منداڵێک کە فێری ژینگەپارێزی بێت، فێری خۆشەویستی بۆ نیشتمانیش دەبێت و هەوڵ دەدات لە داهاتوودا ببێت بە کەسێکی بەکەڵک بۆ کۆمەڵگە و نیشتمانەکەی.

KURDŞOP
688 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!