کورد لە بازنەی متمانە بەخۆیی و خۆ دۆڕاندنی کولتووریدا

 

ئارێز هەورامی

 

"سێکۆ توورە" لە  "دووەمین کۆنگرەی نووسەران و هونەرمەندانی ڕەش پێست" لە "رۆم"ی "ئیتالیا"، کە ساڵی ١٩٥٩ بەڕێوە چوو، دەڵێ: بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی ئەفریقادا، تەنیا ئەوە بەس نییە گۆرانییەکی شۆڕشگێڕانە بڵێین، دەبێ شۆڕش لەگەڵ خەڵک لێک گرێ بدەینەوە. ئەگەر شۆڕش لەگەڵ بوونی خەڵک ئاوێتە کەین، ئەوکات گۆرانییەکان بۆخۆیان لەدایک دەبن. بۆ گەیشتن بەو کردارە ڕاستەقینەیە، ئێوە دەبێ بۆخۆتان بەشێکی زیندوو لە ئەفریقای ڕاستەقینە بن. دەبێ ببنە بەشێک لە بزووتنەوەی گەل، کە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و پێشکەوتن و بەختەوەریی ئافریقا دەستی داوەتە دەست یەک. لە دەرەوەی ئەو ململانێیە، لە دەروەوی ئەو مەچەکە گرتنە، بۆ هونەرمەندێک کە پەیوەندییەکی لەگەڵ جەماوەری نەتەوەیەک نییە کە خەریکی ملمانێیە بۆ ئازادی و ئافریقا ، جێگە و پێگەیەک بوونی نییە.

سێکۆ توورە لە پێشدا و لە شوێنێک کە شیاوێتی ڕوو بە نووسەران و هونەرمەندانی ڕەشی ئافریقا، کە وڵاتەکانیان دەیان ساڵە لە لایەن داگیرکارانەوە دەچەوسێنەوە، دەڵێ: پێویستە بۆ ئافریقا و بۆ وڵاتێک کە داگیر کراوە تێبکۆشن.

ئەو تێکۆشانەش هیممەتی بەکۆمەڵی دەوێ و بە تاک ناکرێ. بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین؛ کە ئەوە هەوڵی تاکەکانە کە دواتر بزووتنەوەی جەماوەری ساز دەکا. واتە وڵاتانی داگیرکراو و زوڵم لێکراو، لە دوو بارەوە دەبێ وردبین بن. هەم ئەوەی پەیوەندیی ڕووناکبیر و نووسەر و هونەرمەند لەگەڵ بەدەنەی کۆمەڵگا دەبێ پەیوەندییەکی ئۆرگانیک بێ و هەم پەیوەندیی جەماوەر و نیشتمان پەیوەندییەکی دانەبڕوا و پتەو بێ. تەنیا لە دۆخێکی ئاوادایە کە نیشتمانێک دەتوانێ تامی ئازادی بچێژێ و بەختەوەری ببینێ .

ورووژاندنی ئەو باسە بە هۆکارێکی گشتی دەتوانێ بۆ ئێستای هەموو کوردستان و بە هۆکارێکی تایبەتیش دەتوانێ بۆ باشووری کوردستان پێویست و حاشاهەڵنەگر بێ.

ئەگەر لە ڕوانگەی گشتییەوە بڕوانین، دەزانین کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوی پارچەپارچەیە و سەدان ساڵە لە لایەن هێزە ناوچەییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و خەڵکەکەی چەوسێنراونەتەوە و خاکەکەی  بەتاڵان چووە. لەو بارەیەوە دەبێ بگوترێ بەشێک لە  کوردەکان کە هەمیشە زۆرینە بوون، بۆ وەدەست هێنانەوەی ئازادیی خۆیان یان ڕاستەوخۆ حەولیان داوە و چوونەتە بەرەکانی شۆڕشەوە، یان ناڕاستەوخۆ یارمەتیدەر بوون و دڵیان لای شۆڕش بووە و لە کەمترین ئاستیدا چاری دوژمنی داگیرکەریان نەویستووە. تاقمێکیش بە زۆر هۆکار کە لە درێژەدا باسی دەکرێ لە بەرانبەر دوژمن و پلانەکانیدا،  دەستەوەستان بوون و خۆیان بە دەستەوە داوە. ئەوەی  کۆمەڵناسان زۆری لەسەر مکوڕن و پێیان وایە هۆکارەکانی داگەڕانی تاکی ژێردەستە بەرەو داگیرکەر لە دوو خاڵدا ئاماژەی پێ دەکرێ، یەکەمیان ئەوەیە کەسی داگیر کراو لە بەرانبەر هەیمەنە و توانای ئابووری و فکری و سیاسیی سەردەست و داگیرکەر هەست بە کەمهێزی دەکا و پێی خۆشە ببێتە بەشێک لەو هێز و توانایە و لە لاوازیی نەتەوەییی خۆی دوور  کەوێتەوە و تێکەڵ ڕەوتی دەستەڵاتی سەردەست بێ. دووهەم، ئاگایانە بۆ وەدەستهێنانی بەرژوەندیی خۆی و لە پێناو دەستەبەر کردنی دەستەڵات بۆ خۆیدا، ڕەگەڵ ئەو ڕەوتەی سەر بە دەستەڵات دەکەوێ.

لە کوردستاندا هەر دوو تاقم لەوانەشمان بووە و هەیە. هەم تاقمێک کە لەبەرانبەر وێنەی خەیاڵی لە داگیرکەر و چەوسێنەری مێژوویی خۆیاندا، خۆیان بە دەستەوە داوە و هەم ئەوانەی بە مەبەستی بەرژەوەندی تێکەڵ کایەکانی سەردەست بوون. ئەو دوو تاقمە چ پەیوەندییەکیان بە پێکهاتەی کۆمەڵگاوە هەیە؟

لە وڵامی پرسیاری سەرێدا دەتوانین بڵێین هەرچی ڕادە و ژمارەی ئەو دوو تاقمە لە کۆمەڵگایەکدا ڕوو لە زیاد بوون بکا، ئەو کۆمەڵگایە بەرە بەرە ڕێگای دەستکاری کردنی شوناسی هەموارتر و بیرازتر دەبێ. ئەویش لە جیهانی ئەوڕۆدا کە جیهانی بەریەک کەوتن و مانەوە و تێداچوونی شوناسەکانە.

ئەگەر هەر جیلێک لە جیلەکانی کۆمەڵگا، میراتی پێشینانی خۆی باش وەرنەگرێ و نوێکارییان تێدا نەکا و ڕایان نەگوێزێ بۆ جیلی داهاتوو، ئەوە بێگومان ئەو واتایەی کە پێی دەگورێ "جیهانی کۆمەڵایەتی" تووشی لەرزۆک بوون و تەنانەت گۆڕان دێ.

"فڕانتس فانوون" لەو بارەوە دەڵێ: هەر جیلێک لە نێو تەمومژێکی ڕێژەییدا، دەبێ ئەرک و ڕیسالەتی خۆی بدۆزێتەوە، بە ئەنجامی بگەیەنێ و یان خەیانەتی پێ بکا. لە وڵاتانی پەرە نەگرتوودا، جیلەکانی پێشوو هەم لەبەرانبەر حەول و تەقەللای داگیرکەر بۆ لەبەریەک هەڵوەشاندنی کۆمەڵگادا خۆڕاگرییان کردووە و هەم یارمەتیی پێگەیاندن و لەخەم ڕسکانی شۆڕشگێڕایەتیی ئەوڕۆی کۆمەڵگای خۆیان داوە. ئێستا نۆرەی ئێمەیە کە لە بچووک کردنەوەی کردە و بیری پێشینانی خۆمان خۆ ببوێرین و سستی و لاوازیی ئەوان نەخەینە ڕوو. بە واتایەکی دیکە هەم ئەو  میراتە بپارێزین هەم ئەگەر کەلێن و کەلەبەری تێدایە پڕی بکەینەوە.

داگیر کەر بە گوتەی فانوون لە چەند بۆشاییی ناو سیاسەت و  کۆمەڵگای داگیرکراوەکاندا، کەڵکی پێویستی خۆی وەردەگرێ. بە زەق کردنەوەی کێشە ئابوورییەکان و ڕۆژانە باس کردنیان و خستنەڕووی ناکارامەییی ناوچەیی بۆ چارەسەر کردنیان، متمانە بە خۆییان لێ دەستێنێتەوە و لە لایەکی دیکەوە بە خستەڕووی پلانی ئابووریی وا کە نیشان بدا کلیلی چارەسەرەکان لای ناوەند و داگیرکارە، کارێک دەکا ئەوەی پێی دەگوترێ هەستی متمانە و هەستی یەکگرتوویی و یەکریزی، بریندار ببێ و تەنانەت بەرەو لیکترازان بچێ.

لە کۆی پارچەکانی کوردستان ئەوەی تا ئێستا دیومانە، هەموو ڕوویەکانی ئەو سیمایەی تێدا دیارە کە داگیرکەرانی کوردستان هەیانە. لە لایەک بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، بەشی کوردستان لە  باری ئابوورییەوە دواکەتووترین بەشە، لە لایەکی دیکەوە وای دەنوێنن کە ئەو دواکەتوویی ئابوورییە گەورەترین مەترسییە لە سەر ژیانی خەڵک و کێشەی سەرەکیی ئەو نەتەوەیەیە کە لەگەڵ سەردەست و ناوەند نایەکگرتوویە. بەشی دووەمی بابەتەکە سەیرتر دەنوێنێ، ئەویش ئەوەیە کە هۆکاری ئەو دووا کەوتووییەش هەر دەگەڕینرێتەوە بۆ خەمساردی و ناکارامەیی و نەتوانین و تەنانەت نەزانینی خەڵکی کوردستان. ئەوەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا، لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان ڕووی داوە شتێکی جیا لەوە بە دەستەوە نادا.

بەڵام چون بابەتی سەرەکی ئەو نووسینە باشووری کوردستانە، حەول دەدەم باسەکە هەر لەسەر چەند کێشەی بچووکی کۆمەڵایەتی و کولتووری و کێشەیەکی ئابووری قەبەی ئەوێ چڕ کەمەوە.

ئەو بەشەی کوردستان، تا ئێستا تەنیا بەشی کوردستانە، کە بە درێژاییی مێژوو توانیوێتی حکوومەتێکی سی ساڵە بۆ خۆی دابمەزرێنێ و لەگەڵ یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان تا ڕادەیەک خۆی ڕێکبخا و وەک یاریکەرێکی ناوچەییش لە زۆر دەرفەتدا نیشانی داوە کە دەتوانێ ڕۆڵ ببینێ. بەڵام هەر ئەو بەشە لە کوردستان لە ئێستادا، لە بەردەم کۆمەڵیک کێشەی جیددیی ئابووری و پەروەردەیی و کولتووریدایە.

 هەمووی ئەو کێشانەش ڕیشەکەیان لە لایەن سەردەستەکانەوە دەگێڕدرێتەوە سەر ناکارامەییی نەتەوەییی کورد. بۆ وێنە لە بواری ئابووریدا کە بە شێوەیەکی لاوەکی لەو نووسینەدا ئاوڕی لێ دەدرێتەوە، لە دە ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی ناوەند حەولی دا  بیسەلمێنێ: یەکەم؛ کێشەی سەرەکیی ئەو خەڵکەی لە کوردستان نشتەجێن و بە گشتی کێشەی سەرەکیی خەڵکی باشوور، کێشەی ئابوورییە. لە لایەکی دیکەوە هەم خۆی و هەم بە هاوکاریی هاودەستەکانی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان حەولی دا وا بنوێنێ ئەو کێشەیە زیاتر لەوەی ڕیشەی لە سیاسەتە نادادپەراورانەکەی ناوەنددا بێ، ڕێشەی لە ناو حکوومەتی کوردیدایە. واتە کێشە ئابوورییەکەش، کێشەیەکە کە هی ناکارامەییی بەڕێوەبەرانی سیاسەت لە کوردستا نە. لایەنێکی ئەو کێشەیە نەوت و سیاسەتی نەوتە. ئەو لایەنە تەنیا بە مەرجێک چارەسەر دەکرێ کە بکەوێتەوە دەستی لایەنی سەردەست و "هەموو ڕێگاکان بە بەغدا کۆتاییان پێ بێ". ئەوە ڕێگایەکە لە بواری ئابووریدا سەردەستەکانی کوردستان، بە تایبەت لە باشوور گرتوویانەتە بەر.

 دیارە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان کە حکوومەتی کوردی لە ئارادا نییە گرفتەکە بە شێوەیەکی سەیرتر و پێچیاوتر خۆی دەنوێنێ و لەم نووسینەدا باسی ناکەین.

بەڵام لەم نووسینەدا جودا لەو لایەنە باسی لایەنێکی گرینگتر دێنینە ئارا کە کەسانی وەک سیکۆ تۆرە و فرانتس فانوون و ئیدوارد سەعید و هوومی بابا و زۆر نووسەر و فەیلەسووفی دیکە قسەیان لەسەر کردووە، ئەویش بابەتێکە کە هەر سەردەست بۆ بن دەستەکانی دەکاتە ڕۆژەڤ، ئەو بابەتەش چ نییە جگە لە بابەتیکی جێگای مشتومڕی فەیلەسووف و کۆمەڵناسان بە ناوی "متمانەبەخۆییی نەتەوەیی" و "خۆ دۆڕاندنی کولتووری".  کە لە بەشی دووەمی ئەو نووسینەدا ئاوری لێ دەدەمەوە و بە هێنانەوەی چەند نموونەی بەرچاو کە بوويتە بابەتی باس و خواسی سۆشیال میدیا و سەرسوڕمانی خەڵکی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو دۆخەش دەخەمە ڕوو. ئەو هۆکارانەش باس دەکەم کە بۆچی خەڵکی باشووری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ هەمان بابەتی خۆ دۆڕاندنی کولتووری یەک ئاراستەیان  نییە.

 

KURDŞOP
827 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!