کورتەباسێک لەسەر جەژنی "چارشەما سۆر"ی ئێزدییەکان

ئێلان محەممەد

 

جەژنی "چارشەما سۆر" بەناوبانگترین جەژنی ئێزدییەکانە؛ هەروەها ئەم جەژنە گەورەترین جەژنە لە کۆمەڵگەی ئێزدیدا. هەر ساڵ لە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیساندا، بەپێی ساڵنامەی کۆن، ئێوارەی سێشەممە کوردانی ئێزدی خۆیان بۆ چوارشەممە سوور ئامادە دەکەن و دەچنە پەرستگەی "لالەش" و ٣٦٦ مۆم و چرا دادەگیرسێنن و بە ڕێوڕەسمی ئایینی و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک پێشوازی لەو جەژنە دەکەن.

بەپێی بیروباوەڕی ئێزدییەکان، خودای عالەمین ساڵانە مەلەکێک دەنێرێتە سەر زەوی، بۆ ئەوەی خراپەکاری لەنێو مرۆڤەکاندا نەهێڵێت و چاکە لەنێو خەڵکدا بڵاو بکاتەوە. هەروەها هەندێکجار بە جەژنی چوارشەممەی سوور دەگوترێت "جەژنی سەری ساڵ، جەژنی تاووسی مەلەک و بووکی ساڵ" و هەروەها بە "ڕۆژی خولقانی جیهان"یش ناسراوە و بەرز ڕادەگیرێت.

بەپێی ئایینی ئێزدی، گەردوون لە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیساندا دروست بووە. لەم جەژنەدا کۆمەڵگەی ئێزدی هێلکە دەکوڵێنن و ڕەنگی دەکەن، ئەو هێلکەش تەمسیلێکە لە دروستبوونی گەردوون.

لە لایەنی زانستییەوەش دەڵێن کە دونیا یان گەردوون دوای "تەقینەوە گەورەکە" دروست بووە کە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن "Big Bang". کۆمەڵگەی ئێزدی هەزاران ساڵە ئەم جەژنە بەڕێوە دەبەن. ئەم کۆمەڵگەیە پێش هەمووان شێوە و چۆنیەتیی دروستبوونی گەردوونیان دەزانی!

بەرەبەیانی چوارشەممەی سوور هەموو خێزانێکی کوردانی ئێزدی پێش هەڵاتنی خۆر لە خەو هەڵدەستن، هەمووان دەچنە دەشت و دارستان و گوڵی سوور کۆ دەکەنەوە و ئەوان دەبنە ماڵ و هێلکەش بە هەموو ڕەنگێک ڕەنگ دەکرێن، چونکە کاتێک گەردوون دروست بوو، هەموو شوێنێک بە  گوڵی ڕەنگاوڕەنگ ڕازێندراوەتەوە. پاشان گوڵ و توێکڵی هێلکە لەسەر دەرگای ماڵەکە دادەنرێت. مانای ئەمەش پاراستنی خاوەنەکانیانە لە هەر هێرشێک. بە هەمان شێوە لە ڕۆژی جەژندا پیاوان توێکڵی هێلکە دەخەنە نێو بەروبوومەکانیانەوە بۆ ئەوەی خودا نیعمەتی زیاتر بخاتە نێو بەروبووم و کێڵگەکانیانەوە. هەروەها ڕەنگکردنی هێلکە کوڵاوەکان و پاشان ڕشتنیان لەنێوان دانەوێڵە و بەرهەمەکاندا بەشێکی دیکەیە لەو ڕێوڕەسمە. "شێخادی" لە نووسینێکیدا وەها دەڵێت:

"چارشەم رۆژەکە فادلە

تاوسی مەلەک ئافراندیە ژ ئەشک و دلە

بار تێ نەبێ کەسێ کوئی خافلە

دەنگ یەکە و هەزار رەنگە".

کۆمەڵگەی ئێزدی لە جەژنی چوارشەممەی سووردا هێلکە دەکوڵێنن، چونکە بەپێی باوەڕی ئەوان هەتا هێلکە نەکوڵێنرێت، گەردوون شکڵی خۆی بەدەست ناهێنێت. بەپێی باوەڕی ئەوان لەنێو هێلکەدا شێوەی گەردوون دروست نابێت، بۆیە دەبێ هێلکە بکوڵێنرێت بۆ ئەوەی شێوەی گەردوون کامڵ بێت. وەک دەزانرێت شکڵی خۆریش لەنێو هێلکەدا هەیە، ئەویش زەردێنەی هێلکەیە.

دوای هەڵاتنی خۆر، هەمووان ڕوو لە خۆر دەکەن و بۆ هەموو دونیا عیبادەت دەکەن. دوای ئەوە بۆ میوانەکان قوربانییەک دەکرێت. هەروەها نان بەڕۆن و کونجی ئامادە دەکەن و بەسەر خەڵکی هەژاردا دابەشی دەکەن.

بەیانیان ئەوانەی مردووەکانیان تازە کۆچی دوایییان کردووە، دەچنە پەرستگەی پیرۆزیان و سەردانی مردووەکانیان دەکەن، هەروەها خواردنیش لەوێ دابەش دەکەن. نابێ کەس لە ڕۆژی جەژندا بچێتە سەر کارەکەی، بە هەمان شێوە نابێ کەس لە مانگی نیساندا هاوسەرگیری بکات، ئەویش بۆ ڕێزگرتن لە مانگی نیسانی پیرۆزە.

لە ئایینی ئێزدیدا چەندین جەژنی تایبەت و پڕمانا هەن کە هەریەکەیان تایبەتمەندییەکی جیاوازیان هەیە. "چارشەما سۆر" گەورەترین و مانادارترین جەژنی کۆمەڵگەی ئێزدییە کە لە کۆنەوە وەک سەری ساڵی کوردی پیرۆز دەکرێت. چوارشەممەی سوور بۆ هەموو گەلی کورد کەلتوور، زمان و مێژووە. ئەم جەژنە یەکێک لە بۆنە و بەهاکانی گەلی کوردە.

 

 

KURDŞOP
262 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!