دروستکردنی "کلە"ی سبحانی لەلای ژنانی کورد

سلتانا ئەتۆ

 

لەنێو فەرهەنگ و فۆلکلۆری کورداندا چەندین ڕێگا و کەلوپەلی ڕازاندنەوە و خۆ جوانکردن هەن کە جوانیی ژنانی کورد پیشان دەدەن. جگه له جلوبەرگی جوان و شێوازی ڕازاندنەوەی پرچ و هتد، "کلە"ی سبحانیش خاوەن مێژینەیەکی کۆنە لەنێو کورداندا و یەکێک لەو شتانەیە کە ژنانی کورد بۆ ڕازاندنەوەی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە. کلەی سبحانی زۆرتر لە شایی و ئاهەنگەکاندا بەکار دەهات و سەرنجی دەوروبەرییەکانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا؛ لە هەمان کاتدا سوودێکی تایبەتیشی بۆ چاو هەبوو.

با سەرەتا بزانین کلەی سبحانی چییە و ژنانی کورد چۆن دروستی دەکەن. کلەی سبحانی وەک بەردێکی ڕەش سەیر دەکرێت، بەڵام هەندێک دەڵێن ڕەنگەکەی بۆ خۆی "زیوی"یە و بۆ گەورەکردن و جوانکردنی چاو بەکار دێت. کلەی سبحانی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە کە زیاتر لە شوێنەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و باشووری ئاسیا بەکار دێت. بەڵام هەندێک دەڵێن لە حەج شوێنێکی تایبەت هەیە کە لەوێوە دەیهێنن. هەندێکیش دەڵێن، کاتێک خودا بانگی حەزرەتی محەممەدی کرد تاکوو لەسەر شاخێک بیبینێت، ئەوکات ڕووناکییەک دەداتە ئەو شاخە و ئەو شاخە ڕەش دەبێت و "کلە" لەوێوە دێت. بەڵام مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "برۆنێزی"، واتە نزیکەی ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین. هەروەها یەکێک لەو شارستانییەتانەی کە بە دروستکردن و بەرهەمهێنانی کلە بەناوبانگە، بێگومان سەردەمی فیرعەونەکان یان میسری کۆنە. کاتێک سەیری مێژووی ئەوان دەکەین، پیاوان و بەتایبەتی ژنانی ئەو سەردەمە لە کلە کەڵکیان وەرگرتووە. میسرییەکان نەتەنیا کلەیان بۆ جوانکاری بەکار دەهێنا، بەڵکوو وەک دەرمانیش بەکاریان دەهێنا. هەروەها بۆ پاراستنی چاو لە تیشکی خۆریش کەڵیان لێ وەردەگرت.

بەکارهێنانی کلە لە وڵاتانی وەک "یۆنان، ڕۆما و هیندستان" بەربڵاو بوو. هەروەها لە سەردەمی ئیسلامدا حەزرەتی محەممەد بۆ خۆی چاوەکانی بە کلە دەڕشت. بەپێی کتێبە مێژووییەکان، حەزرەتی محەممەد چاوی ڕاستی سێ جار و چاوی چەپی دوو جار بە کلە دەڕشت. هەروەها ژنانی کورد پێش خەوتن چاوەکانیان دەڕشت، بۆ ئەوەی کاریگەریی کلە لەسەر جوانیی چاوەکانیان زیاتر بێت.

بە شێوەیەکی گشتی، کلە یان بۆنەکان دەکڕدران، یان ئەو کەسانەی دەچوونە حەج بۆ خۆیان دەیانهێنا. بەڵام لەو سەردەمەدا ژنە کوردەکە لە ماڵەوە و بە دەستی خۆیان کلەیان دروست دەکرد. هەروەها بەپێی هەر ناوچەیەک ڕێگا و شێوازی دروستکردنی کلە جیاواز بووە کە بریتین لە:

شێوازی یەکەم

سەرەتا ئەو بەردە ورد دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی بەردە و زۆر ورد نابێت، پێشتری دەیخەنە سەر سێڵێک (ئەو شتەی کە نانی لەسەر دەکەن) یان دەیخەنە نێە مەنجەڵێکەوە. ئەمجار کاسەیەک ڕۆنی زەیتوون، گوێزێک یان دوو گوێز (گوێزەکە دەشکێنن و کاکڵەکەی دەخەنە نێو بەردەکە)، هەندێک گەنم و لە کۆتاییدا هەندێک کونجیش دەخرێتە نێو بەردەکەوە. پاشان بە شتێک دایدەپۆشن و دەیخەنە سەر ئاگرەکە، بەو ئاگرە بۆ ماوەی پێنج یان دە خولەک ڕۆنەکە گەرم دەکرێت و ئاگرەکە دەکوژرێتەوە. کاتێک کە ئاگرەکە دەکوژرێتەوە، چاوەڕێی ساردبوونەوەی دەکەن و ئەمجار ژنانی کورد بە بەردێک دیسان وردی دەکەن، یان ڕۆن، گەنم، کونجی و گوێز لەنێو بەردەکەدا دەسووتێنرێن. ئەمجار ڕەنگەکەی دەگۆڕدرێت و وەک خۆڵ دەبێت. لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی وردتر بێت، بە "شەئار"ی ڕەشیان تێدەپەڕاند (لە ڕابردوودا شەئاری ڕەش هەبوو)، ئەگەر "شەئار" نەبایەت، بە پارچەیەکی تەنکدا تێیاندەپەڕاند و دەیانکردنە نێو کلدانێک (ئەو شتەی کە کلەی تێ دەکەن).

 

شێوازی دووەم

لە سەرەتادا بەر لەوەی ئەو بەردە ورد بکەن، لەگەڵ ناوکی خورما و حەوت دەنکە گەنم دەخرانە نێو نانێکەوە و دەیانخستە نێو ئاگرەوە. دوای ئەوەی نانەکە دەبرژا، دەریاندەهێنا و بە بەردێک وردیان دەکرد، پاشان لەنێو هەندێک ڕۆنی زەیتووندا دەیانسووتاند. ئەمجارەیان بە "شەئار"ەوە تێیاندەپەڕاند. پاشان ئەگەر "میلدان" نەبا، ئەوا دەیانکردە نێو "پیستک".

 

شێوازی تر

"زەردێنەی هێلکە، خوێ، تەنی، ڕۆنی عەرەبی و شەب" لە دروستکردنی کلەدا بەکار دەهێنران. بەڵام هەر کەسێک بەپێی خۆی ئەو شتانە بەکار دەهێنێت. بۆ نموونە هەندێک کەس کە هەستیاری لە چاوەکانیاندا هەیە، زەردێنەی هێلکە ناخەنە نێو کلەکەیانەوە.

سوودەکانی بەکارهێنانی کلەی سبحانی

- بۆ جوانکردن و گەورەکردنی چاوەکان.

- بۆ ئەو کەسانەی بەساڵاچوون و بەدەست ئازاری چاوەوە دەناڵێنن، بەسوودە.

- کاتێک منداڵ لەدایک دەبوو، بۆ ئەوەی چاویان ڕەش و گەورە ببن، چاویان بە کلە دەڕشت.

- کاتێک ناوکی منداڵ دەکەوت، کلەیان تێ دەکرد.

نەریتێک یان باوەڕێک هەبوو کە لە کاتی شین یان پرسەدا کلە بەکار نەدەهێنرا. لە هەمان کاتدا بەپێی ئەزمونەکانیان زانراوە کە دروستکردنی کلە لە هەندێک ماڵ نایەت، واتە کاتێک کلەیان لە ماڵەکەیاندا دروست دەکرد، کارەسات یان بەڵایەکیان بەسەردا دەهات. هەر بۆیە دەچوون لەگەڵ دۆست و دراوسێکانیان کلەی خۆیان دروست دەکرد. شایانی باسە کە لەم سەردەمەدا زۆر بە کەمی ژنانی کورد لە ماڵەوە کلەی سبحانی دروست دەکەن، لە ئێستادا کلە لە بازاڕەکاندا وەک قەڵەم دەفرۆشرێت، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لەنێوان کلەکانی نێو بازاڕ و ئەو کلانەی کە لە ماڵەوە دروست دەکران، هەیە. کلەی بازاڕ وەک بۆیاخ وایە، هەر کە بیشۆیت، یەکسەر لا دەچێت، بەڵام کلەی سبحانی، چونکە ئەسڵ و پاکە، زوو لا ناچێت و کۆمەڵێک سوودی هەیە.

KURDŞOP
365 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!