هێشتا هیوای خاوەنەکان بە درەختی "مرادان"ەوە گرێ دراوە

ئاراس حسۆ

هەر جارێک دۆخ باش بووە و شار دیمەنێکی ناوازەی هەبووە، ئێمە و منداڵانی کۆڵانان دەچووینە "کاشی مشتەنوور" (گردی مشتەنوور)، بەڵام ئەم گردە بۆ ئێمە وەک شاخێک بوو. هەرچەندە لە "دەشتی سرووج" (دەشتی بەرازان) هیچ شاخێکمان نەبوو، بەڵام ئەم گردەمان وەک شاخ دەبینی و بەوە باڵای خۆمان بەرز دەکرد. لە تەنیشت ئەم گردە، دارێک هەیە کە دیمەنێکی جوانی بەو گردە بەخشیوە. بینیمان هەر جارێک چەند ژنێک دەهاتنە ئەو شوێنە و پارچەیەکیان بە چڵی ئەو دارەوە گرێ دەدا و دەڕۆیشتن. لە ڕاستیدا من لە منداڵیدا لەم چیرۆکە تێنەدەگەیشتم. پاشان دایکم پێی گوتم، ئەمە داری مرادانە، بە پارچە هیوای خەڵک بەدی دێنێت؛ تێگەیشتم کە منیش دەبێ پارچەیەکی پێوە گرێ بدەم بۆ ئەوەی خودا زوو گەورەم بکات.

درەختی مرادان دارێکی وەهایە کە وەک میراتێکی دێرین لە یادەوەریی کورداندا ماوەتەوە. لە فۆلکلۆر و فەرهەنگی کورداندا، لە شار و گوندەکاندا زۆر داری مرادان دەبینرێن. ئەم دارەش خۆی داری توویە و لە شاری کۆبانی لەسەر گردی مشتەنوورە.

وڵات و شارەکان بە نەریت و شوێنە مێژوویی و جوانەکانیان ناسراون؛ هەر شوێنێک و جوانییەکانیان، خاوەن تایبەتمەندی و ڕەنگێکی جیاوازن. بە ڕۆژان بەسەر ئەم دارە پیرۆزەدا سەردەکەوتین، تا خۆر ئاوا دەبوو، بە دەوری ئەو دارەدا دەسووڕاینەوە و کاتەکانمان بە یاری و گاڵتەجاڕی بەسەر دەبرد.

بە گوتەی بەساڵاچووانی ئەو شارە، مێژووی ئەم دارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩. بەڵێ ڕاستە، ئەمە درەختێکی تووە، بەڵام توو ناگرێت و دەگوترێت بۆ خۆی بەم شێوەیە گەشەی کردووە. ڕەنگە میوەکەی، پارچەی مرادان بێت. هەروەها ئەم درەختە، بۆ نووسەران و خەڵکی ناوچەکە، جێگەیەکی گرینگە. هەرکەسێک هیوایەکی هەبووبێت، دەچووە لای ئەو دارە و پارچەی خۆی گرێ دەدا تاکوو هیواکانی بێنە دی. ئەو ژنانەی منداڵیان نەبووە، ئەو کچانەی گەورە بوون و نەیانتوانیوە شوو بکەن، ئەو کوڕانەی بەهۆی نەگەیشتن بە خۆشەویستەکەیان سەری خۆیان هەڵگرتووە، هەموویان دەچوونە لای ئەم دارە و بانگیان دەکرد، فاتیحە و قەولێکیان دەخوێندەوە.

شێوەکار: محەممەد شاهین

لە دەوروبەری ئەو گردە، ئەو دارە دیمەنێکی ناوازەی هەیە، نەک هەر بە شاری کۆبانی، بەڵکوو دیمەنێکی جوانی بە هەموو دەشتی سرووج بەخشیوە. بۆیە کاتێک باسی ئەم درەختە بۆ خەڵک دەکەیت، یادەوەرییەکی کۆنیان لێ هەیە. جگە لەوەش لە دەوری ئەم درەختە چەندین گۆرانی، بەسەرهات، چیرۆک و یادگاری دروست بووە. ئەم دارە سەدان خاوەنی لە باوەش گرتووە. ئەم دارە بوو بە جێی ئارامگرتنی نهێنیی سەدان چیرۆک. ئەم درەختە گەورەترین چیرۆکەکانی لە دڵ و ڕۆحیدا هەڵگرتووە، چیرۆکی بەرخۆدانی کۆبانی. ئەم دارە شاهیدی بەرخۆدانی مێژووییی شەڕڤانان بوو، بوو بە "ئارین میرخان" کە خۆی لە بەرامبەر چەتەکاندا تەقاندەوە.

ڕۆژێک گوێم لێ بوو کە دارەکە لەلایەن گرووپێکی نەناسراوەوە بڕدراوە، دڵم لە ڕەگەوە هەڵکنرا. ئەو کەسانەی لە دەوری ئەم دارە ژیاون دەزانن چ یادگارییەک و چ خۆشییەک لەم شوێنە بچووکەی دونیادا هەبووە. بەم ڕووداوە، خەمێکی گەورە لە دڵی خەڵکدا نیشت. کاتێک شتێکی جوان و مێژوویی لەنێو ڕۆحی شاران بار بکەن، ئەوکات شار دەکەوێتە تاریکییەوە. ئێستا تاسەی ئەو دارەم کردووە؛ ئێستا پارچەی مرادمان بە کام درەختەوە گرێ بدەین؟

KURDŞOP
585 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!