یارییەکان لەنێو فەرهەنگی کۆبانییەکاندا

 

ئەڤین تەیفوور

 

زۆرترین بابەت کە لەنێو منداڵان و ئەدەبیاتیاندا باسی لێوە دەکرێت، "یاریی منداڵان"ە. هەرچەندە خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵان یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکان بۆ پەرەپێدانی بیر، شێواز و ئەزموونی ژیانیان لە داهاتوودا، بەڵام یاری یەکێکە لەو چالاکییە یەکەمانەی کە منداڵ ژیانی پێ دەست پێ دەکات و هەتا کۆتاییی منداڵی بەردەوام دەبێت و تەنانەت کاتێک گەورە دەبن، یارییەکە دڵخۆشیان دەکات و هەم ئاستی جەستەیی و هەم ئاستی دەروونییان پەرە پێ دەدات. لە هەموو جیهاندا، یارییەکان منداڵان دڵخۆش دەکات، سەرنجیان ڕادەکێشێت و حەز دەکەن هەموو کاتەکانیان بە یاریکردن بەسەر بەرن.

یاری بریتییە لە چالاکییەک کە مرۆڤەکان و بەتایبەت منداڵان ئەنجامی دەدەن بۆ ئەوەی خۆیان دڵخۆش بکەن. یاری کارێکی ئازادە. مرۆڤەکان بە ئیرادەی خۆیان ئەو کارە دەکەن و کۆتاییی پێ دەهێنن. یاریکردنی منداڵان بە شتەکان یان لەگەڵ کەسەکان، لە بوارەکانی پەرەپێدانی زیرەکی، خەیاڵ و بیرۆکەکانی یارمەتیی دەدات. جگە لە یارییەکانی منداڵان لە کۆڵانان، چەندین یاریی دیکەش هەن کە منداڵان لەگەڵ دایک و باوکیان یان بە تەنیا ئەنجامی دەدەن. بە واتایەکی دیکە دایکان و باوکان بە ئامانجی پەرەپێدانی هۆشیاریی منداڵەکانیان، ئەو یارییانە دەهێنن بۆ منداڵەکانیان. وەک یارییەکانی: "کارتی پەرشوبڵاو، کاپک و یاریی پازێڵ" و هتد. لەسەر ئەمە، "محەممەد مەروان" بەم شێوەیە باس لە گرینگیی یارییەکان بۆ منداڵان دەکات: "یارییەکان، هۆشیاریی کەسایەتی و متمانەبەخۆبوونی منداڵان بەرز دەکاتەوە و دۆخی تەندروستیی جەستەیی و دەروونییان باشتر دەکات، هەروەها کارامەیی نوێیان تێدا دروست دەکات و پەرەی پێ دەدات" (محەممەد مەروان، ٢٠١٨، گرینگیی یارییەکان بۆ منداڵان). یارییەکان دەرفەتێکی وا بە منداڵان دەبەخشن بۆ ئەوەی گەردوون، کۆمەڵگە، ئاژەڵ، مرۆڤ و منداڵانی دەوروبەریان بناسن.

منداڵ هەر لە سەرەتاکانی ژیانییەوە و کاتێک دەتوانێت دەست بە جووڵە بکات، حەزی لە یاریکردنە. لە سەرەتاوە یاری بە جووڵەی ئاسایی و یارییە سادەکان دەکەن کە دایک و باوک بۆیان دەهێنن و هەمیشە دڵخۆشن، ئاستی جەستەیی و دەروونیشیان گەشە دەکات. پاشان دوای ئەوەی منداڵەکە لەسەر پێیەکانی ڕادەوەستێت، هەرچی لە بەردەمیدا دەیبینێت، یارییان پێ دەکات و خۆشی دەوێن. هەروەها حەزی لە یاریکردنە بە هەموو شتێک کە لە ماڵەکەدا دەیبینێت. منداڵ بۆ ماوەیەکی زۆر یاری بە قاپ و کەلوپەلەکانی ماڵەوە دەکات و هەموویان دەناسێت.

کەواتە بەگشتی دەتوانین بڵێین مرۆڤەکان ژیانیان بە یاری دەست پێ دەکات و لە ڕێگەی ئەوانەوە هەموو ئەزموون و بیرکردنەوەکانی ژیانی خۆیان دەناسن. کۆمەڵگەکان بەپێی کەلتوور، ژینگە و دەرفەتی ژیانیان یارییان بۆ خۆیان و منداڵەکانیان داهێناوە و چێژیان لە کاتەکانیان وەرگرتووە. دوای پەرەسەندنی تەکنەلۆجیا، چەندین یاریی جیاواز دروست کران و هەندێکیان بۆ منداڵان و گەورەکان سوودبەخشن و هەندێکیان وەک نەخۆشییەکی جەستەیی وایە و چەندین کاریگەریی خراپ لەسەر بەکارهێنەرانیان دادەنێن. بەڵام لێرەدا زیاتر باس لە یارییە فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەتی ناوچەی "کۆبانی" دەکەین، کە هەر گرووپێکی تەمەنی چەند یارییەکی تایبەتیان بۆ خۆیان داهێناوە و ئەنجامیان داوە و چێژیان لە کات و ژیانی خۆیان وەرگرتووە.

لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا تەکنەلۆجیا ماوەیەک لە دواوە بوو، بەڵام شێوازەکانی ژیان و هۆشیاریی کورد هەمیشە لە پێشەوە بوو و ئەوانیش وەک گەلانی دیکەی جیهان بەپێی دەرفەت و کەش و کەرەستەی دەستیان هەندێک یارییان خوڵقاند. لەم بابەتەدا بە تایبەتی باس لە یارییەکانی کۆمەڵگەی کوردی دەکەین بەپێی کەلتووری "کۆبانی"، ناوەکانیان دەناسێنین و بەپێی تایبەتمەندییەکانیان وەسفیان دەکەین.

لێرەدا ناوی ئەو یارییانە دەخەینەڕوو کە لە کۆبانی ئەنجام دراون و ئێستاش ئەنجام دەدرێن:

هێکلێ

هیڤلۆتک

کێلەقوچ

سەنەم و تەسلیم

تەپێ

هاهـ مەراهـ

چاڤقورشۆنەکێ

هێلەهوت

دامێ

دەلۆ

مەقەل

شختۆک

بلک

بابورتان

گولۆڤەر

مالکۆ

مەتات

کون

وەریس

کولە

سیسیسێ میمیمێ

فولێ

شتی و دز

شنگیرێ

دکلۆن

مامک (مال)

پەل

یەکلۆ دلۆ

ئەم بابەتە درێژەی هەیە...

 

KURDŞOP
656 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!