بووکەبارانێ لە کەلتووری کوردیدا

بووکەبارانێ ناوی ڕێوڕەسمێکی کەلتوورییە لە کەلتوور و نەریت و یادەوەریی کورددا، کە هەموو جارێک لەلایەن منداڵان و گەورەکانەوە بەڕێوە دەچێت.

ئاراس حەسۆ

ئێستاش لەبیرمە کاتێک بچووک بووین و کۆمەڵێک منداڵ بووین، پێکەوە دەمانگوت: "شوول شوول شوولکێ، تاسەک ئاڤێ رەهمانێ، بەردا بنێ لەگانێ، لەگان قول بوو ئاڤ تێ چوو، تاسا هەجێ د بەر رە چوو". هەموو ساڵێک لە وەرزی زستاندا کە ئاسمان تەماوی دەبوو و باران نەدەباری، بەساڵاچووەکانمان هەستیان بە ئازاری ئەژنۆیان دەکرد و دەستیان دەکرد بە گلەیی. ئێمەش بە مەبەستی دڵنەوایی دڵیان و چاندنی هیوا لە دڵی گەورەکانماندا، دەچووینە دەرەوە و ئەم یارییەمان دەکرد.

بووکەبارانێ ناوی ڕێوڕەسمێکی کەلتوورییە لە کەلتوور و نەریت و یادەوەریی کورددا، کە هەموو جارێک لەلایەن منداڵان و گەورەکانەوە بەڕێوە دەچێت. هەر ساڵێک کە باران نەبارێت یان لە ناوچەیەکدا وشەکەساڵی بێت، ئەم ڕێوڕەسمە کەلتوورییە بەڕێوە دەچێت. ئەگەر گەنم و کێڵگەکان لە تینوویەتی بمرن، شینایەتی، گوڵەکان مەلوول و وشک بن، دڵی جووتیارانیش ئازار دەبینێت و هیوایان نامێنێت. چونکە بژێویی خەڵک لەسەر زەوی و کشتوکاڵە، هەتا ئەمڕۆش هەر وەک خۆیەتی. زۆربەی کوردان پەیوەندییان بە کشتوکاڵ و زەوییەوە هەیە و بژێوی و داهاتیان لەم خاک و کشتوکاڵەوە بووە.

لە سەردەمەکانی پێشدا گەورەکان دەچوونە سەر کارەکانیان و منداڵەکان لە ڕێگەی ڕێوڕەسمێکەوە بووکەبارانێیان بۆ خۆیان دروست دەکرد و داوای بارانیان دەکرد، دەگوترێت کە دوعا و ئاواتەکانی منداڵەکان وەردەگیران و دەبوونە هۆی بارانبارین. بەڵام لە ئایینی ئیسلامدا ئەم داوایە بە شێوازێکی تر دەکرێت و ژنان و پیاوان بە جیا دەست دەکەن بە نوێژخوێندن بۆ بارانبارین.

لە ڕووی ناولێنانەوە، بە بووکەبارانێ دەگوترێت "کەسکەسۆر، کەڤانا داود یان قۆزەقەر"، دوای ئەوەی باران دەبارێت، کەسکەسۆری حەوت ڕەنگ (پەلکەزێڕینە) لە ئاسماندا دەردەکەوێت، واتە سوور، پرتەقاڵی، زەرد، سەوز، شین، وەنەوشەیی و شەکری؛ بە عەرەبیش پێی دەگوترێت "قوس قزح". لە ناوچەی جزیری ڕۆژاوای کوردستان خەڵک پێی دەڵێن "زێو".

چۆنیەتیی ڕێوڕەسمی بووکەبارانێ

لە سەرەتادا کۆمەڵێک منداڵ بووکێک لە دار و پارچە دروست دەکەن، بە دارێکی درێژ بەرزی دەکەنەوە و بە کۆڵان و گوندەکاندا دەیگەڕێنن و دەست دەکەن بە دوعاکردن. لە دەرگای ماڵەکان دەدەن، خاوەن ماڵەکە کاسەیەک ئاویان بەسەردا دەکات و خەڵاتیان پێ دەدات وەک دیاری، وەکوو بولخور، برنج، ساوەر، زەیتوون، ڕۆن، پارە و میوە و... دوای کۆتاییهاتنی گەشتی منداڵەکان لەگەڵ بووکەبارانێ، منداڵەکان پێکەوە کۆ دەبنەوە و ئەو شتانەی لە ماڵان کۆیان کردووەتەوە بەشی دەکەن و دەست دەکەنەوە بە دوعاکردن.

هەموومان ئەم جوانییەی کۆڵانە تەسکەکان و ڕاکردن و بانگکردن و هاوارکردنەمان لە بیرمان ماوەتەوە.

سروودی بووکەبارانێ

تایبەتمەندیی هەر ناوچەیەک بۆ سروودەکانی بووکەبارانێ جیاوازە. بۆ نموونە لە دەڤەری کۆبانی دەڵێن:

“شوول شوول شوولکێ

تاسەک ئاڤێ رەهمانێ

بەردا بنێ لەگانێ

لەگان قول بوو ئاڤ تێ چوو

تاسا هەجێ د بەر رە چوو

***

بارانێ ببار ببار

چڤیکا گەمێ تە خوار

سێویکا سەرێ هەڤ خوار"

بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە ئەم ڕێوڕەسمە منداڵانە نەتەنیا لە کاتی وشکەساڵیدا ئەنجام دەدرێن، بەڵکوو وەک نەریتێکی کەلتووری وایە لای کورد و هەموو ساڵێک لە کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاردا بەڕێوە دەچێت. تەنانەت هەر جارێک کە کارەساتێک ڕووبەڕووی گوندێک دەبێتەوە، ئەم ڕێوڕەسمانانە هەر ئەنجام دەدرێن.

لەگەڵ ئەم یارییانەدا وەک بووکەبارانێ و زۆرێکی تر، خەڵک بەرەوڕووی چەندین شتی ناوازە دەبنەوە. چونکە لەم یارییانەدا، پەروەردە، زمان، چیرۆک، یادەوەری، چێژ و ژیانی سروشت کۆ دەکرێنەوە و لە یادەوەریماندا دەمێننەوە.

KURDŞOP
519 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!