مانگەل: یارییەکی کۆنی کوردان

محەممەد عەباس خەڵکی شاری کۆبانییە، ماوەی ٦٠ ساڵە ئەم یارییە دەکات، لە باوکییەوە فێری بووە و باوکیشی لە باوکی خۆیەوە فێری بووە. دەڵێت ئەم یارییە لەنێو ئێمەی کورددا زۆر کۆنە.

نووژین دەمر

دوای ئەوەی خۆر ئاوا دەبێت، بە تەنیا لە شانشینی ماڵەکەم دادەنیشم و سەیری نێو کۆڵانەکەمان دەکەم، ژنانی کۆڵان دێنە دەرەوە و لەبەر دەرگای خۆیان دادەنیشن یان بەردەرکە دەشۆن. ڕووەکی ڕێحانەی بەردەم دەرگاکانیان ئاو دەدەن، بۆنی ڕێحانە و زەوییە تەڕەکە تێکەڵ دەبن. سێ پیرەمێردەکەی گەڕەکەکەمان ماڵەکەیان بەجێ دەهێڵن و وەک هەموو ڕۆژێک دەچنە کۆڕەکەی خۆیانەوە. تەختێک لە دار گوێز و قاپێکی بەرد لەبن باڵیاندایە، دادەنیشن و یاری بەو بەردانە دەکەن، کۆڕەکەیان و یارییەکەیان بەردەوام دەبێت تا خۆر ئاوا دەبێت.

بەڵام ئەمجارە وەک هەموو ڕۆژێک تەنیا لە شانشیندا بە کنجکاوی سەیری ئەوانم نەدەکرد، کنجکاویم وای لێ کردم بچمە خوارەوە و بچمە نێو کۆڕەکەیانەوە و ئەو یارییە بناسم کە زۆر سەرنجڕاکێشە.

یەکێک لەوان محەممەد عەباسە، پیاوێکی تەمەن ٨١ ساڵەیە و هەموو ڕۆژێک لەگەڵ هاوڕێکانی، محەممەد ئەتۆ و نەحسان ئەبرووش، یاری دەکات.

لێم پرسی:

- ئەم یارییە چییە کە ئێوە دەیکەن؟

محەممەد زەردەخەنەیەکی کرد و پێی گوتم:

- کورد بە هیچ شتێک دڵخۆش نەبوو، بە بەرد دڵخۆش بوو، بە خۆڵ و چەند بەرد یارییەکیان دروست کرد بۆ ئەوەی دڵیان دڵخۆش بکات.

قسەکانیانم زۆر بەدڵ بوو و لە تەنیشتیان دانیشتم و ئەوانیش قسەیان دەکرد:

- گەنج بووین، دەچووینە لای مەڕ، شوان بووین، ١٤ چاڵمان بۆ خۆمان دروست دەکرد. بەردمان لە دەوروبەرمان کۆ دەکردەوە و یاریمان پێ دەکرد. ئێمە پێی دەڵێین مانگەل، یارییەکە شوانەکان چێژیان لێ وەرگرتووە و پێی دڵخۆش دەبوون.

محەممەد عەباس خەڵکی شاری کۆبانییە، ماوەی ٦٠ ساڵە ئەم یارییە دەکات، لە باوکییەوە فێری بووە و باوکیشی لە باوکی خۆیەوە فێری بووە. دەڵێت ئەم یارییە لەنێو ئێمەی کورددا زۆر کۆنە. پێشتر هەمووان یارییان پێ دەکرد، گەورە و گەنج و ژنانیش. بەڵام ئێستا تەنیا پیرەکان یاریی پێ دەکەن. محەممەد نایەوێت ئەم یارییە لە خەڵک دوور بخرێتەوە و ئەم یارییە وەک کولتوورێکی دێرینی کورد دەبینێت، بۆیە هەوڵ دەدات نەوە دە ساڵانەکەی فێر بکات و دەیباتە گرووپی یارییەکان و لە ماڵەوە لەگەڵیدا یاری دەکات. دەشڵێت، ئەم یارییە بۆ گەشەی مێشک زۆر باشە، بەتایبەت لەڕووی بیرکارییەوە.

مێژووی مانگەل

مانگەل یارییەکی فۆلکلۆری کۆنە، کە لەنێو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقادا هەبووە و خەڵکی کۆبانی تا ئەمڕۆش ئەم یارییە دەکەن.

بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان، لە ساڵی ١٧٠٠ەوە ئەم یارییە دەکرێت. دوای دۆزینەوەی خەرابرەشک (Gobeklitepe)، یارییەکی زۆر نزیک لە یاریی مانگەل لە دیوارێکی خەرابرەشک دۆزرایەوە، واتە لە ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە بوونی هەیە. پێشبینی دەکرێت تەنیا بۆ یاریکردن نەبووبێت، بەڵکوو بۆ پێوانەکردن و ژماردنیش بەکار هاتووە.

گەلی کورد و بەتایبەت خەڵکی کۆبانی کە تا ئەمڕۆ ئەم یارییە دەکەن، دەڵێن کە ئەمە یارییەکی زۆر کۆنی کوردییە و مێژووەکەی دەگەڕێننەوە بۆ سەدەی ١٨ کە دەروێش ئەڤدی ئەم یارییەی کردووە و ئەوانیش بە دەنگبێژیی خۆیان ئەمە دەردەبڕن. دەنگبێژ کەماڵ خەلووت ئەفسانەی دەروێش ئەڤدی دەگێڕێتەوە و لەم بەشەدا باسی یاریی مانگەل دەکات:

"دلی من لیانە لیانە لیانە وەیلۆ وەیلۆ!

یەکوونێ ئەگیدێ ملان و شەرقان ل ئەردی بەرێ ل هەڤ جڤیانە

ل پەری مالان ژ خوە رە دکنە گلی و گازنجانە

یەکوونێ هەڤالان گۆت تو وێ مانگەلێ وینە وەرە ئەز و وە دارەک و ددیان دەیینن وەکە ئەگید و خوەشمێرانە،

دبێ دەروێش و ئبێد ل ئۆرتێ خوە مانگەل دانینە 

یەکوونێ ئەگیدان خوە دانە دۆرێ وێ مانگەلێ، ل هەر دویان هاتنە سێر و تاماشانە،

یەک و ددیانە ب کەڤرەکی چوو  لۆ ب کەڤرەکی چوو

دەروێش خوە چەکر گۆت ئەز کلێ چاڤێ قیزا پاشێ ملا مە"

شرۆڤە: دەروێش ئەڤدی و ئیبێدی کوڕی مەستۆی فەرهێن، یاری بە مانگەل دەکەن، دەروێش بە بەردێک لە ئیبێدی دەباتەوە، شانازی دەکات و لەبەردەم جەماعەتی عەگیدی میلان و شەرقان دەڵێت: من کلی چاوی کچەکەی پاشا میلانم (ئەدوول).

تەکنیک و ناساندنی یارییەکە

یارییەکە لە ٩٨ بەرد و ١٤ خانوو پێک هاتووە، هەر خانوویەک ٧ بەردی تێدایە و پێویستی بە زیرەکایەتی و شارەزایی لە حیسابات (بیرکاری) هەیە بۆ ئەوەی یاریی پێ بکرێت.

ئەم یارییە لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجام دەدرێت، سندوقەکەی لە تەخت دروست کراوە، دوو پارچە تەختی بەرامبەر یەکترە، هەروەها ١٤ خانوو (کورتک یان چاڵ) و ٩٨ بەردی تێدایە، هەر گۆڕەپانێک حەوت بەردی تێدایە. هەر ٧ خانوو هی یاریزانێکە. سەرەتا یاریزانێک هەموو بەردەکانی خانوویەک لا دەبات و بەسەر خانووەکانی تردا دابەشی دەکات، لە هەندێک خانوودا بەردەکان زیاد دەبن و لە هەندێکی تردا کەم دەبنەوە، بەجۆرێک کە بەردەکانی نێو خانوویەک دەبنە زۆ، یان ٢ یان ٤ یاریزان ئەو بەردانە دەخۆن. یارییەکە بەردەوام دەبێت تا یەکێکیان دەست لە هەموو بەردەکانی بەرامبەرەکەی دەدات و سەردەکەوێت.

خەڵکی کۆبانی زۆر هۆگری ئەم یارییەن، بۆیە هەرچەندە ئەم یارییە لە زۆر شوێنی جیهاندا بڵاو بووەتەوە و بە یارییەکی بەناوبانگی زۆرێک لە گەلان ناسراوە، بەڵام خەڵکی کۆبانی دەڵێن ئەم یارییە لە کوردەوە سەرچاوەی گرتووە و پەرەی سەندووە بۆ زۆر شوێنی تر.

و دوور نییە کە دۆزینەوەکان لە داهاتوودا ئەمە پشتڕاست بکەنەوە.

KURDŞOP
644 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!