جلوبەرگی کوردی


 

- سیپان سۆفیزادە

 

"جلوبەرگی کوردی" ئەو جلوبەرگەیە کە تایبەتە بە نەتەوەی کورد و بەشێکی سەرەکیی کەلتووری کوردییە و نەتەوەی کورد بە جلوبەرگە ڕەسەنەکەیەوە دەناسرێتەوە.

جلی کوردی لە ڕووی شێواز و پۆشینیەوە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تری کوردستان جیاوازە، لە پەیدابوونی کەلتووری جلوبەرگی کوردی تا ئێستا گۆڕانکاری بەسەر شێوەکەی ھاتووە بەڵام مۆرکی نەتەوەییی خۆی پاراستووە و بووەتە شوناسی نەتەوەی کورد.

مێژووی جلوبەرگی کوردی:

مێژووی جلوبەرگی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی کورد و کۆنترین وێنەی جلوبەرگی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی هەخامەنشییەکان.

کڵاوی مادەکان ئێستاش لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەڵکی لێ وەردەگیرێت، زۆربەی جلوبەرگەکانی کوردی ڕەگ و ڕیشەیان لە سەردەمی "ماد"ەوە هەیە.

نووسراو و بەردەنووسەکانی سەدەکانی ڕابردوو وێنەی زۆریەک لە ژنان و پیاوانی ناوچە جیاجیاکانی ناوچەکە بە بەرگی کوردییەوە وێنا دەکەن، زۆرترین وێنەگێڕانەوەکانی کۆنەبەردەکانی سەردەمی "هەخامەنشی"یەکانن، لەم کۆنەبەردانەدا وێنەی سەرباز و فەرماندەرەکانی "ماد" هەیە.

بە تێپەڕبوونی کات جلوبەرگی کوردی گۆڕاوە و بووەتە ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، ئاڵوگۆڕی سەرەکی دوای سەردەمی "قاجار" و عوسمانی، بوو کە جۆراوجۆریی قوماشەکان زیادی کرد و لە قۆناغەکانی دواتریشدا هەر زیادی کردووە، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر جلوبەرگی کوردیدا هاتووە بەڵام تا ئێستا ڕەسەنایەتیی خۆی پاراستووە و خەڵکی بە مێژوویەکی پڕ سەروەری سەیری دەکەن و دەیپۆشن.

جلوبەرگی کوردیی ئافرەتان

یەکێک لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین جلوبەرگەکانی جیهان بریتییە لە جلوبەرگی ئافرەتانەی کوردی، کە لەڕووی جۆراوجۆریی ڕەنگ و شێوە، زیاتر لە سەدان جۆری جیاوازی هەیە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی جلوبەرگی کوردی ئەوەیە کە بەکارهێنانی کاری دەستیی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت و جۆراوجۆریی ڕەنگەکان لە هەڵبژاردنی قوماشەکانیدا بەهایەکی بەرزی پێ بەخشیوە. لە هەلومەرجێکی ئاساییدا شێوە و شێوازی ئەم جلە بەپێی ناوچەی جوگرافی و سەلیقەی ژنان دەگۆڕێت؛ بەڵام لە جەنگەکاندا ژنان وەک پیاوان جلوبەرگ دەپۆشن و جیاوازییان نییە. ئافرەتان زیاتر گرینگی دەدەن بە بەکارهێنانی کەرەستەی جوانکاری بەتایبەت "مێخەک و لیرە و مورووی ڕەنگاوڕەنگ و ژێرچەنە، گۆبەرۆک، دوگمە و دۆڵاب، پشتێنی لیرە، ناوچەوان، ئاشقبەند" و چەندین جۆر خشڵی دیکە. جلوبەرگی ئافرەتان چەند بەشێک لەخۆدەگرێت وەک "کراس، هێلەک، سەڵتە، کەوا، کۆڵوانە، دەسماڵ، کڵاو و سەرپێچ".

 

جلوبەرگی کوردیی پیاوان

جلوبەرگی پیاوی کورد بەگشتی "کەوا و پاتۆڵ"ە کە شێواز و ڕەنگی جۆراجۆری هەیە .

جلوبەرگی پیاوان چەند بەشی هەیە، مەرج نییە هەموویان لە یەک کاتدا بەکاربهێنرێت.

جۆری چالاکیی ڕۆژانە وەک کەشوهەوا، سەلیقەی کەسەکە لەسەر لەبەرکردنی جلوبەرگ، کاریگەرییان هەیە، بۆ نموونە بۆ کاری ڕۆژانە یان کە لە کۆندا پیاوان زیاتر خەریکی کشتوکاڵ بوون تەنیا پانتۆڵیان پۆشیوە بەبێ کەوا.

جلوبەرگی کوردیی پیاوانیش چەند بەشێک لەخۆ دەگرێت وەک "ڕانک و چۆغە، شەرواڵ یان پانتۆڵ، دێخوون، سۆرانی، پەستەک یا فەرەنجی و ...".

هاوکات کەرەستەی جوانکاریشیان هەن، وەک: "پشتوێن، کڵاو مشکی، جامانە یان جەمەدانی، پووشی، پوزەوانە، تەسبیح، شمشێر، خەنجەر".

 

ڕۆژی جلوبەرگی کوردی

زیاتر لە "۱۰" ساڵە بەفەرمی ڕۆژی "۱۰"ی ئازاری هەموو ساڵێک لە هەرێمی کوردستان وەک ڕۆژی جلی کوردی دیاری کراوە و بە ڕۆژی جلی نیشتمانییش ناسراوە.

لەبەر ئەوەی پۆشینی جلی کوردییش بۆ ناساندنی کەلتوور و ڕەسەنایەتیی کورد گرینگە، لە سەرتاسەری جیهان ئەوەی کورد بێت و بیهەوێت دەتوانێ بە شێوازی جیاواز لە ڕەنگ، جۆر، مۆدێل و هەتا کەلتووری شێوە دوورین و لەبەرکردنی خۆیان ئەم جلە بپۆشێت و ساڵانە لە ناوەندەکانی خوێندن فەرمانگەکان و کەرتی تایبەت ئەو یادە دەکرێتەوە و هەتا ئێستاش مۆرکی نەتەوەییی پاراستووە و توانیویەتی تا ئەمڕۆ لەنێو کوردان بە زیندوویی بمێنێتەوە.

KURDŞOP
664 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!