پێڵاودز

ڕەسووڵ بافەیی

بۆ هەر مرۆڤێک شتێکی بەنرخ هەیە. بۆ هەندێک پارە، بۆ هەندێک ئۆتۆمبێل، بۆ هەندێک خانوو، بۆ هەندێک خێزان، بۆ هەندێک هاوڕێ و بۆ هەندێک یار. هەرچییەک بێتە مێشکت. بۆ من پێڵاو بەنرخە. هەڵەتان نەبیستووە. پێڵاو، سۆل، شەکال. بەڵام ئەوەندەی لەبیرمە، تا ئێستا پێڵاوێک کە بەدڵم بووبێت، نەمبینیوە. هەرگیز ئەو شتە نادۆزمەوە کە دەمەوێت. تەنانەت کاتێک دەیبینم، خێری لێ نابینم. بەڵایەک بەسەرمدا دێت.

جاران خەڵک هەژار بوون، پێڵاو زۆر دەگمەن و گران بوو. هەرچیت دیبا، هەرچی دەستت کەوتبا، لە پێت دەکرد. هەروەها دایک و باوکت چییان پێ دەدایت، گەورە بێت یان بچووک، فەرقی نەدەکرد. گەورە بووایەت، دەیانگوت: "خەمت نەبێت کوڕەکەم، ساڵێکی تریش بەکەڵکت دێت." ئەگەر بچووکیش بووایەت دەیانگوت: "تەحەمول بکە تا نوێیەکت بۆ دەکڕین." ئێمە مافی گلەییمان نەبوو، بەڵام پرسیارەکە لە سەرمدا ئەوە بوو کە "کەی؟"، هەتا وردەواڵەفرۆش دەهاتە گوندەکە یان هەتا کاتێک بەرخەکان دەفرۆشران، یان ... کەی! کەی؟ نه‌مده‌زانی. کەس نەیدەزانی.

ئێمە شانسی ئەوەمان نەبوو بچینە شار بۆ ئەوەی یەکێکیان بکڕین. ساڵانە دوو جار دەچووینە شار. جارێک لە پاییزدا، جارێک لە بەهاردا. ئەگینا ڕێگای دەرچوون لە گوندەکەمان نەبوو. بێ گلەیی، چاوەڕێی پێڵاو بووین.

پێڵاوێکی ڕەشم هەبوو. لاستیک بوو. پێشتر دەمانگوت "ئەرمەنی". پێڵاوێکی زۆر باش بوو. ئەوەندە قاییم بوو، تەنانەت بە چەقۆش نەتدەتوانی بیبڕیت. بۆ ئەوەی بیبڕیت، دەبێ خەنجەرێکت لە میری بۆتانەوە هەبێت. خەنجەری ساڵح بەگی. پێڵاوێکی ڕاحەت نەبوو، بەڵام دەمانتوانی لە پێی بکەین. هەموو کارەکانی گوندەکەمان پێ ئەنجام دەدا. بەڵام کێشەیەکی گەورەی هەبوو. خێرا بۆنی دەکرد. بۆنێکی ناخۆش. بۆنێکی پیس. بەهۆی بۆنەکەیەوە تومۆر لە سەری خەڵکدا دروست دەبوو. لە گوند (بافێ) پێت لەو پیڵاوە دەردەهێنا، لە شار خەڵک دەیانگوت ئەم بۆنە چییە؟ کاتێک بەلای گۆڕستانەکەدا تێدەپەڕیت، وەک شەفیق تەمبورڤان گوتی "مردووەکان لە گۆڕەکانیان هەڵدەستان." کە هەڵیشدەستان جنێویان پێ دەداین. بەڵام لەبیرمان نەچێت، پێشتر ئەم پێڵاوە لە پێی ئەواندا بووە.

پاشان هێواش هێواش وەک گەورەکانمان پێیان دەگوتین: "دۆخی جیهان باش بوو." مۆدێلی نوێ هاتنە دەوروبەرمانەوە. کەمێک پارە چووە گیرفانی دایک و باوکمانەوە. ئێستا دەمانتوانی پێڵاوێک بە دڵی خۆمان بکڕین. بۆ ئێمە (بەتایبەت بۆ من) چوون بۆ شار و کڕینی پێڵاوێکی نوێ، گەورەترین ئاوات بوو. منیش وەک دونیانەدیتووەکان پێڵاوێکی نووک درێژم کڕی. کەس شتی وای لەم وڵاتەدا نەبینیبوو. کاتێک پێم دەخستە سەر زەوی، دەنگی بەرز دەبووەوە. بەهۆی تەقەتەقەکەیەوە، خەڵک سەیری دەوروبەریان دەکرد و دەیانگوت: "ئەوە کێیە دێت؟" مامۆستایەکم هەبوو دەیگوت: "ناڵە نوێیەکانت خێریان پێوە بێت." ناڵەکانم وەبەرچاو کەوتن و دە ڕۆژ بەرگەیان نەگەرتم.

دوای ئەوە زۆر پێڵاو دروست کران. هەموویان لە یەکتر جوانتر و باشتر بوون. بەڵام یەکێک هەبوو کە هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە. یەکێکیان سپی بوو. دوو هێڵی ڕەشی لەسەر بوو. من ناوم لێ نا خۆڵەمێشی. دەتگوت ژنێکی جوان، ڕووخساری وەک مانگ، بەژن ڕێک، قژی وەک مەرجان، ئەم پێڵاوانەی بە هەست و ئەوینی خۆی دووریوە. کە چاوەکانم کردنەوە، وەک "ئارشیمەت" هاوارم کرد، گوتم: " Eureka، Eureka" و چوومە نێو دووکانەکەوە. خاوەن دووکانەکە گوتی: "ئەوە شێت بوویی؟ چی دەڵێیت؟" گوتم: "بینیم، بینیم"، ئەو پێڵاوەم دۆزییەوە کە بەدوایدا دەگەڕام. ئەوە پێڵاوەکە بوو، بەڵام پارەکەی من، پارەی ئەو پێڵاوە نەبوو. زۆر گران بوو و من خوێندکار بووم. بەڵام بە قیست لێم کرێ.

نەمدەهێنایە دەرەوە. یەکەم شەو لەلامدا خەوت. شوێنی ئەو هەمیشە لەسەر سەرم بوو. کە دەچوومە میوانی، لە دەرێم دانەدەنا. جێی ئەو بەردەرکە نەبوو. شایەنی ئەوە بوو لەگەڵمدا بێت و لەگەڵمدا بمێنێتەوە. چونکە سپی بوو، زوو پیسیی لێ دەنیشت. ڕۆژێک، دیسان کەوتمە نێو خاک و خۆڵەوە، عەقڵم لەلا نەما و دڵتەنگ بووم. گوتم ئەمڕۆ لەبەر دەرگاکە دەبێت، هێشتا دەرگاکەم دانەخست، دزییان. بەدوایدا هاوارم کرد. بەدوایدا گەڕام: "پێڵاوەکەمت نەبینیوە؟ کێ پێڵاوەکەی منی دزی؟" بە دوای خەڵکدا دەڕۆیشتم، سەیری پێیانم دەکرد بزانم هی منە یان نا. هێشتا قیستەکەم نەدابووەوە کە لێیان دزیم.

ئەمڕۆ لە نوێژی هەینی گەڕامەوە. دیسان پێڵاوەکانمیان دزی. بەڵام من گرینگی بەم پێڵاوانە نادەم. من هێشتا چاوەڕێی پیڵاوە خۆڵەمێشییەکەمم...

KURDŞOP
615 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!