گرووپی شینگێڕ

لە شارەکەمان گرووپێکی شینگێڕ هەیە. مەلای ئەوان، مەلای کڵاوسوورە. بەناوبانگترین گرووپە لە هەزەخ. زۆربەیان خەڵکی  گوندی ئێمەن. پێکەوە دەڕۆن، پێکەوە گەشت دەکەن، پێکەوە دەخۆن و دەخۆنەوە.

 

ڕەسووڵ بافەیی

ئێوەش دەزانن تازییە، شوێنی شینگێڕی و گریانە. لەلایەک دەنگی هاوار، لەلایەکی ترەوە خەم و بێدەنگی، لەلایەک ئازار، لەلایەکی ترەوە خەم و پەژارە. هەندێک جار زەردەخەنەیەکی سارد هەیە. بەڵام ئەو زەردەخەنەیە لە یەک کاتدا جێگەی خۆی بە گریان دەدات.

لێرەدا دەمەوێت باسی تازییەی ئێمەی کورد بکەم. لە هەر کوێیەک کاتێک مرۆڤ دەمرێت، خزم، دۆست، دراوسێ، گوندنشین و ڕەنجدەر و هەندێکجار تەنانەت نەیاریش ڕیز بە ڕیز دەڕۆن بۆ سەرەخۆشی. گەنجان باری گران دەخەنە سەر شانی خۆیان. جا کیلۆیەک شەکر بێت، تەنەکەیەک ڕۆن بێت، تەلیسێک برنج بێت، چەند کیلۆیەک چای بێت، هەرچییەک بێت، کەس بە دەستی بەتاڵ ناڕوات. ئەمە بووەتە کولتوور.

لە شارەکەمان گرووپێکی شینگێڕ هەیە. مەلای ئەوان، مەلای کڵاوسوورە. بەناوبانگترین گرووپە لە هەزەخ. زۆربەیان خەڵکی  گوندی ئێمەن. پێکەوە دەڕۆن، پێکەوە گەشت دەکەن، پێکەوە دەخۆن و دەخۆنەوە. منیش دەمەوێت بچمە نێو گرووپەکەیانەوە، بەڵام قەبووڵم ناکەن. خەڵک دەڵێن ئەگەر ناسیاو یان هاوڕێیەکت نەبێت، ناتوانیت بچیتە نێویانەوە. یان دەبێ شتێک یان پارە بە یەکێکیان بدەم تاکوو قەبووڵم دەکەن.

من هەژارم، پارەم نییە، بەڵام مامم لە گرووپەکەدایە. بە کۆتێکی حەفتا بەڵا (قسەیەکمان هەیە، سوبحانەڵڵا کورد چەندە دەوڵەمەندە) منیان قەبووڵ کرد، سپاس بۆ خوا منیش پەیوەندیم بەم گرووپە بەناوبانگەوە کرد. لە ڕاستیدا ئەوان نایانەوێت گەنجان بچنە نێویانەوە. دەڵێن ڕۆژێک دەستمان لێ هەڵدەگرن و بەجێمان دەهێڵن. بەڵام مامم بەڵێنیی دا کە من دەمێنمەوە. گوتی: من گەرەنتیی برازاکەم دەکەم. گەورەترینمان تەمەنی هەشتا ساڵە. بچووکترینی گرووپەکە و سەگی گرووپەکە "ڕەسوولۆ"یە. هەر جارێک دەچینە تازییەکان شەکر لە دەستی مندایە.

سەردەمانێک خەڵک بۆ ناردنی نامە بۆ یەکتر، ئەسپ و ئاژەڵی تری بەکار دەهێنا. پاشان لەبری ئەسپ، تەلەفۆنیان بۆ ماڵەوە بردەوە. پاشان ئەم مۆبایلانە دەرکەوتن. ئێستا گرووپی واتسئاپیش هەیە. لە هەر شوێنێک کەسێک بمرێت، لەو ساتەدا وێنەکەی دەخەنە سەر پرۆفایلی گرووپەکە و کەسێک دەڵێت "کوڕ/ کچی فڵان، کۆچی دواییی کردووە، پێویستە هەمووان سبەی کاتژمێر ٩ لەلای قاوەخانەی برایم فەقێ حەمەد، ئامادە بن. هەمووان لە گرووپەکەدا دەڵێن: "خوا لێی خۆش بێت." زۆرێکیان تەنانەت نازانن بنووسن، دەنگ دەنێرن. خاڵە ئەمین هەیە، هەر جار کە دەنگ دەنێرین، یەک بە یەک وڵامی هەموومان دەداتەوە. زۆر جار لە گرووپەکەدا دەنگێکم بۆ دەنێرێت: "ڕەسووڵ گیان، تۆ لە هەمووان منداڵتری، لەبری خاڵی خۆت، بڕۆ پارەی گەنمەشامییەکە بدە، بڕۆ پارەی ئاوەکە بدە، بڕۆ بۆ فڵان شوێن." ئاخ، خاڵە ئەمین، ئاخ. قوربانی تۆ.

دەڵێن کاتژمێر نۆ، بەڵام مامم کاتژمێر هەشت تەلەفۆنم بۆ دەکات: "ڕەسووڵ، ئێمە چووین، تۆ لە کوێی؟" کاتژمێرێک ماوە! (هەڵبەت لەبەر خۆمەوە دەیڵێم.) هەموو جارێک وام لێ دەکات.

- مامە ئەوە هاتم.

- پەلە بکە، وەدرەنگ کەوتین.

کاتێک مامی من لە شوێنێک بێت، ناخەوێت، ناهێڵێت ئێمەش بخەوین. دەڵێت تا ئێستا کەس چاوەڕێی منی نەکردووە و من ناهێڵم لە ڕێگەشم ڕاوەستن. کاتێک کۆ دەبینەوە خاڵە ئەحمەد یەک بە یەک سڵاومان لێ دەکات، بەڵام سەیر دەکات بزانێت کێ کەمە. "هەی عەلی، دووجار دواکەوتوویت، جاری سێیەم لە گرووپ دەرت دەکەین، ئاگادار بە." حەقی گرووپەکەمان سێ جارە.

کاتێک دەڕۆین، بە دڵتەنگییەوە دەڕۆین، بەڵام کە دەگەڕێینەوە کەمێک لەگەڵ یەکتردا گاڵتە دەکەین. لە ڕاستیدا، ئەوان یەک دەگرنەوە، من سەیریان دەکەم. ئەو حەفتا و هەشتا ساڵانە دەمی بێ ددانیان دەکەنەوە و بە یەکتر پێدەکەنن و لە یەکتر دەدەن. دەڵێت: "نۆرەی تۆیە"، ئەوی تریش دەڵێت "نا، ئازیزم، خاڵە ئەمین لە هەموومان گەورەترە، نۆرەی ئەوە." هەندێک جار باسی حەج دەکەن. حاجی ئیبراهیم دەڵێت: "شەش جار چوومەتە حەج، خوای گەورە جارێکی تر بۆم ڕێ بخاتەوە و بۆ ئەوانەش ڕێ بخات کە نەچوون."

ئێستا هەموومان دەچینەوە تازییە. ئەمجار وێنەی خاڵە ئەمین لە پڕۆفایلی گرووپەکەمان دانراوە.

 

 

 

KURDŞOP
1115 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!