پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری - بەشی7

لەیلا نوورانی

 

لوولە/ لوولکە/لوولک

دارێکی باریکی 10 تا 15 سانتی‌یە کە نێوەکەی کون کراوە و بەنی لەسەر هەڵدەکرێ. لوولە دەخرێتە ناو مەکووک و "پۆ"ی پێ تێهەڵکێش دەکرێ.

(بڕ :وێنەی 54 و 55)

مۆلەقە

دارێکە لەسەر کارخانەی جۆڵایی دابەستراوە، ئەو ڕایەڵانەی بەسەر پردەڵە‌دا دەبوورن، بە دەستە دەکەونە ژێر مۆلەقە و لەوێوە هەڵدەکشێن بۆ بەری میچ.

(بڕ : وێنەی 56)

مەکووک

ئامرازێکی لووسی بادامییە، نێوەکەی هەڵکەندراوە، لوولەی وەسەر دەخرێ و پۆی پێ تێهەڵکێش دەکرێ.

(بڕ :وێنەی 57)

تەنیشتی مەکووک کونە و بەنی لوولەکەی پێدا دێتە دەر.

(بڕ: وێنەی 58)

 لوولە بە باری درێژایی لە ناو مەکووکدا جێگیر دەبێ،

(بڕ: وێنەی 59)

 

سەرێکی شیش دەکەوێتە ناو کونێکەوە کە لە دڵی مەکووکدایە و سەرەکەی تر دەکەوێتە ناو قەڵشەکە بە پەڕی باڵندە مەهار دەکرێ. لە کری ساکاردا، وەک پۆپەشمین و بووزوو، بە یەک مەکووک کار دەکرێ. بەڵام لە کری نەخش‌داری وەک بەرماڵ، دوو مەکووکیش دەکار دەکرێ. چەندێتیی مەکووکەکان پێوەندی بە ڕەنگەوە نییە،  بەڵکوو پێوەندیی هەیە بە نەخشی سەر کرەکە.

 

پەندی پێشینان

ئەمن ئەتۆم نەکرد بە جۆڵا هەتا مەکووکم لێ بدزی.

 

نەردە

دارێکە بەرانبەری جۆڵا و کەوتووەتە ژووری مۆلەقە، لە بەری میچ قایم کراوە و کلکی ڕایەڵی ڕاگرتووە.

(بڕ : وێنەی 60)

سەری ڕایەڵ لە بەردەم جۆڵادایە و وردەوردە دەتەنرێ. ئەگەر لە سەری ڕایەڵەوە هەنگاو بە هەنگاو وەدوای بەنەکە بکەوین، بەم جۆرەیە:

 ۱. جاوپێچکە، کە تەنراوی لێهاڵاوە.

۲. شە.

۳. هەر چوار گورد.

٤. پردەڵە، کە ڕایەڵ وەسەری کەوتووە.

٥. مۆلەقە، کە ڕایەڵ بە ژێریدا دەڕوا.

٦. نەردە، کە ڕایەڵ هەڵدەکشێ بۆ بەری میچ و بە دەوریدا لێدەهاڵێتەوە.

۷. تەپانە، لە مەودای بەینی نەردە و تەپانەدا سەری ڕایەڵ وێک دێتەوە و بە هێچک لە گوریس گرێ دەدرێ.

(بڕ: وێنەیA_ 60)

 

سەری ئەو گوریسە دوای ئەوەی بە دەوری تەپانەدا لێهاڵایەوە، شۆڕ دەبێتەوە بەردەستی جۆڵا و لە کاریتەی کارخانە توند دەکرێ.

 

نێوچۆلەکە/وڵاڵە

پارچە دارێکی خڕە، نێوەڕاستەکەی کون کراوە و بە تەوەرەیەکەوە خراوەتە نێو چۆلەکە (بڕ: وێنەی A-61)

دەوراندەوری وڵاڵە هەندێک قووڵ کراوە تا ئەو ژێیەی بە سەریدا شۆڕبووتەوە و گوردەکانی ڕاگرتووە، هەتا نەخزێ.

(بڕ :وێنەی A-62)

وڵاڵە لە کاتی هەڵکشان و داکشانی گوردەکاندا دەسووڕێ.

 

هێچک

لوولاکی باڵندە، زیاتر هی قەلەموونە، کە دەخرێتە مابەینی گوریس و جەمسەری دواییی ڕایەڵەوە. کاری هێچک ئەوەیە ڕایەڵ لە گوریس قایم دەکا و تا دواییی کارەکە شل‌بوونەوەی بۆ نییە، هەروەها بەستن و کردنەوەشی هاسانە.

(بڕ: وێنەی 63)

KURDŞOP
568 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!