نەریتە دزێوەکانی زەماوەند لە کوردەواری

 

ژن‌بەژنە

 لە نێوان دوو بنەماڵە وا ڕێک دەکەوتن کە بەشەرتێک کچتان دەدەینێ کە ئەنگۆش کچی خۆتان لە کوڕی ئیمە مارە کەن. ئیدی لەوەیان نەدەپرسی داخودا کچە‌کان ڕازین یا نا. زێڕ و لیباسیان وەک یەکتر بۆ هەڵدەگیرا و لە ڕۆژێک‌دا وێکڕا دەگوێزرانەوە. شوێنێکیان دیاری دەکرد و لەوێ بووکەکانیان پێک دەگۆرینەوە.

باربەها

بە ئەو کچانە  دەڵێن کە ژن‌بەژنەیان پێ‌کراوە.

" ئامین باربەهای خەزاڵە"

کچ بە ژن دان

جار هەبووە باب کچەکەی بۆ خۆی بەژن داوە، یا کچی ماڵێ خوشکی بۆ خۆی بە ژن داوە. یا ئەو ماڵەی کچیان لێ هەڵگیراوە داوای ژنیان دەکرد  دەنا مەسڵەت نەدەکرا.

نەریتێکی دزێو و ناشیرن بووە و ئەگەر یەک لە لایەنەکان پێکەوە نەحاوابانەوە ژیانی  ئەوانی دیکەش لێک هەڵدەوەشا.

ژن هەڵگرتن

کوڕێک کە لەگەڵ کچی دڵخوازی خۆی ساغ دەبنەوە بە بێ ئیزنی بنەماڵە پێکەوە زەماوەند بکەن.

ڕەدوو کەوتن

کاتێک کچێک بە بێ ئیزنی ماڵە‌بابی، بە نییەتی زەماوەند ڕەگەڵ کوڕی دڵخوازی خۆی دەکەوێ. زۆر جاران مەسڵەت نەدەکرا و کێشەی گەورە لە نێوان دوو تایفە یا بنەماڵە ساز دەبوو و جار هەبوو خوێن دەڕژا. بەتایبەت ئەگەر ژن ڕەدوو کەوتبا دەبایە خوێن(دیە)یان دابا بە مێردەکەی و ئەویش بۆ سووککردنی ژنە لەسەر تمەنێک یان تەپاڵەیەک تەڵاقی دەدا و جاریش هەبووە ژنەیان دەکوشت.

گێڕانەوەی زارەکی:

#دەگێڕنەوە کە ژنێکی زۆر جوان ڕەدووی ئاغایەک  دەکەوێ مێردەکەی لەسەر سەوەتەیەک پەین تەڵاقی دەدا و ئاغاکەش لە حەیفی کابرا و خۆشەویستی ژنە سەربەسەر بە زێڕ هەڵیدەکێشێ.

# لە نێو عاشیرەتەکانی قەدیم ڕەدوو کەوتن وەک ئێستا عەیب و عار نەبووە، ژنان و کچان  ئاوا نێونیتکەیان لە یەکتر هەڵدەدا: ئەگەر زۆر جوانی‌چاک بای یەک بۆ خۆی دەڕفاندی/ جارێک ڕەدوو دەکەوتی.

بەرخوێن

کاتێک دوو عاشیرەت یا تایفە کێشەیان هەبا و پیاویان لێک کووشتبا یا کچ و ژنیان لە یەکتر هەڵگرتبا، بۆ کووژاندنەوەی ئاگری دوژمنایەتی کچێکی ماڵی تاوانباریان لە کوڕی ئەو بنەماڵەیە مارە دەکرد، ژیانێکی زۆر دژواری دەبوو و وەک دوژمن هەڵسوکەوتی دەگەڵ دەکرا و پاشی کۆشێک منداڵیش هەر وەخۆیان نەدەگرت. بەساڵ ئیزنی چوونەوە ماڵی بابی نەدەبوو.

گەورەبچووک

نەریتێک بووە کە ئەو ماڵەی دەچنە خوازبێنی شەرت و مەرجێک لە گەڵ ماڵی بووک دەکەن کە ماڵی کوڕە کە کچی چکۆڵەیان هەبووە (تەنانەت لە سەرپشتی لانک)، ئەگەر گەیشتە تەمەنی سێزدە و چاردە بیدەن بە کوڕی ئەوان. ئەڵبەت هەر قسەی لێ دەکرا و زۆر جاران سەری نەدەگرت و کچە ملی نەدەدا. زۆرجارانیش کە  گەورە دەبوو مارەیان دەکرد.

بن‌پشک

ئەو کچەی لە تەمەنی منداڵییەوە لە لایەن باب و براوە بڕیاری لەسەر دراوە کە بۆیان بە ژن بچێ.

کچ/ ژن ڕفاندن

ئەگەر دوو تایفە یا عاشیرەت کێشەیان هەبا بۆ بێ‌ڕێزی کردن کچ یا ژنی یەکتریان دەڕفاند. لە بەیتی "لاس‌ و خەزاڵ "دا، شێخی‌عارەبان ئامۆزای لاس لە پاشکۆی خۆی سوار دەکا و دەیڕفێنێ.

KURDŞOP
599 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!